ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:42 - 18/11/2018

لەسەر ڕووداوەكانی بەسڕە 30 ئەفسەر ڕەوانەی لێكۆڵینەوە كران‌

-پەیسەر
بە پێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئەنجوومەنێكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە بە مەبەستی بە دواداچوون  لە ڕووداوەكانی ئەم دواییەی بەسڕە كە تێیدا 30 ئەفسەر كە هەندێكیان بەڕێوبەری بەشە جیاوازەكانی پۆلیسی پارێزگای بەسڕەن ڕەوانەی لێكۆڵینەوە دەكرێن.

لەو نووسراوەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ئەنجوومەنی لێكۆڵینەوەكە لە نهۆمی هەشتی وەزارەتی ناوخۆ و بە سەرۆكایەتی لیوا حەمزە زەید بەڕێوە دەچێـت.

ئەنجوومەنەكە لێكۆڵینەوە لە هەریەك لە بەڕێوبەری هەواڵگری بەسڕە و بەڕێوبەری فریاكەوتن، بەرێوبەری پۆلیسی فەوجەكانی بەسڕە، بەڕێوبەری بەرگری شارستانی، بەڕێوبەری هاتوچۆ و بەڕێوبەری هێزەكانی نەهێشتنی ئاژاوە و بەڕێوبەری پۆلیسی نەوتی باشوور، دەكات. بەدەر لەوانەش لێكۆڵینەوە لە ئەفسەرانی وەزارەتی بەرگری دەكرێت بەڵام ڕێوشوێنی چۆنیەتی لێكۆڵینەوەكە ئاشكرا نەكراوە.

لە هەشتی تەممووزی ئەمساڵ خۆپێشاندان لە بەسڕە و شارەكانی تری باشووری عێراق دەستی پێ كرد، پاشان چەندین ڕۆژ بە چڕی لە بەسڕە دەستی پێ كردووەتەوە و دەروازە سنوورییەكان و بەنداوەكان داخراون و دەیان بارەگای حكوومی و حزبی و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سووتێنران.


پاشان لە ڕاگەیەنراوێكی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عیراق، بڵاوكراییەوە  "لەسەرەتای مانگی ئەیلولەوە ژمارەی كوژراوەكانی خۆپیشاندانەكانی بەسرە گەیشتووەتە 9 كوژراو و ٩٣ بریندار".
لەراگەیەندراوەكە ئەوە روونكراوبووەوە "لەو خۆپیشاندانانە ٩٣ بریندارەی خۆپیشاندانەكانی بەسرە ١٨ كەسیان ئەندامی هێزە ئەمنییەكانن".

مانگی شوباتی هەشت ساڵ لەمەوبەر لە خۆپیشاندانێكی بەرفراوانی جەماوەری لە شاری سلێمانی لە بەرانبەر سەرکوت و نایەکسانی حزبە فەرمانڕەواكان، لە لایەن حزبەكانی دەسەڵاتەوە تەقە لە خۆپیشاندەرانكرا، ئەم خۆپیشاندانەی دواتر درێژەی كێشا و 11 كەس شەهیدبوون و نزیكەی 400 كەسیش برینداربوون. تاوەكو ئێستا تۆمەتبارانی ئەو كەیسە دادگاینەكراون.