ڕاپۆرتی عیراق

01:06 - 12/12/2020

سووتاندنی بارەگای دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پێکەوە مانای چییە؟‌

پەیسەر

وێنە: ڕێباز مەجید - تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان

هیچ كاتێك بە ئەندازەی ئەم چەند رۆژەی پێشوو دۆخی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی جدیدا نەبووە، خۆپیشاندان بەیاننامەو لافیتەو  دۆخی هێمنانەی تێپەڕاند، نەك هەر ئەوەندە بارەگای حیزبی ئۆپۆزسیۆن لەپێش بەشداربووانی دەسەڵاتەوە سوتێنرا، تەنانەت دەستیان لە فەرمانگە حكومیەكانیش نەپاراست، ئەوەی جێگەی سەرنجی توێژەران و شرۆڤەكارانە حكومەتە دەبێت خۆی یەكلایی بكاتەوە، یان ژیانی خەڵك باش بكەن یان بڕۆن..

 

خەڵکی ناڕازی هەرێمی کوردستان لەم ڕۆژانەدا بە یەکسانی هێرشیان كردە سەر بارەگا و بنکەی چی حزبی کوردستانی هەیە لە هەرێمی کوردستان. و لە هەمان كاتیشدا بەشێك لە فەرمانگەكانیان سوتاند و ئاسۆی خۆپیشاندانەكان بەوەو ئەوەش دەچوو پەلاماری ماڵی بەرپرسانیش بە فراوانی بدرێت و لەو میانەیەشدا ژمارەیەك لە ماڵی بەرپرسانی حكومی كەوتە بەرهێرش وپەلامارو سوتێنران.

سەرەتای گۆڕانكارییەكان

ئەوەی لەم چەند ڕۆژەی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان ڕوویداوە و هێشتاش بەردەوامە، زەنگێكی مەترسیداربوو كە بەگوێی هەمووان دا درا، تەقینەوەی دۆخێکی مەترسیدارە و كەڵەكەبووی چەند ساڵەیە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەقەوارەی هەرێمی کوردستان  كە وەک حکومەتێکی فیدڕاڵی لە باکووری عێراق كارەكانی دەكات و مستەفا كازمیش لەدوا هەڵوێستیدا گوتی: ئەوەی لە هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی ڕوو دەدات پاساوی خۆی هەیە و هاوخەمی قووڵی بۆ خەڵكەكەی دەربڕی، لە هەمان كاتدا سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمیش لەگەڵ رۆژنامەنووسان باسی لەوە كرد كە هەرێمی كوردستان هەرچی پابەندی دەستووری خۆی هەبووە لەبەرامبەر عێراق دا جێبەجێی كردووەو ئەوەی كە بووەتە هۆی دروستكردنی ئەو دۆخە نەناردنی پشكە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان بووە لە لایەن عێراقەوە.

بە دیوەكەی دیكەشدا ئەگەر سەرنجی میدیاو سۆشیال میدیای باشووری كوردستان بدەین خەڵکی تووڕەو  ناڕازییە لە هەرێمی کوردستان چی دیکە ناتوانێ گەندەڵی، گوشاری ئابووری، نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست، بێ پارەیی ، گیرفان بەتاڵی ، دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و بێکاری بەرفراوان، بێ مووچەیی و هەدەردانی سامانی گشتی لە لایەن بەرپرسانی یەكەمی (یەكێتی و پارتی) و چەند حزبی بچوکی هەرێمی کوردستان  قبووڵ بکات.

هەرچەندە لەم چەند ڕۆژەدا خۆپیشاندەران نیشانیان دا کە دۆخی هەرێمی کوردستان وەکوو بوتڵە گازێکە لە ژێر گوشاردا و هەر ئان و سات ڕەنگە بتەقێنتەوە و هەموو شتێک بسووتێنێت، بەجۆرێك چیتر چاوەڕیی پەیمان و بەڵێنی بەرپرسان نەكات و  تەنانەت ئەو دەستکەوتە سیاسی و نەتەوەییەكانیشی کەم تا زۆر كە تا ئێستا بەدەست هاتووە بخاتە مەترسییەوە و بیری نەتەوایەتی و نیشتیمان پەروەریی بخاتە دۆخێكی خراپەوە.

