ڕاپۆرتی عیراق

04:07 - 16/12/2020

كازمی د‌ۆسێی نەوتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەردۆغان تاوتوێ دەكات‌

پەیسەر

سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی توركیا دەكات و بەپێی زانیارییەكان چەند دۆسێیەك لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە و بەرپرسانی ئەنكەرە تاوتوێدەكات، لەنێویشیاندا دۆسێی پەكەكە و پەیوەندی ئابوری و نەوتی هەرێمی كوردستان و نائارامی سنوورەكان و ئاسایشی ئاو.

یەكەم سەردان
سەردانی مستەفا كازمی بۆ توركیا یەكەم سەردانێتی وەك سەرۆك وەزیران دوای ئەوەی پۆستەكەی وەرگرتووە، هاوكات سەردانەكە لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیایە و چەند دۆسێیەكی هەستیاری تێدا تاوتوێ‌ دەكرێت كە هەندێك لە دۆسێیەكان پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە بەتایبەت دۆسێی نەوت و ئارامی ناوچە سنورییەكان و پرسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).

چی لە جانتاكەیدایە؟
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر سەردانەكەی كازمی چەند دۆسێیەك لەخۆی دەگرێت تا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا و بەرپرسانی دیكەی ئەنكەرە تاوتوێیان بكات وەك ئاسایشی ئاو كە عێراق مەترسی هەیە بەهۆی دروستكردنی بەنداوەكانی توركیاوە لە ساڵی 2023 بەدواوە تووشی قەیرانی ئاو ببێت.
هاوكات یەكێكی دیكە لە دۆسێیەكانی ناو جانتاكەی مستەفا كازمی بۆ توركیا دۆسێی ئابوری و مامەڵەی نەوتییە بە نەوتی هەرێمی كوردستانیشەوە.
پەیسەر زانیویەتی كازمی لەبارەی كێڵگە نەوتی ئەنبار لەگەڵ توركیا رێككەوتن ئەنجام دەدات، هاوكات داوای روونكردنەوە لە بەرپرسانی توركیا دەكات لەبارەی دۆسێی نەوتی هەرێمی كوردستان و وردەكارییەكەی و دەیەوێت رای بەرپرسانی توركیا بزانێت لەوەی ئەگەر نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بە بەندەری جیهاندا تێبپەڕێت ئەنكەرە هیچ لاری هەیە یاخود نا؟

ناوچە سنورییەكان و دۆسێی پەكەكە
هاوكات یەكێكی دیكە لەو دۆسێیانەی كازمی لە توركیا گفتوگۆی لەبارەوە دەكات پرسی ئاسایشی ناوچە سنورییەكانە، بەتایبەت بۆردومان و لەشكركێشی بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان و راوەدونانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).
هەر لە چوارچێوەی دۆسێی ناوچە سنورییەكان باس لە سنوورەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكرێت كە بە دیوی سوریادا سوپا و گروپەكانی نزیك لە توركیای تێدان و عێراق دەیەوێت سنوورەكانی رۆژئاوا و عێراق بە پارێزراوی بمێننەوە.

ئەمریكا گڵۆپی سەوزی هەڵكردووە
بەپێی زانیارییەكان ئەمریكا گڵۆپی سەوزی بۆ سەردانی كازمی لە توركیا و ئەنجامدانی رێككەوتن هەڵكردووە بەتایبەت لەرووی ئەمنی و ئابورییەوە.
هاوكات ئەمریكا دەیەوێت عێراق پەیوەندییەكانی لەگەڵ دراوسێكانیدا بە ئارامیدا تیبپەڕێت بەتایبەت لەگەڵ بەدیلەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراقدا.

رێككەوتنی شەنگال
یەكێكی دیكە لەو دۆسێیانەی لە توركیا لەگەڵ كازمی باسدەكرێت دۆسێی رێككەوتنی شەنگالە، تەنانەت 24 كاتژمێر بەر لە سەردانەكە، وەزیری درەوەی ئەمریكا بە رونی باسی ئەو دۆسێیەی كرد، ئەوەش لەمایانی سەردانی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئامادەكاری سەردانەكەی سەرۆك وەزیران بۆ ئەنكەرە.
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی خۆیدا لەگەڵ فوئاد حسێن هاوتا عێراقییەكەی لە ئەنكەرە رایگەیاند: ئێمە هەمیشە رێزمان لە سەروەری خاكی عێراق گرتووە، بەهۆی شەڕی داعش و پەكەكەشەوە پرۆسەی ڤیزای راستەوخۆمان لە عێراق راگرت، لە ئێستاشدا ئامادەین وەك توركیا هاریكاری عێراق بكەین لە رووبەڕووبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەكاندا.
وتیشی: هیوادارین رێككەوتنی شنگال بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.