02:15 - 04/11/2020
مەترسیەكانی بزووتنەوەی عەهدوڵای ئیسلامی لەسەر ئێستا و داهاتووی عێراق
عێراق
بە دۆخێكی دارایی و تەندروستی خراپدا تێدەپەڕیت و بەشێكیش لە چاودێرانی سیاسی
پێیان وایە عیراق بەرەو دۆخێكی نوێ هەنگاو هەڵدەگرێت و ئەگەر جیابوونەوەی هەرێمی
سوننەكان لە عیراق دۆخەكە نەشڵەقێنێت ، ئەوا هەلبژاردنە چاوەڕوانكراوەكان گۆڕانكاریی
ڕیشەیی دەهێنێتە پێشەوە، كێشە هەلپەسێراوەكانی وەك دەركردنی هێزە بیانیەكان و
پەرتكردنی هێزە شیعیەكان و بڕینی دەستی ئێران لە عێراق و هەلوەشاندنەوەی هیلالی
شیعی گۆڕانكاری بەسەردا دەهێنێت، بەڵام هێشتا جووڵە سەربازی و سیاسییە
پێچەوانەكانیش بەردەوامییان هەیە.
سەرەڕای
زۆریی زۆری حیزب و میلشیا لە عێراق و ڕێكنەخستنەوەیان لە ناو دامەزراوەی سەربازیی
عێراقدا، ئەمڕۆ چوار شەممە 4/11/2020 بزووتنەوەیەكی دیكەی شیعە كە نزیكە لە
ئێرانەوە خۆی ڕاگەیاندو زانایەكی ئاینی وەك سەركردەی ئەو بزووتنەوەیە دەركەوت و
لەگەڵ ئەوەشدا نەك هەر پابەندی خۆی بۆ ئێران ناشارێتەوە بەڵكو بە ئاشكرا خۆیان بە
كوڕو نەوەی ئیمام خومەینی ڕێبەری پێشووی كۆماری ئیسلامی دەزانن..
میدیاكانی
عێراق بڵاویان كردەوە بزووتنەوەی –عهدالله- بە سەرۆكایەتی پیاوی ئاینی شیعە مەزهەب
–هاشم الحیدری- خۆی ڕاگەیاندووەو لە وتارێكدا حەیدەری لە وتارێكدا گوتویەتی: ئێمەی
ئەندامانی عهد الله نەوەكانی ئیمام خومەینین لە عێراق، هەروەها لە بەشێكی دیكەی
وتەكەیدا گوتوویەتی بەتەواوی گوێ بۆ قسەكانی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانی
عێراق ڕادەگرینو بە گیانی خۆمان پارێزگاریی لێدەكەین و لە پێناویدا خۆمان دەكەینە
قوربانی.
حەیدەری
ئاماژەی بە دۆخی ئێستای عێراقیش كردووە و گوتوویەتی: بزووتنەوەكەیان بەشداری
هەڵبژاردنەكان ناكات بەڵام بەرچاو ڕوونی بە خەڵك و لایەنگرەكانی خۆی دەدات كە چ
جۆرە كاندیدێك هەڵدەبژێرن و لەو پێناوەشدا ئامادەیی هەموو جۆرە هاوپەیمانێتی و
كارێكی هاوبەشیان هەیە.
ماوەیەك
پێش لە ئێستا هاشم حەیدەری لە میداكانی عێراقەوە دەركەوت و بەشێك لە میدیاكان
لێكچوواندنیان بۆكرد لە گەڵ حەسەن نەسروڵای لوبنانی و سەركردەی حزب الله ی لوبنان،
كاتێكیش كە لەناوچەی كازمیەی عێراقەوە بۆیەكەمجار چاوی ڕاگەیاندنەكانی خرایە سەر
وەك حەسەن نەسروڵای عێراقی ناوی هێنرا، هەندێك لە میدیاكانیش ئەو لێكچوونەیان
بەشتێكی هەڕەمەكی نەزانی و ڕایانگەیاند كە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لە نێوانیاندا
هەیە، هەر چەندە زۆركاری بۆئەوە كردووە لقێكی حزب الله بهێنێتە عێراق بەڵام ڕەت
كراوەتەوەو ڕێگەی پێنەدراوە ئەو كارە بكات.
لە
هەمان كاتداپێگە كۆمەڵایەتیەكانی نزیك لە هاشم حەیدەری بەردەوام ئەو وێنەو
ڤیدیۆیانە بڵاو دەكەنەوە كە لەگەل ڕێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران دانیشتووەو باس لە
ڕۆڵی ئەو دەكەن لە چارەسەركردنی كێشەكانی ناو عێراق و تەنات بۆچوونەكانی لەبارەی
حوسیەكانی یەمەن و سوریاوە بڵاو دەكەنەوە.
