ڕاپۆرتی عیراق

04:15 - 16/11/2020

عێراق دەروازە نافەرمییەكان دادەخات، دەروازەكانی هەرێمیش دەبنە دەروازەی قاچاخچێتی‌

پەیسەر

عێراق بڕیاریدا سەرجەم دەروازە سنورییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی دابخات، پاساوی ئەو بڕیارەش كۆنترۆڵكردنی داهاتی دەروازەكانە كە وەك دەوترێت بووەتە یەكێك لە گەورەترین زۆنەكانی گەندەڵی، ئەوەش لەكاتێكدایە كە لە هەرێمی كوردستان پرسی گەندەڵی دەروازە سنورییەكان پرسێكە تەمەنی هێندەی تەمەنی كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێمە و ئێستا تەنها بە گەندەڵییەوە نەوەستاوە بەڵكو قاچاخچێتی ئاشكرا و ئامدیوكردنی كاڵای بەبێ‌ گومرگ تێدا ئەنجام دەدرێت و دەوترێت بەرپرسان خۆیان قاچاخچێتی دەكەن و نوسینگەی قاچاخچێتی بە رەسمی لە شارەكاندا كراوەتەوە.

دەروازە نارەسمییەكان دادەخرێن
دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیران، یەكێك لەو دۆسێیانەی بەردەوام مستەفا كازمی دەستی بۆ بردووە دۆسێی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان بووە، تەنانەت دۆسێی دەروازەكان بەردەوام یەكێك بووە لە خاڵەكانی گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا.
لە دواین پێشهاتیشدا سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا كە سەرجەم دەروازە سنورییە نارەسمییەكان دابخرێن و تەنها دەروازە رەسمییەكان بمێننەوە، بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەش ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و دەزگای هەواڵگری عێراقی راسپارد.

گەندەڵی دەروازە سنورییەكان
بەپێی ئامارە  فەرمییەكانی عێراق، بەهۆی گەندەڵی و نەبوونی دەسەڵاتی حكومەت لە دەروازەكان، ساڵانە نزیكەی هەشت ملیار دۆلار بەهەدەر دەچێت، عێراق ٢٢ دەروازەی سنووری هەیە و دیارترینیان بریتین لە زرباتییە، شەلامچە، مونزرییە و شیب لەگەڵ ئێران، سەفوان لەگەڵ كوێت، ترێبیل لەگەڵ ئوردن، وەلید لەگەڵ سوریا، عەرعەر و عەرعەری نوێ لەگەڵ سعودیە.

لە خولی كابینەی پێشووی حكومەت سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكان رایگەیاند، ئەو داهاتەی كە پێویستە حكومەت لە دەروازە سنورییەكان دەستی بكەوێت، نزیكەی ١٠ ملیار دۆلاری ساڵانەیە، بەڵام ئێستا ساڵانە تەنها دوو ملیار دۆلار دێتە قاسەی حكومەت.
حكومەتی عێراق ساڵانە بە بەهای ٤٠ ملیار دۆلار كەلوپەل و پێداویستی هاوردە دەكات، كە زۆرینەی لە ئێران و توركیاوەیە، بەڵام داهاتی ئەو ئاڵوگۆڕە دەچێت گیرفانی ئەوانەی كۆنتڕۆڵی دەروازە سنورییەكانیان كردووە، دەوترێت گروپە چەكدارە شیعەكانی حەشدن و فەرمان لە ئێران وەردەگرن.

كۆنترۆڵكردنی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان
لە چەند مانگی رابردوودا و بە تایبەت لە كۆبوونەوە و سەردانی وەفدەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد، یەكێك لەو دۆسێیانەی بەردەوام بەغداد تەركیزی كردووەتەسەر دۆسێی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بووە و لێكتێگەیشتنێكیش هەبوو بۆ رێككەوتن لەسەر دەروازەكان.
سێ‌ مانگ لەمەوبەر، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەك خاڵی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە ئەوانە خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدادە لەبارەی دەروازەكان، خاڵەكان بەجۆرێك بوون كە:-

یەك:- یەكخستنی رێكارەكانی دەروازە سنوورییەكان ئاسمانی، وشكانی و دەریایی؛ دەكرێت گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی دەرەكی بكرێت و رێكبكەون لەسەر ژمێرەی گومرگی، ئەوەش دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەردوولا. تیمێكی كاری تەكنیكی پێكدەهێندرێت لە فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە.
 
دوو:- یەكخستنی رێكارەكانی گومرگ و دەروازەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ تەواوی دەروازەكانی حكومەتی فیدراڵی بە هەر رێگەیەكی كاركردن كە پشتی پێدەبەسترێت لەگەڵ پێناسەی گومرگی یەكگرتوو.
 
سێ‌:- دانانی سیستمێكی ژمێرە لەبارەی داهاتە گومرگییە بەدەستهاتووەكان لە رێگەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و مامەڵەكردن پێی بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019.
 
چوار:- دانانی رێنمایی و رێكارەكان، كە حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان پێوەی پابەندبن بۆ تووندتۆڵكردنی هاتنی كەرەستە و كاڵای هاوردەكراو بەپێی یاسای گومرگی فیدراڵی و یاساكانی دیكە.


قاچاخچێتی لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان
ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەروازە سنورییەكان تەنها دەروازەیەك نین بۆ گەندەڵی، بەڵكو دەروازەیەكیشن بۆ كاری قاچاخچێتی ئاشكرا، ئاشكرا بە ئەندازەیەك كە نوسینگە بۆ قاچاخچێتی لە شارەكانی هەرێمەكە كراوەتەوە و بە وتەی پەرلەمانتارێكیش بەشی زۆری داهاتی قاچاخچێتی سنورەكان بۆ بەرپرسانە.
دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان باس لە دۆسێیەك دەكات و دەیسەلمێنێت كە بەرپرسان لە هەرێمی كوردستان قاچاخچێتی دەكەن و بەشی زۆری داهاتەكەی بۆ ئەوانە و پشكێكیش لە داهاتەكە بۆ نوسینگەی قاچاخچێتییەكەیە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: هەفتەی پێشوو سەدان سەر وڵاخ بە قاچاغ داخڵی هەرێم كراون، لە كێلێ و ناوچەكانی دەوربەری  بە بازگەی فەرمی و بەبەرچاوی حكومەتی هەرێمەوە دەگاتە شوێنی دیاركراو لە سلێمانی، لە هەر وڵاخێك 84 دۆلاری بۆ بەرپرسانە، بەوەش زیاتر لە 10 ملیار دینار دەستی چەند بەرپرسێك دەكەوێت.
بە وتەی دابان محەمەد: بڕیار و ڕێكارەكانی حكومەت سەبارەت بە دەروازەكان، بچوكترین كاریگەری لەسەر ڕێكخستنەوەی دەروازەكان و كەمكردنەوە كاری قاچاخی نەبووە.

ئەگەرچی لە عێراق گرەوی زۆر لەسەر ئەوە دەكرێت كە حكومەت ناتوانێت دەروازە سنورییەكان كۆنترۆڵ بكات چونكە تۆڕێكی گەورەی گەندەڵكاران دەستیان بەسەردا گرتووە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەركەكە دووجار قورسترە لەوەی بەغداد، لەلایەك دەروازەكان گەندەڵی تێدا ئەنجام دەدرێت و لەلایەكیش قاچاخچێتی ئاشكرا لەبەرچاوی هێزە ئەمنییەكان.