01:08 - 07/11/2020
سەدر بە زمانێكی تووند 16 پێشنیار دەخاتەڕوو
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ژمارەیەك پێشنیار بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی دەخاتەڕوو و لە یەكێك لە پێشنیارەكانیدا بۆ حكومەتی ناوەندی، باس لە نەوتی هەرێمی كوردستان و چارەسەری كێشەی نەوتی دەكات.
رێبەری رەوتی سەدر لەو پێشنیارنامەیەدا كە 16 خاڵی لەخۆگرتووە، هەر لە كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆ و پاراستنی لە دەستێكی ئەمیندا تا فرەسەرچاوەكردنی داهات و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران و دۆسێی نەوتی هەرێم و دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق لەخۆی دەگرێت و لەپێشەكی پێشنیارنامەكەشیدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەهۆی ئەم پێشنیارانەوە كەسانێكی لێ زویر دەبن، بەڵام ئەو وا راهاتووە بە راشكاوی قسەبكات.
دەقی پێشنیارەكان:-
یەكەم: وەرگرتنەوە و كۆكردنەوەی كرێی ئاو و كارەبا بەو مەرجەی لە دەستێكی ئەمیندا بن.
دووەم: ئاسانكاری بۆ پێدانی قەرزە بانكییەكان بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەی مامناوەند و گەورە و لەبەرامبەر ئاسانكارییەكاندا حكومەت پشكی هەبێت لە پرۆژەكاندا.
سێیەم: پەرەپێدانی كاری كشتوكاڵی لە رێگەی دابەشكردنی زەوی بەسەر جوتیاران و حكومەت پشكی هەبێت لە بەرامبەر زەوییەكەدا لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان.
چوارەم: بەتایبەتكردنی چەند كەرتێكی گشتی ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت لە نمونەی كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی و كەرتەكانی دیكە.
پێنجەم: ئاشكراكردن و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران كە لە چەندساڵی رابردوودا پارە و سامانی گشتییان بۆ خۆیان و چواردەوریان یان حیزبەكانیان بەكارهێناوە، بەدادگا گەیاندنیان و لێسەندنەوەی ئەو پارانەی كە بردوویانە.
شەشەم: دەركردنی هێزە داگیركەرەكان كە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە بەهای چەندین ملیار دۆلار بە لە عێراق و ئەو زیانانە بەردەوامن بەناوی پاراستنی وەهمی خاكی عێراقەوە.
حەوتەم: لەبێژنگدانی رێككەوتنی چینی و سپاردنی بە دەستێكی ئەمین تا نەبێتە رێككەوتننامەیەكی ئابڕوبەری دیكە.
هەشتەم: پاراستنی بانكەكانی عێراق لەرووی ئەمنییەوە لەلایەك و پاراستنیشیان لە گەندەڵكاران لەلایەكی دیكە و راگرتنی گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوە و رێكخستنەوەی كارەكانی بانكی ناوەندی.
نۆیەم: كاركردن بۆ سوودوەرگرتن لە سامانەكانی عێراق جگە لە نەوت و پەرەپێدانیان دوور لە دەستی گەندەڵكاران.
دەیەم: كۆكردنەوەی باج و رسوماتی گومرگی و هاوشێوەكانی لە دەستێكی ئەمینی دوور لە گەندەڵكاراندا.
یازدە: پاراستن و هاندانی وەبەرهێنەران لەرێگەی هاوكاری دارایی و مەعنەوەی.
دوازدە: پاكسازی و رێكخستنەوەی مووچەخۆران و خانەنشینان.
سێزدە: كاركردن بۆ راپەڕاندنی كاروباری هاوڵاتیان لە فەرمانگەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی تا رێگری بكرێت لە گەندەڵی.
چواردە: پاراستنی نەوت و داهاتی نەوتی لە گەندەڵكاران و گەڕاندنەوەی داهاتەكەی بۆ دەوڵەت.
پازدە: وەبەرهێنان لە سێكتەری گەشتوگوزار لە هەموو رووەكانەوە.
شازدە: رێككەوتن لەنێوان حكومەتی ناوەندی و هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشە داراییەكان و دۆسێی نەوت.