بەركەوتنی گازی فرمێسك ڕێژ: پیاوێكی بەتەمەن

کاتێک خەڵک بێ یەک و دوو و بێ ترس هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگای حزبەکان و بەشداریی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پێکەوە دەسووتێنن و ئاڵا و لۆگۆی هەموویان دەخەنە ژێر پێیان؛ مانای ئەوەیە کە هیچ کۆمەڵگایەک بۆ هەتا هەتایە لە ژێر گوشاردا تاقەت ناگرێت و بۆ هەمیشە گەندەڵی سەرکردە و بەرپرسان و  دەسەڵاتدارەکان قبووڵ ناکرێت، ئەگەر پێشووتر لەبەر هەر بیانوویەك بووبێت ئەوا نەوەی پێگەشتووی 30 ساڵی ڕابوردوو ئەو بۆچوونەی نییە كە باووباپیرانیان هەیانبووەو ئەوەی بەلای ئەمانەوە گرنگە ژیانێكی خۆش و ئاساییەو دەستكەوتنی هەلی كارە كە هیچیان لە ئێستا بۆیان دەستەبەر نیە.

خەڵکی هەرێمی کوردستان سەرەتا لە دژی دواکەوتنی موچەی مووچەخوران هاتنە دەنگ؛ موچەیەک کە سەرەڕای داهاتی زۆر و لە ژمارە نەهاتووی هەرێمی کوردستان، نادرێت و مامۆستایان و فەرمانبەران بە داواكاریی مەدەنیانەوە هاتنە سەرشەقام، بەڵام بە وەڵام نەدانەوەو گوێ نەدان بە داواكارییەكان و لابردنی بەرپرسیارێتی سەرشانی خۆیان و تاوانباركردنی بەغداد بە دواخستنی مووچەو شایستە داراییەكان، هێندەی تر دۆخەكەی ئاڵۆزكرد.

سوتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهێنەری سەرەكی حكومەت

بە پێی وتەو لێدوانە فەرمییەكانی پەرلەمانتاران و بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەكان، هەرێم داهاتی زەبەلاحی ناوخۆیی و داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەیە و پارەی زۆری لە هەناردە کردنی نەوت و بودجەی مانگانەی بەغدا دەستدەکەوێت، بەڵام (وەك خۆپیشاندەران دەڵێن) لە بەر گەندەڵی ،دزی، موچەی بندیوار، دوو موچە و سێ موچە کە زیاتر لە 85 هەزار کەسن، پاش چەند مانگ دواکەوتن بە نیوە بڕێ پارە دەداتە خەڵک و فەرمانبەران و مامۆستایان و کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک لە هیچ نەترسێت و سینگی خۆی بداتە بەر گولـلەو مردن لەبری ئەو جۆرە ژیانە هەڵبژێرێت و خۆپیشاندانی ئەمجارە جیاواز بێت لەوانی دیكەو هەندێك پێیان وابێت ئەم جۆرە خۆپیشاندانە هیچ بنەمایەكی خۆپیشاندانی تێدا نەبووە كە بریتین لە مۆڵەت و پێداویستیەكانی، بەیاننامە، داواكاریی،دیاریكردنی كات و شوێن. بەڵام هیچ یەكێك لەو بنەمایانە لەم خۆپیشاندانەدا بوونی نەبوو.

دەستگیركردنی خەڵكی خۆپیشاندەر

كاتێكیش ئەو خۆپیشاندەرانەی لە شەقام بە توڕەییەوە باسیان لە دۆخی خۆیان دەكرد.هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانانی بارەگای حزبەکان تەقەیان لێدەکردن، بەیاننامەی لیژنەی ئارامی سلێمانی ڕایگەیاند ڕیگە بە خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت نادەن و هەركەس و لایەنێكێش بە پێچەوانەی یاساوە ڕەفتار بكات و هەڵبكوتێتە سەر موڵكی گشتی بەتوندی سزادەدرێن و لەگەڵ ئەوەشدا نەیانشاردووەتەوە كە گرتنی چالاكوانان بەردەوامییان دەبێت.

