ڕاپۆرتی عیراق

05:24 - 09/11/2020

ئاسته‌نگى زۆر له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بن‌

پەیسەر

یاساى نوێى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، واژۆى سه‌رۆك كۆماریشى خرایه‌ سه‌ر، ته‌نها بڵاوكردنه‌وه‌ى ماوه‌ له‌ رۆژنامه‌ى فه‌رمى، دواى ده‌رچوونى یاساكه‌ له‌ په‌رله‌مان، لایه‌نه‌كان خۆیان بێده‌نگ كردووه له‌ پرۆسه‌كه‌ و وه‌ك پێشوو باس ناكرێت، به‌پێى ئه‌و كاته‌ بێت كازمى بۆى دیاریكردووه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ سه‌ره‌تاى مانگى شه‌شى داهاتوو به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، به‌ڵام زۆر ئاسته‌نگ له‌ به‌رده‌میدا كه‌ڵه‌كه‌بوون كه‌ ئه‌گه‌رى ئه‌نجامنه‌دانى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى زیاتر كردووه‌.

لایه‌نگرانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت، دوو سه‌رۆكایه‌تى عێراق(سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران) له‌گه‌ڵ چه‌ند وڵاتێك كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ رێگه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ گۆڕانكارى له‌ نه‌خشه‌ى سیاسى عێراق درووست بكه‌ن و له‌ پێگه‌ى به‌شێك له‌ حزبه‌كان بده‌ن، له‌ به‌رامبه‌ردا زۆرینه‌ى حزبه‌كان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دژى هه‌ڵبژاردنه‌كه بوون، به‌ تایبه‌ت به‌م یاسا نوێیه‌ كه‌ پرۆسه‌كه‌ى ته‌واو ئاڵۆزكردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ حزبه‌كان.

بۆچوونى ئه‌مریكا كه‌ پشتیوان و ئه‌ندازیارى هه‌نگاوه‌كانی چوون به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌، گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌، به‌ڵام ئیداره‌ى نوێى جۆ بایدن كه‌ بڕیارە ناوه‌ڕاستى مانگى یه‌كى ساڵى داهاتوو ده‌ستبه‌كاربن، هێشتا دیدگاى روون نییه‌ به‌ چ ئاڕاسته‌یه‌ك كار له‌ مه‌له‌فى عێراقدا ده‌كه‌ن، بۆیه‌ش پێده‌چێت عێراقییه‌كان چاوه‌ڕێى ده‌مى ئیداره‌ى نوێى كۆشكى سپى بن، ئه‌و كاتیش ته‌نها چوار مانگى ده‌مێنێت بۆ كاتى دیاریكراوى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، بۆیه‌ش به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌و كاته‌دا ئه‌سته‌مه‌.

كابینه‌كه‌ى مسته‌فا كازمى تا ته‌مه‌نى هه‌ڵده‌كشێت زۆرتر رۆده‌چێته‌ نێو قوڵایى قه‌یرانه‌كانه‌وه‌، به‌ جۆرێك تا دێت خه‌ریكه‌ ئه‌فسانه‌ى كازمى وه‌ك فریاد ره‌س كاڵ ده‌بێته‌وه‌، كابینه‌كه‌ى ئه‌و ته‌نها كابینه‌یه‌ له‌ مێژووى عێراقدا ته‌نانه‌ت مووچه‌شى پێ دابین ناكرێت و چاوه‌ڕێى په‌رله‌مانه‌ تا رێگه‌ى بدات قه‌رز بكات بۆ مووچه‌. 

بۆیه‌ پێناچێت كازمى هه‌مان مه‌یلى سه‌ره‌تاى مابێت بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خت، به‌ جۆرێك هه‌نگاوه‌كانى نه‌ له‌رووى ئه‌منى، نه‌ له‌رووى سیاسى و ئابوورییه‌وه‌ نه‌چوونه‌ته‌ پێش و ئه‌نجامه‌كانى به‌ دۆخى خراپى عێراقه‌وه‌ دیار نین، پێناچێت كازمى خواستى ئه‌وه‌ى هه‌بێت له‌نێو شكستى كابینه‌كه‌یه‌وه‌ بچێته‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن، به‌ تایبه‌ت ئه‌م پیاوه‌ تموحى سیاسى هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت به‌شدار بێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، یاخود هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ جۆرێك بێت دەر‌فه‌تى ئه‌وه‌ى پێبدات جارێكى دیكه‌ له‌سه‌ر كورسى سه‌رۆك وه‌زیران دابنیشێت. 

