12:23 - 19/11/2020
نایابترین ئه‌و كۆشكانه‌ى سه‌دام دواى خۆى جێیهێشتن
له گرانبه‌هاترین به‌رد كۆشكه‌كانى بنیات ده‌نا، دیزاینى ئه‌ندازیاریى پێشكه‌وتووى گه‌لانى دیكه‌ى به‌كارده‌هێنا، به جۆرێك كۆشكه‌كانى دروستده‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ى نه‌مربێت و بییه‌وێت بۆ هه‌میشه له زه‌وى بمێنێته‌وه، زێڕو خشڵى گرانبه‌هاى بۆ رازاندنه‌وه‌یان به‌كارده‌هێنا.
له‌سه‌ر هه‌موو خشێکى دیوارەکان ئاماژه‌ى ناوى خۆى داده‌نا، وێنه و په‌یكه‌رى گه‌وره‌ى خۆى له‌سه‌ر راست و چه‌پى كۆشكه‌كان داده‌نا، به خه‌تى گه‌وره له‌سه‌رى ده‌نوسین، (سه‌دام ئه‌میرى عه‌ره‌ب)، جه‌زیره‌ى ده‌ستكردى بۆ كۆشكه‌كانى دروست ده‌كرد، له ئه‌وروپاوه به‌رد و كاشى تایبه‌تى بۆ ده‌هێنان، له كۆتاییدا هه‌مووان بوونه دۆزه‌خ بۆى، بۆئەوەی ئاگری مووشەکەکان نەگەنە سەری دەبوو دوور بێت لە کۆشکەکانی، له كۆتاییدا له یه‌كێك له كۆشكه نایاب و پڕنهێنییەکانی سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتیدا زیندانیكرا.
كۆشكى كۆماریى
ده‌كه‌وێته به‌رى رۆژئاواى رووبار‌ى دیجله، باره‌گاى سه‌ره‌كى سه‌دام حسێن سه‌رۆك كۆمارى پێشووتر بوو، شوێنى تایبه‌ت بوو به پێشوازیكردنى شانده فه‌رمییه‌كان، مێژووى دانانى بناغه‌كه‌ى و درووستكردنى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵى دووه‌م، دواى كه‌وتنى پادشایه‌تى گۆڕا بۆ كۆشكى كۆماریى، كاتێك سه‌دام حسێن هاته سه‌ر حوكم، كۆشكه‌كه‌ى فراوانكرد و نۆژه‌نیكرده‌وه و چه‌ند په‌یكه‌رێكى برۆنزى خۆى تێدا دانا.
ئه‌م كۆشكه یه‌كه‌م كۆشك بوو كه رووبه‌ڕووى بۆردوومانى ئه‌مریكییه‌كان ببێته‌وه، هه‌روه‌ك یه‌كه‌م كۆشك بوو له كاتى هێرشى هاوپه‌یمانان بۆ رزگاكردنى كوه‌یت له ده‌ستى سه‌دام رووبه‌ڕووى بۆردومان بووه‌وه، له ساڵى 2003 به‌هۆى بردوومانه‌وه به‌شێكى زۆرى وێران بوو به‌ڵام دواجار نۆژه‌نكرایه‌وه.
كۆشكى سندیباد
یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین كۆشكه‌كانى عێراق، له‌سه‌ر ده‌ستى سه‌دام خۆى بناغه‌كه‌ى دانراوه به شێوه‌یه‌كى ئه‌ندازیارى ده‌گمه‌ن دروستكرابوو سه‌دام یه‌كه‌م پیتى ناوه‌كه‌ى خۆى له‌سه‌ر دیواره‌كانى كۆشكه‌كه هه‌ڵكۆڵیبوو. ناوه‌كه‌ى خۆشى له سه‌قفى كۆشكه‌كه نه‌خشاندبوو تا ئێستا وه‌ك خۆى ماوه، كه خۆى وه‌ك ئه‌میرى عه‌ره‌ب ناساندووه. دواى كۆتایى هاتنى ده‌سه‌ڵاتى سه‌دام، ئه‌م كۆشكه گۆڕا بۆ ناوه‌ندێكى بازرگانى گرنگ.
