ڕاپۆرتی عیراق

12:51 - 17/11/2020

هەنگاونان بۆ هەڵبژاردن، ململانێكانی عێراق تووندتر دەكات‌

پەیسەر

ئەگەرچی چەندین بەربەستی سیاسی و لۆجستی و تەنانەت دەرەكیشی لەبەردەمدایە، بەڵام سەرۆك وەزیرانی عێراق گرەو لەسەر كردنەوەی گرێكوێرەی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات و داوای تەواوكردنی ئامادەكارییەكانی پرۆسەكە دەكات، لەكاتێكدا بەرەیەكی بەرفراوان چ لەناو سوننەكان و چ لەناو شیعەكاندا هەوڵی پەكخستن یان دواخستنی هەڵبژاردنەكە دەدەن.

ئامادەكاریی هەڵبژاردن
جارێكی دیكە سەرۆكوەزیرانی عێراق داوا لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و وەزارەتی دارایی دەكات هەموو ئەو ڕێكارانە بگرنە بەر كە هۆكاری مسۆگەركردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی مانگی حوزەیرانی داهاتوو دەبێت.
  نوسینگەی راگەیاندنی  سەرۆكوەزیرانی عێراق كە لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، مستەفا كازمی لەگەڵ ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و وەزیری دارایی كۆبووەتەوە و داوای كردووە هەموو لایەنەكان هەماهەنگ بن بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەخت.
لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە هاتووە،  سەرۆك وەزیران فەرمانی بە وەزارەتی دارایی كردووە بودجە و دارایی پێویست بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە دابین بكات.
سەرۆكی حكومەت لە كۆبوونەوەكەشدا ئاماژەی بەوەشداوە كە سیستمی بایۆمەتری تاكە ڕێگایە بۆ دەنگدانی هاوڵاتیان عێراق لە هەڵبژاردنەكانی دهاتوودا.

گرەوی گرێ كوێرە
هەوڵەكانی مستەفا كازمی بۆ پەكنەكەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەكاتێكدایە كە تەوژمێكی بەهێز لە نەیارانی كازمی گرەوی شكستی لەسەر شكستی هەڵبژاردن دەكەن كە یەكێكە لە گەورەترین ئەو بنەمایانەی حكومەتەكەی لەسەر دامەزراوە.
یەكێك لە بەربەستە سەرەكییەكان نارەزایی پێكهاتەی سوننەیە لە كاتی ئەنجامدانی پرۆسەكە كە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
سوننەكان جەخت دەكەنەوە كە بەو هۆیەی ناوچەكانیان لە شەڕی داعشدا وێران بوون، خەڵكێكی زۆریان ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی عێراق بووە و بەوەش ڕێژەی دەنگەكانیان كەم دەبێتەوە.
بەپێی خەمڵاندنەكان هێشتا نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارەی ناوچە سوننە مەزهەبەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن، لەگەڵ ژمارەیەكی هاوشێوە كە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ  بە تایبەت توركیا و ئوردن بوون، ئەوە جگە لەوەی نزیكەی 500 هەزار عەرەبی سوننی ئاوارەی  ناوچەكانی تری عێراق و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی بوون.
بەوپێیەش نزیكەی سێ ملیۆن ئاوارەی عەرەبی سوننە بۆشایییەكی دانیشتوانیان لە ناوچەكانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق دروستكردووە و هێزە سیاسییەكان و میلیشیا شیعییەكان بەدوای پڕكردنەوەیدا دەگەڕێن لە ڕووی دیمۆگرافی و سیاسی و ئەمنییەوە.

هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەكانی سوننە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، پێكهاتەی شیعەش بەهەمان شێوە كۆك نین لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لەكاتی بڕیارلێدراودا، بەتایبەت ئەو بەرەیەی كە بە بەرەی ئێرانی ناسراون و دژی مستەفا كازمین و لە ئێستادا حەشدی شەعبیش پشتیوانی سەرەكی بەرەكەیە دژی كازمی.
ناكۆكی كازمی و حەشدی شەعبی گەیشتووەتە ئاستێك كە مانگی رابردوو لەكاتێكدا سەرۆك وەزیران زۆر بانگەشەی دەوڵەتی دامەزراوەیی و كۆتایهێنانی بە كێشە ئەمنییەكان دەكرد و خۆی ئامادە دەكرد بچێت بۆ سەردانێكی ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپی، لە قەزای بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین هەواڵی كوشتنی 12 كەس بە جیهاندا بڵاوبوەوە كە 8 لە كوژراوەكان سەر بە هێزەكانی پۆلیس بوون، پەنجەی بەرپرسیارێتی بۆ حەشدی شەعبی راكێشرا و لێكدانەوەكانیش بەو ئاراستەیە بوون كە كوژرانی ئەم ژمارە هاوڵاتییە نیشانەی بەردەوامی شەڕ و نائارامی میلیشیایی و مەزهەبییە و بەر لە گەیشتنی خودی كازمی بە ئەوروپا، هەواڵی نائارامی وڵاتەكەی گەیشتە ئەو وڵاتانە.
لە بارێكی دیكەشدا خوێندنەوەی بۆ كرا كە ئامانجی ئەم كردەوەیەی حەشدی شەعبی، تەنها یەك رۆژ پێش سەردانەكەی بۆ ئەوروپا بەرامبەر مستەفا كازمی ئەوەبوو كە سەرۆك وەزیران  شەرمەزار بكەن كاتێك دەچێتە پاریس و بەرلین و لەندەن و لەمپەڕ بخەنە بەردەم هەوڵدان بۆ گەیشتن بەو رێككەوتننامانەی كە دەبنە هۆی دابینكردنی وەبەرهێنانی بیانی و پڕۆژەی گەورەی گەشەپێدان و پیشەسازی و كڕینی چەك و ئەو پەیامە بە ئەوروپاییەكان بدرێت كە عێراق وڵاتێكی نائارامە و كۆمپانیا زەبەلاحەكان تێیدا پارێزراو نابن.

ترس و نارەزایەتی
یەكێكی دیكە لە سیماكانی ئەم هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەی عێراق كە جیای دەكاتەوە لە هەڵبژاردنەكانی پێش خۆی، شێوازی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردنە كە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەسەندكراوی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار، لەسەر بنەمای كورسی كۆتاكان بازنەكانی هەڵبژاردن دابەشكراون و عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەبێت ئەوەش لە سەرتاسەری وڵات روبەرووی رەخنە و نارەزایی بووەتەوە و بۆچونی گشتی وایە كە ئەو دابەشكارییە لە بەرژەوەندی حیزبە گەورەكان و دژی حیزبە بچوك و مامناوەندەكانە.

لەدایكبوونی ناتەندروست
بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆخۆی بڕیارێكە كە بە ناتەندروستی لە عێراق لەدایكبووە، هۆكاری بڕیارەكە ئەوەیە شەپۆلێكی بەرفراوان خۆپیشاندان و نارەزایەتی بەغداد و بەشێك لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتبووەوە لە دوو ساڵی رابردوودا، تا كارگەیشت بەوەی كە خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر خێمەیان هەڵدا و چەندین هەفتە مانەوە و بە ناچاری عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكومەت دەستی لەكاركێشایەوە، بەدواشیدا مستەفا كازمی كە ئەوكات سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بوو بووە سەرۆك وەزیران و كارنامەی حكومەتەكەشی لەسەر بنەمای ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراقدا داڕشتبوو، هەربۆیە خودی سەرەتاكانی بڕیاری هەڵبژاردن سەرەتای نا تەندروست و نەخوازراو بوون.
هەنوكە ئەوەی دیارە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2021 بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی عێراق دەستنیشانكراوە، ئەوەشی لەبەرچاوە ئەوەیە كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و بەشێك لە هاوبەشەكانی بەردەوام لەكاردان تا پرۆسەكە لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەوەی نادیارە ئەوەیە كە ئەو بەرە فراوانەی دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنن دەتوانن رێچكەی رووداوەكان بگۆڕن و پرۆسەكە دوابخەن یاخود نا؟