ئەمڕۆش
چوار شەممە لە لاپەڕەی خۆی لە فەیس بووك هاشم حەیدەری بڵاوی كردەوە كە ڤیدیۆی
ڕاگەیاندنی –عهدالله- سڕاوەتەوە بەڵام وتارەكەی لە كەناڵی یوتیوب ماوەتەوە.
ڕاگەیاندنی
ئەو حزبە نوێیەی شیعەكان لە ساڵڕۆژی لەدایكبووی پێغەمبەری ئیسلام –د.خ- ماناو
مەبەستی زۆری تێدایەو لەوانەش جوڵاندنی هەستی لایەنگرانیەتی. لە بەیاننامەكەیدا
هاتووە كە بەشێوەیەكی گشتی لە ئاینی ئیسلام دەڕوانن وەك ئاینێكی شموولی و تێرو
تەواو كە بەرنامەی سیاسیو ئابووری و كۆمەڵایەتی هەمە لایەنەیە.
ئەو
سەركردەیە پێی وایە هۆكاری خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵك سەرچاوەكەی بۆ ئەوە
دەگەڕێتەوە كە خەڵك لە ئیسلام دوور كەوتووەتەوە. بۆیە ئەو هەموو كێشەو گرفتەیان
تووش بووە، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئیسلامی موحەمەدی بێگومان ئەو كێشانەیان نابێت.
-حركة
عهدالله الاسلامیة- ناوی تەواوی حزبە نوێیەكەیەو سەرەڕای باوەڕی تەواو بە هەموو
بنەما ئیسلامیەكان، لەسەر بنەمای ئال و بەیت دامەزراوە و خۆیان بە نەوەی ئیمام
خومەینی دەزانن لە عێراق و پێیان وایە لەڕێگەی ئەوەوە ئاینی ئیسلام لەم سەردەمەدا
بووژاوەتەوە و باوەڕیشیان بە هیچ سنورو نیشتیمانێكی دیاریكراو نییەو
بزوتنەوەكەشیان حساب بۆ نەتەوەو زمان و وڵات ناكات و تەنها باوەڕی بە موسڵمانێتی
هەیە.
لەبارەی
سەرجەم بیردۆز و بۆچوونەكانی ڕێكخستنی ژیان و فەرمانڕەواییەوە سەرجەمیان بە لادەرو نەفام و دوور لە خودا ناو دەبەن و
پێیان وایە هەرچی نەهامەتی و نەگبەتی هەیە لەڕێگەی ئەوانەوە هاتووەو هەموویان بە
لادەرو شكستخواردوو ناو دەبەن، ئیتر سەرچاوەكانیان ئەوروپا بن یان ئەمەریكا گرنگ
نییە.
عهدالله
جیاواز لە هەموو بزووتنەوە شیعیەكانی پێش خۆی كۆمەڵگەی دابەشكردووە بۆ دوو بەرەی –حەق
و باتڵ- و پێیی وایە بەرەی حەق ئەوەیە كە عەلی خامنەئی ڕابەری ئێستای كۆماری
ئیلامی ئێران ڕابەرایەتی دەكات و ئایەتوڵا سیستانی لە عێراق نوێنەرایەتی دەكات و
حەشدی شەعبیش لەسەری دەڕۆن، بەرەی باتڵ و پووچیش ئەوەیە كە ئەمەریكاو ئیسرائیل و
سەرانی عەرەبستانی سعودییەو ئیمارات ڕابەرایەتی دەكەن و سەرجەم ئەو دوو ڕووانەی كە
خۆیان ناوناوە موسڵمان و كەوتوونەتە شوێنی درۆو دەلەسەكانی ئەوان –وەك لە
بەیاننامەی حزبەكەدا هاتووە-.
هاشم
حەیدەری باس لەوە دەكات كە ماوەیەك پێش لەوەی قاسم سولەیمانی بكوژرێت كۆبوونەوەی
لەگەڵ هەبووەو پێی گوتووە ئامۆژگاریت دەكەم لە وتارەكانتدا زۆر باسی ئایەتوڵا
سیستانی بكە، لەبەر ئەوەی ئەو تەنها كەسێكە سەید عەلی خامنەئی باوەڕی ئێیی هەیە،
هەتا ئەو هەبێت ئیسلام بەهێز دەبێت ئەگەر كۆماری ئیسلامیش نەمێنێت ئیسلامیش لاواز
دەبێت، ئەو دەڵێت قاسمی پێی گوتم سیستانی زامنی ئەمن و ئاسایشی عێراقە.
سەرچاوەكانی
حەشدی شەعبی باس لەوەش دەكەن كە حەیدەری بۆ ماوەیەكی زۆر بەرپرسی كاروباری
رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی حەشد بووە، ساڵی 1946 لە كازمیەی بەغداد لە دایك و باوكێكی سەیدی
شیعەكان لە دایك بووەو ناوی لەنێو بنەماڵە سەیدەكانی كازمیەدا تۆماركراوە.