دواى چه‌ند ساڵێك حكومه‌تى عێراقى رایگه‌یاند، كۆشكه‌كه ده‌كه‌ن به شوێنێكى كلتورى، له كۆشكه‌كه‌دا ته‌نانه‌ت له ده‌ستشۆر و ته‌والیته‌كانى ئاڵتون به‌كارهێندراوه.
كۆشكى فاو
یه‌كێكه له به‌ناوبانگترین كۆشكه‌كانى سه‌دام حسێن، له‌سه‌ر ده‌ستى خۆى بناغه‌كه‌ى دانراوه له‌ناو ئاودا دروستكراوه، تا "ناوى كۆشكى ئاو"ى وه‌رگرت، ئه‌م كۆشكه پێنج كیلۆمه‌تر له فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غداده‌وه دووره، له شێوه‌ى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى گه‌وره دروستكراوه چه‌ندین ڤێلاو كۆشكى بچووكى تێدایه، به ده‌ورووبه‌رى كۆشكه‌كه‌دا 60 ژوور هه‌یه له‌سه‌ر جه‌زیره‌یه‌كى ده‌ستكرد دروستكراوه، دواى سه‌دام ئه‌م كۆشكه بووه سه‌ربازگه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا. حكومه‌تى عێراق به‌رنامه‌ى هه‌یه كۆشكه‌كه بكات به شوێنێكى گه‌شتیارى، تا ئێستا بنكه‌ى سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كانه.
كۆشكى سه‌لام
یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین كۆشكه‌كانى عێراق و شوێنه‌كه‌شى له ناوچه‌یه‌كى سه‌وزى به‌غدایە، توحفه‌یه‌كى ئه‌ندازیارى راسته‌قینه‌یه، كۆشكێكى گه‌وره‌یه و 200 ژوور له‌خۆ ده‌گرێت، له‌سه‌ر 39 هه‌زار مه‌ترى چوار گۆشه دروستكراوه، له شه‌ش نهۆم پێكدێت سێ نهۆمیان به‌كارده‌هێندرێت، كاشى زه‌مینى كۆشكه‌كه به به‌ردێكى گرانبه‌ها دروستكراوه و پارچه‌ى ده‌ستیى له زه‌وییه‌كه‌یدا وه‌ك جوانكاریى به‌كارهاتوون له دیواره‌كانیشدا مادده‌ى گرانبه‌ها به‌كارهاتوون و خشتى چوار گۆشه‌ى گه‌وره‌ش به‌كارهێندراوه هه‌ر یه‌كێكیان پیتى یه‌كه‌مى ناوى سه‌دام حسێنى له‌سه‌ره، دوو په‌یكه‌رى گه‌وره‌ى سه‌دام له‌سه‌ر لاى راست و چه‌پى كۆشكه‌كه هه‌بوون.
ئه‌م كۆشكه‌ش رووبه‌ڕووى بۆردومانى چڕى ئه‌مریكییه‌كان بووه‌وه، به‌شێكى زۆرى به قوبه گه‌وره‌كه‌شیه‌وه وێران كرا‌و به‌شه‌كانى دیكه‌شى زیانى به‌ركه‌وت، تا ساڵى 2009 ئه‌م كۆشه به‌تاڵ بوو دواتر لیواى 32ى شه‌ڕكه‌رى ئه‌مریكى كۆشكه‌كه‌یان بۆ خۆیان به‌كارهێنا، ساڵى 2012 هێزه‌كانى ئه‌مریكا كشانه‌وه‌و بووه كۆشكى سه‌رۆك كۆمار.
