ڕاپۆرتی عیراق

06:04 - 01/12/2020

دوورخستنەوەی ئەبوزەبی لە بەغدا سەردەگرێت؟‌

پەیسەر

دوای ئەوەی ئیمارات بڕیاریدا ڤیزا بە هاوڵاتیانی ١٣ وڵات رابگرێت کە یەکێکیان عێراقە، بەشێک لە پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییەکان داوای راگرتنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەبوزەبی و وەڵامدانەوەی ئیمارات دەکەن، بەشێکیش لە چاودێران ئەم داواکارییە بە بەرنامەی ئێران دەزانن.

راگرتنی پێدانی ڤیزا
چەند رۆژێک پێش ئێستا ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئیمارات پێدانی ڤیزای بە ١٣ وڵات راگرتووە، کە بریتین لە عێراق، ئێران، سوریا، لوبنان ئەفغانستان، پاکستان، تونس، تورکیا، یەمەن، لیبیا، سۆماڵ، جەزائیر و کینیا.

بڕیارەکەی ئیمارات ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکە کراوە، بەڵام ئەم ١٣ وڵاتە بە فەرمی لەم بڕیارە ئاگادار نەکراونەتەوە و هیچ روونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکە پێنەوتراوە.

کاتێکی نەگونجاو
لەو کاتەوەی مستەفا کازمی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەرگرتووە، هەوڵی نزیکبوونەوە دەدات لە وڵاتانی دراوسێ و کەنداو، بۆ ئەمەش لە هەوڵی بەردەوامدا بووە تاکو بتوانێت عێراق بۆ بازنەی کەنداو بگەڕێنێتەوە.

کازمی بانگەشەی ئەوەی کردووە و دەکات کە دەیەوێت عێراق پەیوەدنییەکی هاوسەنگی هەبێت لەنێوان تاران و پایتەختەکانی کەنداودا، بەڵام ئەم ویستە بە ئاشکرا و نهێنیی لەلایەن گروپ و لایەنەکانی سەر بە ئێرانەوە رەتکراوەتەوە و گرفت و رێگریی بۆ دراوستکراوە.

داواکارییەکانی پچڕانی پەیوەندی
لە بەرامبەر بڕیارەکەی ئیمارات، بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان داوای پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەبوزەبی دەکەن و بە هیوان عێراقیش هەمان بڕیار لە دژی ئیمارات بدات.

وەک ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردووەتەوە، مەنسور بەعیجی پەرلەمانتاری عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، بڕیارەکەی ئیمارات سەروەری عێراق و ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی بە ئامانج گرتووە کە دەیانەوێت سەردانی ئیمارات بکەن.

بەعیجی داواشی کردووە، بە هەمان بڕیار وەڵامی ئیمارات بدرێتەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئەبوزەبی رابگیردرێت، باڵیۆزی ئیماراتیش دەربکرێت، ئەمەش وەک کەمترین کاردانەوە بۆ بڕیارەکەی ئیمارات، ناشبێت تەنها باڵیۆز بانگ بکرێت و یاداشتی ناڕەزایی پێبدرێت.

هاوپەیمانی فەتحیش بە هەمان سێوەی دەوڵەتی یاسا داوای کاردانەوە دەکات و دەڵێت، پێویستە رێکاری پێویست بگیردرێتەبەر، باڵیۆزی ئیمارات بانگ بکرێت و یاداشتی ناڕەزایەتی پێبدرێت.

عامر فەیاز ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیش لەو پەرلەمانتارانەیە بەهیوایە بەغدا هەڵوێستی هەبێت و دەڵێت، "داواکارم حکومەت هەوڵێستی فەرمی هەبێت، چونکە بڕیارەکەی ئیمارات سوکایەتییە بە عێراق و گەلەکەی."

باڵکردنی عێراق
حکومەتی عێراق لە بونیادنانەوەی پەیوەندییەکانیدایە لەگەڵ کەنداو، دەیوێت بە باڵە بریندار و خوێناوییەکانیەوە بەرەو پایتەختەکانی کەنداو بفڕێت، ئەوانەی دژ بە کەنداون و نزیکن لە ئێران دەیانەوێت ئەم دوو باڵە ماندووەی بەغدا بشکێنن تاکو هەمیشە و بەم لاوازییەوە لە بەردەستیاندا بمێنێتەوە تاکو بتوانن کۆنترۆڵی بکەن.

لەم بارەیەوە رائد عەزاوی شیکەرەوەی سیاسیی و توێژەری ستراتیژی دەڵێت، داواکارییەکان بۆ پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیمارات لە چوارچێوەی کارنامەی ئێراندایە، کە تێیدا تاران هەوڵ دەدات عێراق لە وڵاتانی عەرەبی دووربخاتەوە.

باسی لەوەش کردووە، ئەم دااکارییانە وەک داوای راگرتنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ سعودیە و میسر، ئیرانیش هەوڵ دەدات لە رێگەی گروپەکانی سەر بە خۆیەوە عێراق لەژێر هەژموونی خۆیدا بهێڵێتەوە و بە تەواوی کۆنترۆڵی سیاسەت و ئابووری عێراق بکات.

دەربارەی رێگریییەکانی بەردەوام کازمیش لەم بارەیەوە دەڵێت، کازمی هەوڵ دەدات عێراق پەیوەندی هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هەبێت، نەک بە تەنها تاران، بەڵام چەند هێزێک لە رێگەی پەرلەمانتار و سەرکردەکانەوە نایانەوێت کازمی لەم کارەدا سەرکەوتوو بێت.

ئەحمەد یاسریش هاوڕای عەزاوییە و پێی وایە، ئەم لێدوانانە ئێرانین نەک عێراقیی، تاران بە هەموو توانای خۆی هەوڵ دەدات لە رێگەی ئەم لێدوانانەوە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر سیاسەت، سەربازیی و ئەمنییەتی عێراقدا بۆ هەموو جیهان دەربخات، بەڵام لەم کارەدا سەرکەوتوو نابێت.