ڕاپۆرتی عیراق

02:56 - 22/12/2020

عێراق دەبێتە وڵاتی فەرمانبەری بندیوار و بێ‌ بەرهەم‌

پەیسەر

عێراق هەڵاوسانی لە ژمارەی فەرمانبەرانی كەرتی گشتیدا هەیە و بەپێی راپۆرتێكی نێودەوڵەتی فەرمانبەرانی حكومەتی عێراق لە رۆژێكدا كەمتر لە 16 خولەك كاریان هەیە، ئەوە جگە لە زۆری ژمارەی فەرمانبەران و كارمەندانی كەرتی گشتی بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان.

هەڵاوسانی فەرمانبەر
ئەگەرچی ئێستا عێراق بە قەیرانێكی قوڵی دارایدا تێدەپەڕێت، قەیران بە ئەندازەیەك كە مووچەی فەرمانبەرەكانی بە قەرزكردن دابین دەكات، بەڵام داتا رەسمییەكان ئاماژەی سەیر دەدەن لەبارەی بەرزكردنەوەی رێژەی فەرمانبەر و مووچەخۆر لە كەرتی گشتیدا.
بەپێی هەندێك داتای وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی فەرمانبەران لەماوەی 15 ساڵی رابردوودا بە رێژەیەكی چەند هێندەیی بەرزكراوەتەوە بەجۆرێك لە پرۆسەی ئازادی عێراقدا لە ساڵی 2003 حكومەتی عێراق تەنها 750 هەزار فەرمانبەری هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ 4 ملیۆن فەرمانبەر بەرزكراوەتەوە، لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانی عێراق تەنها 40 ملیۆن كەسە و بەوپێیەش 10%ی دانیشتوانی عێراق فەرمانبەری دەوڵەتن.

فەرمانبەری بێكار
بەرزی ژمارەی فەرمانبەران كارێكی وای كردووە كە لە عێراق ژمارەیەكی زۆر فەرمانبەر بێكار بن، بەپێی راپۆرتێكی بانكی نێودەوڵەتی ئەنجامی كارەكانی حكومەت و ژمارەی فەرمانبەرەكان دەریدەخەن، لە رۆژێكدا فەرمانبەرێكی حكومەتی عێراق تەنها 16 خولەك كار و بەرهەمی هەیە.

وڵاتی بندیوار
خالید بەتاڵ، وەزیری پلاندانانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا دان بە بوونی بندیوارێكی بێشوماردا دەنێت لە وەزارەتەكانی حكومەتی عێراقدا و دەڵێت: سەرژمێریی بایۆمەتری بۆ فەرمانبەران ئەنجام دەدەن، چونكە بە دیاریكراویی نازانرێت ژمارەی ڕاستەقینەی فەرمانبەران چەندە، لەكاتێكدا لە هەندێك وەزارەتدا فەرمانبەری وەهمی هەیە.

بڕوانامە بۆ مووچە
وەزارەتی پلاندانانی عێراق تێبینی دیاردەیەكی دیكەیان كردووە لە عێراق، ئەویش هەوڵی فەرمانبەرانە بۆ خوێندن تەنها بە ئامانجی بەرزبوونەوەی مووچەكانیان.
وەزیری پلاندانان دەڵێت: پێویستە كە مووچەی فەرمانبەران لەسەر بنەمای تواناو لێهاتوویی بێت نەك بڕوانامە، چونكە فەرمانبەرانی عێراق لە هەوڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەدان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی مووچەكانیان.
نیگەرانیی خۆیشی دەربڕی لەوەی فەرمانبەران بەپێی یاسا بەم كارە هەڵدەستن، كە ئەنجامەكەی ئەوەیە ڕۆتین و تەممەڵی و نەشارەزایی لە فەرمانگەو پلە ئیدارییەكاندا دروستبووە.

هەرێمی كوردستانیش گیرۆدەیە 
ئەگەرچی عێراق بەشێوەیەكی گشتی گیرۆدەی فەرمانبەری بندیوار و زۆری ژمارەی فەرمانبەر و مووچەخۆرەكانێتی، هاوكات یەكێك لەو رەخنانەی لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەگیرێت، بەمووچەخۆركردنی كۆمەڵگایە، یاخود بە واتایەكی دیكە دامەزراندنی بێبەرنامەی كارمەند و مووچەخۆرە لە كەرتی گشتیدا لەساڵانی رابردوودا بە مەبەستی ململانێی حزبی و كۆكردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەكاندا كە سەرەنجام بە هەڵاوسان لە ژمارەی مووچەخۆری حكومەت لە هەرێمەكە كۆتایی هاتووە.
بەپێی تۆمارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆی گشتی ژمارەی مووچەخۆران 1.255.323 (یەك ملیۆن و دووسەد و پەنجاو پێنج هەزار و 323) مووچەخۆرن.

لەو ژمارەیە
كارمەندی مەدەنی = 430.231 (چوارسەد و سی هەزار و دووسەد و سی و یەك) مووچەخۆر
سەربازی = 217.979 (دووسەد و حەفدە هەزار و نۆسەد و حەفتا و نۆ) مووچەخۆر
پۆلیس و ئاسایش = 104.699 (سەد و چوار هەزار و شەشسەد و نەوەت و نۆ) مووچەخۆر
خانەنشین = 246.269 (دووسەد و چل و شەش هەزار و دووسەد و شەست و نۆ) مووچەخۆر
دەستەبەری كۆمەڵایەتی = 159.158 (سەد و پەنجا و نۆ هەزار و سەد و پەنجا و هەشت) مووچەخۆر
شەهیدان = 96.937 (نەوت و شەش هەزار و نۆسەد و سی و حەوت) مووچەخۆر.