بەكارهێنانی گازی فرمێسك ڕێژ لەبەردەم پارێزگای سلێمانی 

خۆپیشاندەران لە دروشم و لێدوانیان بۆ مێدیاکان بە تایبەت لەم ڕۆژانەدا و لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان، بە ئاشکرا هاوار دەکەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان سامانی وڵات بە هەدەر دەدات و هیچ هەوڵ و پلانێکی نییە بۆ چاکسازی و  کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتی ناوخۆ.

هەرچەندە سەرۆكی حكومەت بەئاشكرا باس لەوە دەكات كە دەستی دەرەكی لە پشتی خۆپیشاندەرانەوە هەیەو سەركردەیەكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا لە لایەك ئێران و پارتی كرێكارانی كوردستانەوە ئاڕاستە دەكرێن، بەڵام هەرزوو (كەجەكە)و (تەڤگەری ئازادی)وەڵامیان دایەوە كە بەڵێ پشتیوانی لە هەموو خۆپیشاندانێكی مەدەنیانە دەكەن بەڵام ئەوان نە هانی كەسیان داوەو نە بەفەرمی بەشداریی خۆپیشاندانیان كردووەو گوتیشیان : ئێمە كاری ترسنۆكانە ناكەین، ئەگەر بەشداریی بكەین ڕابەرایەتی خەڵك دەكەین.

سوتاندنی ماڵی قایمقامی سەیدسادق

 ئەوەی لەم ماوەی ئەم چەند رۆژەدا لە لایەن شرۆڤەكارانەوە خرایە ڕووئەوەیە: خەڵک متمانەی بە حکومەتی هەرێم نەماوە و بە بەڵین و قسە و بەیننامەی حزبەکان و بەرپرسان قایلیان ناكات.

گەرچی بەهاتنە پێشەوەی كابینەی نۆیەم كە دروشمە سەرەكییەكەی (نەهێشتنی گەندەڵی)بوو، بەڵام ئەویش یان بەڕێوە ناچێت وەكپێویست یان ئەوەیە لە شوێنێكەوە دەستی پێكردووە كە زۆرینەی خەڵكە هەژارەكە لێی زیانمەند دەبن و پرۆژە گەورەكان و گەندەڵییە گەورەكان فەرامۆش كراون، بۆیە خەلك متمانەی بە چاكسازیش نەماوەو نامێنێت لەبەر ئەوەی تا ئێستا هیچ کابینەیەکی حکوومەتێکی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی چاکسازی بەهەند وەرنەگرتووە و هیچ کارێکی بۆ چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی  نەکردووە، شرۆڤەكاران و پەرلەمانتارانیش ئەوەندە داتاو ئاماریان خستووەتە بەردەست كە هێندەی دیكە خەڵكی لە گۆڕانكاریی و چارەسەربێئومێد كردووە.

هەرچەندە بەرپرسان بشچنە ناو خەڵك، نیگەرانیەكان كەم ناكاتەوە

بەشێك لە شرۆڤەكاران باسیان لەوە كرد كە ڕێگەچارەی زۆر هەیە بۆ ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان  لە قەیرانی دارایی دەربازیی هەبێت ئەوانیش بریتین لە بچووككردنەوەی پەیکەری کابینەکەی و سامانی گشتی خەرج دەکرێت بۆ ئەو پۆست و پلە حزبیانەی کە دروست کراون و بوونەتە باری گرانی بە سەر بودجەی هەرێمەوە . داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەچێتە خەزێنەی حیزبەکان ، داهاتی دەروازە سنوورییەکان و شیوازی خەرجکردنی ئەو بودجەیەی هەرێمی کوردستان کە بەغدا دەینێرێت شەفاف نییە و  خۆیان نەبێت کەس ئاگاداری نییە، گرێبەست و ڕێککەوتنە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ وڵاتانی دیکە بە تایبەت ڕێککەوتنی 50 ساڵی لە گەڵ تورکیا هەمووی ناڕوون و لێڵەو هاوسەرۆكی یەكێتیش (كە بەشداربووی سەرەكی حكومەتە) ڕایگەیاندووە بەهیچ شێوەیەك ئاگایان لە گرێبەستی پەنجا ساڵە نییە.
شرۆڤەكاران باسیان لەوەش كردووە  حاکمەکان و ئەوانەی بەو بنەماڵانەوە پەیوەستن هەموویان لە دۆخێکی تەواو خۆش و پڕ لە ئاسایش و خۆشگوزەرانی و بژێوی سەرسووڕهێنەردا دەژین؛ کەچی خەڵکی سەرشەقام بێکار و گریفان بەتاڵە!