هه‌رچى په‌یوه‌سته‌ به‌ یاساى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ یاساكه‌ گۆڕانكارى بنه‌ڕه‌تى كردووه‌ له‌ سیسته‌مى هه‌ڵبژارندا و به‌ ته‌واوى سیسته‌مى پێشووى هه‌ڵته‌كاندووه‌، ئه‌م شێوازه‌ تازه‌یه‌ لەڕووى كرده‌ییه‌وه‌ ره‌نگه‌ كاتێكى زۆرى بوێت تا كۆمسیۆن بتوانێت ئاماده‌بێت بۆ راپه‌ڕاندنى كاره‌كه‌، چونكه‌ هه‌م نه‌خشه‌ى دابه‌شكردنى بازنه‌كان پێویستى به‌ ورده‌كارى زیاتر و تۆمارى ده‌نگدانى سه‌ربه‌خۆیه‌، هه‌م پێداویستییه‌ ته‌كنیكى و لۆجستییه‌كان ته‌واو جیاوازن و ئه‌زموونى پێشوویان نییه‌ تا بناغه‌یه‌كى ئاماده‌بوونى هه‌بێت. 

هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت له‌سه‌ر ئاستى وڵاتان لایەنگرى زۆرن، به‌ تایبه‌ت ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا خواستى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ سیسته‌مى حزبایه‌تى ته‌قلیدى زۆرینه‌ى شیعه‌ له‌ عێراق پاشه‌كشه‌ بكات و هه‌ڵبژاردن ده‌رفه‌تێكى نوێ دروست بكات بۆ بنیاتنانى عێراقێكى نوێ، به‌ڵام له‌ واقیعدا وه‌لانانى رۆڵى ئه‌و لایه‌نانه‌ پێده‌چێت كارى زیاترى بوێت و وا به‌ سانایى نه‌یه‌ته‌ دى. 

گرفتێكى دیكه‌ كۆمسیۆنه‌ كه‌ تا ئێستا هیچ قسه‌یه‌كى له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌ نه‌كردووه‌و هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كى له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كانى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت نه‌داوه‌، پێناچێت به‌نیازى ئه‌وه‌بن له‌ ناوه‌ڕاستى ساڵى داهاتوو هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، بۆیه‌ش تا ئێستا خۆیان لێ بێده‌نگ كردووه‌. 

هه‌رچى په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ رێككه‌وتنى ژێربه‌ژێرى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌، هه‌ندێك زانیارى هه‌ن كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان رێككه‌وتنێكى په‌نهان و رانه‌گه‌یه‌ندراویان هه‌یه كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌و واده‌ى بڕیارى لێدراوە به‌ڕێوه‌نه‌بچێت ‌ و دوابخرێت، لایه‌نه‌كان زۆرینه‌ى ره‌هایان ترسیان هه‌یه‌ له‌وه‌ى یاسا تازه‌كه‌ هه‌ژموونى پێشوویان لێوه‌ربگرێته‌وه‌، بۆیه‌ پێكڕایان پێویستیان به‌ به‌رچاوڕوونى و ئاماده‌كارى زیاتره‌.   

له‌رووى یاساییه‌وه‌، ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن پێویستى به‌ دادگاى فیدراڵییه‌ به‌جۆرێك هه‌م ناوى كاندیده‌كان به‌ دادگاى فیدراڵى په‌سه‌ند ده‌كرێت و هه‌م ئه‌نجامه‌كان تا دادگاى فیدراڵى په‌سه‌ندى نه‌كات، له ‌كاتێكدا ئێستا دادگاكه‌ نیسابى یاسایى له‌ ده‌ست داوه‌ به‌هۆى خانه‌نشینكردنى چه‌ند ئه‌ندامێكیه‌وه‌، په‌رله‌مان ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ى یاساوه‌ كێشه‌ى دادگاى فیدراڵى چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت ئێستا بووه‌ته‌ به‌ربه‌ستێكى یاسایى له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن. 

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ عێراق به‌ قه‌یرانێكى سه‌ختى داراییدا تێده‌په‌ڕێت و ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن خه‌رجییه‌كى زۆرى پێویسته‌، به‌ تایبه‌ت سیسته‌مێكى نوێ په‌یڕه‌و ده‌كرێت و ده‌بێت زۆربه‌ى ئاماده‌كارییه‌كان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌. ئێستا حكومه‌ت به‌ نیازه‌ بۆ مووچه‌ 42ملیار دۆلار قه‌رز بكات بۆ دابینكردنى مووچه‌.

به‌پێى ئاماژه‌كان بێت، ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن به‌ربه‌ستى، سیاسى، یاسایی، ئابوورى و ته‌كنیكى له‌ پێشن، له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌نگاوه‌كان بۆ چاره‌سه‌رى به‌ربه‌سته‌كان كه‌من، پێناچێت له‌و ماوه‌ى كازمى رایگه‌یاندووه‌، بتوانرێت هه‌ڵبژاردنى نوێ له‌ عێراق ئه‌نجام بدرێت.