12:56 - 21/12/2020
چی لە پشتی مووشەكەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە خۆی حەشارداوە؟
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد و ناوچەی سەوز كەوتنە بەر هێرشی موشەكی، هێرشێك كە لەم كاتەدا هێندەی لێكدانەوەی سیاسی هەڵدەگرێت، كەمتر لە بۆشاییەكی ئەمنی یان هێرشێكی تیرۆریستی دەچێت، هەر لە سەرەتاوە ئەمریكا پەنجەی تۆمەتی بۆ ئێران درێژكردووە و تا ئێستاش نازانرێت هەریەكێك لەو مووشەكانە چەند ئامانجی سیاسی لە پشتی دوكەڵەكەیدا حەشارداوە.
چی روویدا؟
شەوی رابردوو، هێرشێكی موشەكی كرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، بەشێك لە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە 8 مووشەك ئاراستەی باڵیۆزخانەكە و بەشێكیشان دەڵێن 11 مووشەك ئاراستە كراون، بەڵام هیچ یەكێك لە موشەكەكان نەگەیشتنە ئامانجە دەستنیشانكراوەكەیان كە باڵیۆزخانەی ئەمریكا بوو، چونكە سیستمی بەرگری موشەكی باڵیۆزخانەكە دەستبەجیێ مووشەكەكانی پێكا و بەهۆی كەوتنەخوارەوەشیان لە گەڕەكی كۆماری ناوچەی سەوز زیانێكی مادی زۆر بەر چەند باڵەخانەیەك و چەند ئۆتومبیلێك كەوتن بەبێ ئەوەی زیانی گیشانییان لێبكەوێتەوە.
پەنجەی تۆمەت رووی لە ئێرانە
لەیەكەم كاردانەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران، تۆمەتباردەكات بەهێرشكردنە سەر باڵیۆَزخانەی وڵاتەكەی لە بەغداد، دەشڵێت، حكومەتی عێراق بەرپرسیارە و دەبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكات.
مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، دەڵێت، میلیشیا عێراقییەكانی سەر بە ئێران بەرپرسن لە هێرشەكەی شەوی رابردوو بۆ سەر باڵیۆَزخانەی ئەمریكا لە بەغداد.
لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا، پۆمپیۆ، هێرشكارانی بە ”تاوانبار و گەندەڵ“ ناوبردووە و داوای لێكردوون واز لەو كارانە بێنن، كە دەبنە هۆی تێكدانی سەقامگیری.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوا لە عێراقییەكان دەكات، پاڵپشتی هەوڵەكانی حكومەت بكەن بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بەدەستبێنێتەوە، بەپێویستیشی دەزانێت، ئەوانەی بەرپرسن لەو هێرشانەدا بیانداتە دادگا و دڵنیایش بدات كە هێزە شیعییەكان لەژێر كۆنتڕۆڵی دەوڵەتن.
هەرێمی كوردستان: مەترسیدارە
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی لە بارەی هێرشەكانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا بڵاوكردەوە و بەئەركی حكومەتی عێراقی دەزانێت، كە ئاسایش و سەلامەتیی نێردە دیپلۆماتییەكانی وڵاتان و سەر و ماڵی هاوڵاتیان بپارێزێت.
لە بەشێكی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا نوسراوە:
دووبارەبوونەوە و بەردەوامیی ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر نێردە دیپلۆماتییەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتان، دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و سەروەریی وڵاتن، هەروەها دژی یاسای نێودەوڵەتین و ئەنجامی خراپیان لێدەكەوێتەوە، پەیوەندییەكانی عێراقیش لەگەڵ وڵاتان دەخاتە مەترسییەكی ڕاستەقینەوە.
مووشەكی ناكات
مووشەكبارانكردنی ناوچەی سەوز لەكاتێكدایە كە حكومەتی عێراق بە قەیرانێكی قوڵی دارایدا تێدەپەڕێت، لەلایەك بەهۆی كورتهێنانێكی گەورەی بودجەوە تووشی كێشە بووە لە بودجەی ساڵی 2021دا و لەلایەكیشەوە بەهۆی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار و دابەزاندنی بەهای دینارەوە رووبەرووی شەپۆلێك نارەزایی توند و هەرەشەی دارایی و ئەمنی و سیاسی بووەتەوە.
شڵەژانی شەقام بە ئەندازەیەكە لە عێراق كە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوای راگەیاندنی باری نائاسایی لە بەغداد دەكات.