03:14 - 08/11/2020
قەرز عێراق و هەرێمی كوردستان بەكوێ دەگەیەنن؟
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەی پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی پەسەندكرد، بەڵام ئەم پەسەندكردنە نەبووە هۆی كۆتایهێنان بە دواكەوتنی مووچە بەهۆی پێداگری حكومەت لە وەرگرتنی قەرز، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە پەرلەمان تەنها رەزامەندی داوە لەسەر وەرگرتنی قەرز نەك بڕی قەرزەكە.
لە ئێستاشدا حكومەت سەرەتا داوای رەزامەندی وەرگرتنی 41 تریلیۆن دینار قەرزی دەكرد و دواتر بڕەكەی كەمكردەوە بۆ 31 تریلیۆن دینار، بەڵام پەرلەمان پێیوایە ئەو بڕە زۆرە بۆ مووچەی 3 مانگی كۆتایی ئەمساڵ و فشار دەكات كە حكومەت زیاتر لە بڕی 10 تریلیۆن دینار قەرز نەكات، هەربۆیە رێككەوتن لەسەر بڕەكەی گەڕێندرایەوە بۆ حكومەت و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران.
پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی
پرۆژەی پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی وەك لە پرۆژەكەدا نوسراوە ئامانجی ئامادەكردنی بۆ دواكەوتنی پەسەندكردنی پرۆژەبودجەی ساڵی 2020 و تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان و دابەزینی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە كە بەهۆیەوە حكومەتی عێراق تووشی گرفت بووە لە دابینكردنی پارە بۆ خەرجییە گشتییەكان.
هەروەك پرۆژەكە كە ناوی (یاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی ساڵی 2020)ە، دوو ماددەی سەرەكی لەخۆی گرتووە.
مادەی یەكەم: پێدانی دەسەڵات بە وەزیری دارایی بۆ وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی لە رێگەی حەواڵات و سەنەد و قەرزی ناوخۆیی، هەروەها قەرزكردن لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەكان و بانكە بیانییەكان بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران.
مادەی دووەم: ئەم یاسایە بەركارە تا كۆتایهاتنی ساڵی 2020 یان تا ئەوكاتەی كە پرۆژەبودجەی ناوەندی پەسەند دەكرێت.
حكومەت نغرۆی قەرز بووە
داوای حكومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی قەرزی زیاتر لەكاتێكدایە كە قەرزەكانی سەر ئەو حكومەتە 100 ملیار دۆلاریان تێپەڕاندووە و پەرلەمانتارانیش نایشارنەوە كە عێراق بەرەو مایەپوچبوون دەڕوات.
ئەحمەد مەزهەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكیدا میدیایدا دەڵێت: عێراق زیاتر لە 140 ملیار دۆلار قەرزدارەوە رێگا نادەن چیدیكە قەرزی نوێ بكات، ئەگەر نەزانرێت ئەو پارەیە چۆن و لەچیدا خەرج دەكرێت.
مەزهەر پرسیار دەكات كە ئایا وەزیری دارایی دەیەوێ گەلی عێراق بەرەو كوێ ببات،چونكە قەرزەكانی سەر عێراق زۆر گەورەیە و وەزیریش دەیەوێت 41 تریلیۆن دیناری دیكەی بخاتە سەر.
دواكەوتنی مووچە
لە دوو مانگی رابردوودا بەهۆی ململانێی پەرلەمان و حكومەت لەبارەی وەرگرتنی قەرز، مووچەی مووچەخۆرانی عێراق دواكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، مووچەی مانگی ئەیلول دوو هەفتە لە وادەی خۆی دواكەوت، بۆ مووچەی ئەم مانگەش تا هەنوكە هیچ بەروارێك بۆ دەستپێكردنی دەستنیشان نەكراوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا وەزیری دارایی عێراق بە ئاشكرا رایگەیەنێت ئەگەر پەرلەمان بەردەوام بێت لە دواخستنی پرۆژەی قەرزكردن، ئەوا مووچە دوو هەفتەی دیكە دوادەكەوێت.
عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق وادەی پێشبینی كراوی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی 10 ئاشكراكرد و بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند: ئەگەر یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی پەسند نەكرێت، پێدەچێت مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی 10 دوای دوو هەفتەی دیكە خەرج بكرێت، ئەگەریش پڕۆژە یاساكە پەسند بكرێت، ئەوا بەشێوەیەكی راستەوخۆ مووچەی مانگی 10 دابەش دەكرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە مانگی رابردووش مووچە لە عێراق دواكەوت و دوای نزیكەی 50 رۆژ لە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاب، مووچەی مانگی ئەیلول دابەشكرا.
راگرتنی بەشەمووچەی هەرێمی كوردستان
هاوكات لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی لە عێراق و نەتوانینی دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران، نەیارانی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد داوای راگرتنی بەشەمووچەی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی ناوەندی دەكەن.
عەمار توعمە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی: یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كە لەلایەن حكومەتەوە ڕەوانەی پەرلەمان كراوە، بەهیچ شێوەیەك باسی ڕادەستكردنی داهاتەكانی هەرێمی كوردستانی نەكردووە و نەخراوەتە چوارچێوەی پڕۆژەیاساكەوە.
وتیشی: ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی فرۆشی نەوت و داهاتەكانی دەروازە سنورییەكان و تۆمارێكی وردی ژمارەی فەرمانبەران ڕادەستی حكومەت نەكات، ئەوا ڕێگەپێدراو نییە حكومەت شایستە داراییەكان هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات.
هەرچۆنێك بێت ئەوەی ئێستا دیار و لەبەرچاوە ئەوەیە كە حكومەتی عێراق تووشی قەیرانی دارایی قوڵ بووە، قەیرانێك كە بۆ یەكەمجارە تەنانەت نەتوانێت مووچەی مووچەخۆرەكانی دابین بكات، بەڵام ئەوەی كە نادیارە ئەوەیە ئایا لەماوەی 3 مانگی داهاتوودا وەك بانگەشەی بۆ دەكرێت عێراق دەتوانێت لەو تەنگژەیە قوتاری ببێت یان بە قەیران و قەرز و فشارەوە پێدەخاتە ساڵی 2021ەوە.