01:51 - 03/11/2020
ململانێی حكومەت و پەرلەمانی عێراق لەسەر حسابی قوتی هاوڵاتیان
حكومەت و پەرلەمانی عێراق ململانێكانیان لەسەر حسابی مووچەخۆرانە و هەردوولایان پرسی دواخستنی مووچە وەك كارتی فشار دژی یەكتر بەكاردەهێنن.
حكومەت دەڵێت پەرلەمان بەرپرسە كە بەهۆی پەسەندنەكردنی پرۆژەی پڕكردنەوەی كورتهێنانەوە مووچە دواكەوتووە و پەرلەمانیش دەڵێت حكومەت توانای دابەشكردنی مووچەی هەیە بەڵام گەڕ بە پەرلەمان دەكات.
حكومەت: 15 رۆژ مووچە دوادەكەوێت
وەزیری دارایی عێراق بە ئاشكرا رایدەگەیەنێت ئەگەر پەرلەمان بەردەوام بێت لە دواخستنی پرۆژەی قەرزكردن، ئەوا مووچە دوو هەفتەی دیكە دوادەكەوێت.
عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق وادەی پێشبینی كراوی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی 10 ئاشكراكرد و بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاندووە: ئەگەر یاسای پارەداركردنی كورتهێنانی دارایی پەسند نەكرێت، لەوانەیە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی 10 دوای دوو هەفتەی دیكە خەرج بكرێت، ئەگەریش پڕۆژە یاساكە پەسند بكرێت، ئەوا بەشێوەیەكی راستەوخۆ مووچەی مانگی 10 دابەش دەكرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە مانگی رابردووش مووچە لە عێراق دواكەوت و دوای نزیكەی 50 رۆژ لە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاب، مووچەی مانگی ئەیلول دابەشكرا.
لەلایەكی دیكەوە بانكی رافیدەین لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردۆتەوە كە ئەمڕۆ دەستكراوە بە دابەشكردنی مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی.
پەرلەمان: حكومەت گەڕمان پێدەكات
لەبەرامبەر خستنە ئەستۆی ئۆباڵی دواكەوتنی مووچە لەلایەن حكومەتەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە حكومەت دەتوانێت بەبێ قەرزكردن مووچە دابین بكات بەڵام گەڕ بە پەرلەمان دەكات.
شاكر جەودەت، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: حكومەت دەتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابەشبكات بەبێ ئەوەی پێویستی بە دەنگدان لەسەر یاسای قەرز هەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا: حكومەت بە ئەنقسەت مووچە دوادەخات و ئەو دۆسیەیە بۆ گەڕكردن بە پەرلەمان بەكار دەهێنێت تا ناچاری بكات دەنگ لەسەر یاسای قەرزكردن بدات.
بە وتەی جەودەت، یاسای قەرزكردن وڵات دادەڕمێنێت و یاساكە پێوستی بە هەمواكردنەوە و پێداچوونەوەیەكی زۆرە، تا بتوانرێت دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێت.
پێشتریش عەبدولهادی سەعداوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: باری دارایی وڵات زۆر نادیارە، وەزارەتی داراییش رەتیكردوەتەوە، هیچ زانیاریەكمان لەسەر دۆسیەی ئابوری پێنادات، ئەو ماوەیەشی دیاریكراوە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای كورتهێنانی دارایی پەیوەستە بە رەزامەندی حكومەتەوە بۆ ئەوەی گۆڕانكاری تێدا بكات و بەشێك لەبڕگە و ماددەكانی بگۆڕێت، بەجۆرێك بڕی قەرزكردنەكە كەم بكاتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنجومەنی نوێنەران هیچ پەیوەندییەكی بە دابەشكردن یان خەرجیەكانەوە نیە، بەڵكو ئەرك و كاری لەپێشینەی حكومەتن، بۆیە دەبێت بەبێ ئەوەی یاسای كورتهێنان تێپەڕێت، موچە دابین بكەن، بەرەچاوكردنی ئەوەی 16 ترلیۆن دینار داهاتی هەبوە.
لەلایەكی دیكەوە بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕی كورتهێنانی دارایی لە مووچەی فەرمانبەران ئاشكرا دەكات.
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كورتهێنانی دارایی لە مووچەدا بە 3 ترلیۆن و 500 ملیار دیناری مانگانە دەخەملێندرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، دابینكردنی مووچە بەرپرسیارێتی حكومەتە نەك پەرلەمان، كاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چاودێریكردنی ئەدای حكومەتە و ئاشكراكردنی هەڵەكانیەتی.
حكومەت داهاتەكانی ئاشكرا دەكات
لەكاتێكدا مانگانە بۆ دابینكردنی مووچە و 320 ملیار دینارەكەی هەرێمی كوردستان، حكومەتی عێراق پێویستی بە نزیكەی 7 ترلیۆن دینارە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان تا ئێستا حكومەتی عێراق كەمتر لە نیوەی ئەو بڕەی كۆكردووەتەوە و بۆ بڕواهێنانیش بە خەڵك و پەرلەمان، حكومەت داتاكانی هەناردەی نەوت و داهاتەكەی لە مانگی رابردوودا ئاشكرا دەكات.
وەزارەتی نەوتی عێراق بە پشت بەستن بە ئاماری كۆتایی كۆمپانیای سۆمۆ، كۆی گشتیی داهاتی نەوتی هەناردەكراو بۆ مانگی تشرینی یەكەم، بڵاوكردەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند كە كۆی گشتیی داهاتی نەوتی هەناردەكراو لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا، گەیشتووەتە سێ ملیار و 430 ی ملیۆن دۆلار.
بەپێی راگەیەندراوەكە كۆی گشتیی بڕی نەوتی هەناردەكراو لە مانگی تشرینی یەكەمدا گەیشتووەتە 89 ملیۆن و 153هەزار و 899 بەرمیل كە داهاتەكەی سێ ملیار و 430 ی ملیۆن دۆلار بووە.