كۆشكى ئه‌عزه‌مییه
به‌ناوبانگترین كۆشكى عێراقییه له دونیاى سیاسی‌دا، له كۆتایى نه‌وه‌ده‌كانى رابردوو سه‌دام تایبه‌تی كردبوو به پێشوازیكردن له شاند و میوانه گه‌وره‌كان، ساڵى 1995 كاره‌كانى دروستكردنى ته‌واوبوون، له‌سه‌ر كه‌نارى رووبار‌ى دیجله‌یه له ناوه‌ڕاستى به‌غداى پایته‌خت له‌سه‌ر 3 هه‌زار مه‌ترى چوارگۆشه بنیات نراوه، 600 ژوور و هۆڵى كۆبوونه‌وه له خۆده‌گرێت، 12 مه‌له‌وانگه‌ى تایبه‌ت و حەو‌زى تایبه‌تى ماسى تێدایه، باخچه‌یه‌كى فراوانى هه‌یه.
كۆشكه‌كه به به‌ردى عێراقى، گرانیتى ئیتالى و مه‌ڕمه‌ڕى لوبنان دروستكراوه، به هونه‌رى ئه‌ندازیارى عه‌باسى و ئه‌نده‌نوسییه‌كان، كۆشكه‌كه له ئاسمانه‌وه به‌ڕوونى دیاره، به‌هۆى وێنه هونه‌رییه‌كانى و شوێنه ده‌گمه‌نه‌كه‌ى. ساڵى 2003 به شێوه‌یه‌كى گه‌وره رووبه‌ڕووى وێرانكردن بووه‌وه به‌هۆى بۆردومانه‌وه، به‌ڵام دواتر نۆژه‌نكرایه‌وه، له كۆتاییدا گۆڕدرا به نه‌خۆشخانه‌یه‌كى تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ى ئالووده‌ى مادده‌ى هۆشبه‌ر بوون.
كۆشكى سجود
ده‌كه‌وێته ناوچه‌ى سه‌وزى به‌غدا، له باشووره‌وه رووبار‌ى دیجله هه‌یه و له باكووره‌وه شه‌قامى قادسیه، له رۆژئاواشى باڵیۆزخانه‌ى ئیتالیا، كۆشكه‌كه ساڵى 1991 بنیاتنراوه، له سه‌ره‌تادا ناوى كۆشكى ساجیده بوو به‌ناوى هاوسه‌ره‌كه‌ى سه‌دام، ساجیده تلفاحه‌وه
له‌سه‌ره‌تاى دروستكردنیه‌وه، ئه‌م كۆشه بووه یه‌كێك له گرنگترین شوێنه هه‌ستیاره‌كانى مانه‌وه‌ى سه‌دام، چوون بۆ ئه‌م كۆشكه ئه‌سته‌م بوو جگه له كه‌سه تایبه‌ته ئه‌منییه‌كانى تایبه‌ت به سه‌رۆك كه‌سى دیكه نه‌یده‌توانیى بچێتە ناوی، له ساڵى 2003 رووبه‌ڕووى بۆردومانى سه‌ختى ئه‌مریكییه‌كان بووه‌وه زیانى گه‌وره‌ى به‌ركه‌وت، دواى كه‌وتنى عێراق بووه شوێنى سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كان دواتر كه سه‌دام ده‌ستگیركرا بووه زیندانى سه‌دام و ماوه‌یه‌ك له‌م كۆشكه‌دا گلیان دایه‌وه له ماوه‌ى دادگاییكردنى تا له سێداره‌دانیدا.
بڕوا وایه تا ئێستا به‌شێك له كۆشكه‌كانى سه‌دام ئاشكرانه‌كرابن، به‌شێكى دیكه‌یان به بۆردومان وێران بوون، دواى چه‌ندین ساڵ خه‌ڵكى عێراق ده‌خوازن ئه‌و كۆشكانه‌ى به پاره‌ى ئه‌وان دروستكران، بكرێنه شوێنى كه‌لتوریى.