هەموو ئەم هۆکارانە سەرباری شەڕی سیاسی و ململانێی دەسەڵات و سەروەت کۆکردنەوەیە کە بەرۆکی حزب و ڕەوتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووە و خەڵکی گەیاندووەتە ئاستێک کە بارەگا و ئاڵای هەر هەموویان پێکەوە بسووتێنێت و وەك باسیش دەكرێت هەر بەوەوە ناوەستێت و ئەگەر ئەم قۆناغەش كۆتایی بێت، لەوانەیە گڕی پەنگخواردووی خەڵك بۆ جاری داهاتوو زۆر لەم قۆناغەت توندتربێت! بەجۆرێك نە حساب بۆ نەتەوەو قەوارەو بەرپرسیارێتی و حیزبایەتی دەكرێت و نە چیتر ترسیان لە پەیوەندی لەگەڵ دوژمنەكانی دەبێت، هەروەك بەشێك لە میدیاكان باسیان لەوە دەكرد لەناو خۆپیشاندەرانەوە تەقە كراوە، ئەوەش هێندەی تر دۆخەكە دەخاتە مەترسییەوەو بەرەو ئاراستەیەك خۆپیشاندانەكان دەبات كە لافاوێكەو هیچ بەربەستێك بەرگەی ناگرێت.

سوتاندنی بارەگای كۆمەڵی ئیسلامی كە ئۆپۆزسیۆنی حكومەتە

وەك بەشێك لە چاودێران باسی دەكەن پەڕینەوەی خۆپیشاندانەكان بەرەو هەولێر ئەوەندەی تر كێشەكە قووڵ دەكاتەوەو مەترسییەكان زیاتر دەكات، چوون لە لایەك پایتەختی هەرێمەو لە لایەكی دیكەشەوە ناوەندی دبلۆماسیەت و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و وڵاتانی دیكەیەو پەرلەمان و حكومەتیش لەو شارەدان، گەرچی بەهەر هۆكارێك ئێستا خۆپیشاندان لەو شارەدا نەكراوە، یان ڕاستتر ڕێگەی پێنەدراوە، بەڵام لە سۆشیال میدیاوە بەشێكی زۆری خەڵكی هەولێر رق و توڕەیی خۆیان خستووەتە ڕوو، هەر بۆیە باس لەوە دەكرێت هەولێر كۆتا بریاری لەبەردەستدایەو دەبێت یەكێك لەم دوو ڕیگایە هەلبژێرێت: یان ئەوەیە ژیان و گوزەرانی خەڵك چاك بكات (ئیتر چۆن و بەچ پلانێك دەیكات بەلایانەوە گرنگ نییە) یان ئەوەیە چیتر چاوەڕێ ناكەن، یان دەبێت خۆیان كۆتایی بە هەموو شتێك بێنن یان ئەوەیە كۆتاییان پێدەهێنرێت، ئەوەش لە وتەی سەرجەم شرۆڤەكاران و بەیاننامەی لایەنە سیاسیەكان و پەرلەمانتاراندا بەئاشكرا باسكراوە.

لە خۆپیشاندانەكاندا 8 هاوڵاتی و یەك پێشمەرگەی پارتی كوژران و 42 بریندار گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی شارو ژمارەیەكیش یان بریندارییەكەیان سووك بووە یان لە شوێنی نیشتەجێ بوونیان لە شارو شارۆچكەكان چارەسەریان وەرگرتووە. 4 لە بریندارەكان تا ئێستاش لەژێر چاودێریی چری پزیشكدان و دوانیان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، ژمارەیەك چالاكوانیش دەستگیركران و دواتر ئازادكراون، یان لەمەودوا ئازاد دەكرێن.