ڕاپۆرتی عیراق

11:23 - 09/11/2020

گۆڕە بەكۆمەڵەكانی دوای داعش؛ چییان لەخۆگرتووە؟‌

پەیسەر

تاوانەكانی داعش هەر ئەوەنەبوو كە لەكاتی خۆیدا ئەنجامیانداوەو بە نەمانی دەسەڵاتیان كۆتاتی بەهەموو شت بێت و ببنە لاپەڕیەكی رەش لە نێو مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەڵكو تادێت شوێنەوارە ناشیرین و دژە مرۆییەكانیان هەڵدەدرێتەوەو مرۆڤایەتی لەوە تێدەگات ئەو گروپە چەندە مەترسیدارو دژە مرۆڤایەتی بوون، یەكێك لەو شوێنەوارانەی بە جێێان هێشتووە بوونی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی هاوڵاتیانی جۆراوجۆری عێراقە كە بە هۆكاری جیاواز كۆمەڵكوژ كراون.

ئەندامێكی دەستەی ڕاوێژكارانی عێراق ئەمرۆ دوو شەممە ڕایگەیاندووە كە هەڵدانەوەی گۆڕی بەكۆمەڵی –الخسفة- لە پارێزگای نەینەوا-موسڵ- پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگی نێو دەوڵەتی هەیە، بە پێی وتەكانی سەعد عەبدەلی گۆڕە بەكۆمەڵەكە زۆر گەورەیەو چاوەڕێ دەكرێت زۆرترین تەرمی تێدا بێت و لەبەر ئەوەی نازانرێت ڕووبەرو قولاییەكەشی چەندە پێویستمان بە هاوكاریی تیمە زۆر شارەزاكانی بواری هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەبێت، بە پێی شارەزاییە سەرەتاكانی ئێمە تەرمەكان كەوتوون بەسەریەكدا و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئێسك و پاشماوەكانیان تێكەڵ بەیەكتریی ببن و جیاكردنەوەیان سانا نەبێت، ئەوەش بۆ ئێمەو بۆ كەس و كاری قوربانیەكانیش دەبێتە نیگەرانی كە نەتوانین وەك پێویست ڕوفاتی قوربانیەكان جیابكەبنەوە.
 بەپێی وتەی عەبدەلی گۆڕەكە زۆر قووڵە بۆیە پێویستی زۆریان بە پێداویستیەكانی هەڵدانەوەی گۆڕی بەكۆمەل دەبێت و كە تەنها لە توانای تیمە نێو دەوڵەتیەكاندا هەیە و پێویستە هەماهەنگی نێو دەوڵەتی بۆ بكرێت.
بە پێی وتەی عەبدەلی ئەوان داوایان ئەوەیە لە كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی كە دوو كاری سەرەكییان بۆ ئەنجام بدەن، ئەوانیش بریتین لە:
یەكەم: پشتیوانی و هاوكارییكردنی تیمە عێراقیەكان بۆ چۆنیەتی ڕووداوەكەو نمایشی تاوانەكە، واتە –مەسرەحی جەریمە-یان بۆ بكرێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی لەو بوارەدا شارەزایی تەواو پەیدا بكەن.
دووەم: قەرەبوو كردنەوەی كەس و كاری قوربانیەكان بە هەردوو ڕێگەی مادی و مەعنەوی و ناساندنی ئەو تاوانەو كوشتنی ڕۆڵەكانیان بەتاوانی جەنگی و جینۆساید، لەبەرئەوەی بەخوێنی ئەوان توانراوە تیرۆر لەناوچەكەدا كۆتایی پێبهێنرێت.
گۆڕی بە كۆمەلی - الخسفة- زۆر گەورەو قوولەو دەكەوێتە بەشی باشووری رۆژئاوای شاری مووسڵ و 20 كیلۆمەتر نزیك حەمام عەلیل ، شوێنەكەی دەكەوێتە بیابانێكی فراوانی پێچ و دوور لە ئاوەدانی، ئەو ناوچەیە هیچ جۆرە ژیانێكی تێدا نیەو زۆرچەپە، لەنێو خەلكی ناوچەكەدا واباوە كە كاتی خۆی و هەزاران ساڵ پێش لە ئێستا  تەنێكی ئاسمانی لێكەوتووەتە خوارەوە بۆیە هیچ جۆرە ڕووەكێكی ئەوتۆی تێدا سەوزنابێت و ئاوەدانیشی تێنەكەوتووە، لە لایەكی دیكەشەوە لەناوچەی حەمام عەلیل بە چاڵەجنۆكە بەناوبانگە و ئەوەش بووەتە پاڵنەری داعشیەكان كە هەلیبژێرن بۆ گۆڕی بەكۆمەل تا دوور بێت لەچاوی خەڵك و كەس و كاریشیان بۆیان نەدۆزرێتەوەو بەتاسەیانەوە بژین و بمرن..
بە پێی توێژینەوەی تیمی تایبەتی عێراقی گۆڕەكە زۆر قووڵەو بە یەكێك لە هەرە گۆڕە بەكۆمەلەكانی عیراق دێتە ئەژمار، وەك توێژینەوە عیراقیەكان درەریانخستووە پێش بینی دەكرێت كە زیاتر لە 2000 تەرمی تێدا بێت و گشتیان پێكەوە گوللـە باران كردبێت، ئەوانەی كە سەردانی ئەو ناوچەیەیانكردووە باسیان لەوە كردووە بۆنێكی زۆر توندی كبیرت ئاسای لێدێت، بەجۆرێك مرۆڤ ناتوانێت لەو ناوچەیەوە تێبەپەڕێت و ئەگەر ماوەیەك بتەوێت هەلوێستەیەك بكەیت هەناسەت دەگیرێت، ئەوەش هێشتا بۆیان یەكلایی نەبووتەوە ئایا پێكهاتەی خاكەكەی بەو جۆریەیە یانبەهۆی كارلێكی تەرمەكانەوە ئەو بۆنە دروست بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان و نوێنەرایەتییان لە عێراق –یونامی- لەعێراق 202 گۆری بە كۆمەڵ هەیە، زۆرینەیان دەكەونە پارێزگای موسڵ و ژمارەیان 95 گۆڕی بەكۆمەڵە، لەدوای ئەویش پارێزگای كەركووك دێت كە ژمارەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی 37 گۆڕە، پارێزگای سەڵاحەدینیش 24 ەو ئەوانی دیكەش پەرت و بڵاوبوونەتەوە لە شوێنەكانی دیكە.
نەتەوە یەكگرتووەكان باس لەوە دەكات كە لە نێوان 6 بۆ زیاتر لە 12 هەزار كەس لەنێو ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەدان، پێكهاتەكانیشیان تێكەڵاوی پیاوان ، ژن و منداڵانن، ئیتر هیچ جیاوزییەك نەكراوە لە نێوان پیرو گەنج ژن و منداڵدا، یان خاوەن پێداویستی تایبەت بووبێت. تا ئێستاش تەنها 28 گۆڕی بەكۆمەڵیان هەلدراونەتەوەو 4 یان لە دیالەو 1دانە لە موسڵ و 23 یان لە سەڵاحەدین و بەكۆی هەموویان 1258 تەرمیان تێدا بووە..