ڕاپۆرتی عیراق

01:55 - 03/11/2020

ساڵی داهاتوو عێراق جۆرە نەوتێكی نوێ‌ دەخاتە بازاڕەوە‌

پەیسەر

عێراق جۆرێكی نوێ‌ نەوت دەخاتە بازاڕەكانی جیهانەوە كە لە بەسرا بەرهەمهێنراوە و پێشبینی دەكرێت ببێتە ئایكۆنێكی نەوتی لە بۆرسەكاندا كە خواستێكی باشی لەسەربێت.

نەوتی نوێ‌
ئاژانسە جیهانییەكان بڵاویانكردەوە كە عێراق جۆرێكی نوێ‌ نەوتی بەرهەمهێناوە و لە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەیخاتە بازاڕەوە.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، نەوتە نوێیەكەی عێراق لە جۆری سێیەمە و جۆری مامناوەندە و پێبینی دەكرێت كڕیارێكی باش چاوەڕوانی بكەن.
ئەگەرچی نەوتە نوێیەكەی عێراق لە بەرئەنجامی بەرهەمهێنانی جۆرێكی نەوت دروستبووە كە لە جۆری دووەمی نەوتە بەناوی نەوتی بەسرا لایت، بەڵام كۆمپانیای سۆمۆ مەترسی هەیە كە ناچاربێت جۆرە نوێیەكەی نەوت بە كەمتر لە نرخی تێچووەكەی بفرۆشێت تا كاتێك كە نەوتەكە بە بازاڕ ئاشنا دەبێت و كڕیاری بۆ پەیدا دەكرێت.

جۆرەكانی نەوت
نەوت وەك هەر كاڵایەكی دیكە پلەبەندی جیاوازی هەیە و بەپێی كوالێتییەكەی و زیاد و كەمی رێژەی گۆگرد تێیدا پلەكەی و نرخەكەی دەستنیشان دەكرێت.
هاوكات چڕی نەوت پێوەری تایبەت بەخۆی هەیە و نەوتی هەرزان و گران یان باش و خراپ بەپێی رێژەی چڕییەكەی پێوانە دەكرێت بەلاًَم بە پێچەوانەی ژمارەكانەوە، هەتا رێژەی زیاتری بەرزتربێت بە نەوتی سوك ناودەبرێت و هەتا رێژەی چڕی كەمتر بێت بە نەوتی قورس دادەنرێت.
بەپێی پێوانەی پەیمانگای بەریتانی "ئەی پی ئای"، هەر جۆرە نەوتێك لە بازاڕەكاندا 38 نمرە بەرەو سەرەوە چڕی هەبوو بە نەوتی سوك هەژمار دەكرێت و هەر نەوتێكیش لە 22 نمرە بەرەو خوارەوە چڕ بوو ئەوا بە نەوتی قورس دادەنرێت.

نەوتی خاوی برێنت 
یەكێك لە گرنگترین جۆرەكانی نەوتە لە بازرگانیكردنی نەوتی جیهاندا و نرخی لە سەرجەم جۆرەكانی تری نەوت بەرزترە، برێنت ناوی كێڵگەیەكی نەوتە لە دەریای باكور كە كەوتووەتە نێو زەریای ئەتڵەسی. ناوی نەوتی برێنت دواتر بۆ هەموو ئەو نەوتانە دانرا كە لە جۆری ئەو نەوتەن لە كێڵگەی برێنت دەردەهێنرێن. ئێستە نەوتی برێنت لە كێڵگەكانی Oseberg,Forties Blend, Brent و Ekofisk دەردەهێنرێت و لە رێی لوولەوە بۆ بەندەری سالوم كە بە گەورەترین بەندەری دەریای باكور لە بەریتانیا هەژمار دەكرێت، دەگوازرێتەوە و لەوێشەوە كەشتییەكان باری دەكەن و بۆ وڵاتانی جیاوازی دنیای دەگوازنەوە.

هێمای جۆرەكانی تری نەوت لە دنیادا بریتین لەwti  وێست تێكساس ئێنترمیدێت، West Texas Entermediate، ئۆپێك یان Opec Reference Basket، نەوتی دوبەی، Dubai crude و نەوتی عومان، Oman Crude  .