04:35 - 01/11/2020
موفتى..ئه‌و پارێزگاره‌ى له‌سه‌ر"4هه‌زار پاوه‌ند"كوژرا
به ئه‌ندازیارى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى به‌غدا ناسرابوو، ده‌یان خه‌ڵاتى له سه‌رانى به‌عسه‌وه پێبه‌خشرا، سه‌دام خۆى چه‌ندین جار رێزلێنانى پێشكه‌شكرد، له ناوه‌ڕاستى هه‌شتاكان پیاوى یه‌كه‌مى به‌غدا بوو تا ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى به‌رپرسه باڵاكانى به‌عس غیره‌یان پێده‌برد، به‌و ده‌سه‌ڵات و په‌یوه‌ندییه نزیكه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌دام هه‌یبوو. به‌ڵام له شه‌و و رۆژێكدا هه‌موو ئه‌وانه‌ى لێوه‌رگیرایه‌وه‌و راپێچى ژووره تاریكه‌كانى هه‌واڵگرى به‌عس كرا‌و دواتر له سێداره‌درا.
عه‌بدولوه‌هاب موفتى، پارێزگاره ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ى به‌عس و ئه‌مینى عامى به‌غدا، له ساڵى ١٩٨٤بووه پارێزگارى به‌غدا، پێشتر به‌رپرسى ده‌سته‌ى تایبه‌ت به دروستكردنى پرد و رێگاوبان بووه، له ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتیدا دوو گرێبه‌ستى گه‌وره له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كى به‌ریتانى كران، بۆ ئاو‌و ئاوه‌ڕۆى كه‌رخ و ره‌سافه له به‌غدا، موفتى په‌یوه‌ندییه‌كى توند‌و تۆڵى له‌گه‌ڵ به‌ریتانییه‌كان دروستكرد، تا ئه‌وه‌ى هه‌واڵگریى به‌عس لێى كه‌وتن به ته‌قه‌دا و چاودێرییان خسته سه‌رى تا له سێداره‌كانى له كۆڵى نه‌بووه‌نه‌وه.
له سیسته‌مى ده‌سه‌ڵاتدارێتى به‌عسدا، گرێبه‌ست بۆ هیچ كۆمپانیایه‌ك نه‌ده‌كرا، بێ ئه‌وه‌ى بچێته هۆبه‌ى وه‌به‌رهێنانى موخابه‌رات و له‌و‌ێوه پشكى خۆیان دیاریكرابا و ئه‌مجا وه‌ڵام به ره‌زامه‌ندى بده‌نه‌وه، به‌ڵام ده‌وترێت موفتى ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ى له‌گه‌ڵ به‌ریتانییه‌كان بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌واڵگرى كردبوو، هه‌ربۆیه‌ش فازڵ به‌راك سه‌رۆكى ئه‌وكاتى هه‌واڵگرى بیانووى ده‌ستده‌كه‌وێت كه شوێن فایلى موفتى بكه‌وێت و بیخاته داوه‌كه‌وه.
له سه‌ره‌تاوه تا كۆتایى فازڵ به‌راك سه‌رپه‌رشتى لێكۆڵینه‌وه‌كانى كرد، به‌راك دواى ماوه‌یه‌ك خۆشى به هه‌مان ده‌رد چوو به‌عس به تۆمه‌تى په‌یوه‌ندى گوماناوى له‌گه‌ڵ هه‌واڵگرى وڵاتان ده‌ستگیریكردوو له سێداره‌یدا.
به‌پێى گێڕانه‌وه‌كان سه‌ره‌تاى چیرۆكى تێوه‌گلانى موفتى له‌وه‌وه ده‌ستپێده‌كات، كه رۆژێك به‌رپرسێكى كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كه‌و پارێزه‌ره‌كه‌یان ده‌چنه ئۆفیسه‌كه‌ى موفتى له به‌غدا، له‌و كاته‌دا پارێزگار په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى بۆ دێت، ته‌له‌فۆنه‌كه كچه‌یه‌كه‌تى پێى ده‌ڵێت له به‌ریتانیاوه له زانكۆكه‌ى فشاریان لێكردووه كه قیستى خوێندنه‌كه‌ى بدات، كاتى كه‌مى له به‌رده‌مه‌و به خێرایى پێویستى به چوار هه‌زار پاوه‌نده.
دواى ته‌له‌فۆنه‌كه تیمى كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كه پرسیارى لێده‌كه‌ن و له كێشه‌كه تێده‌گه‌ن، پاش سێ كاتژمێر په‌یوه‌ندى به موفتییه‌وه ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، كارى كچه‌كه‌ت جێبه‌جێكراوه‌و كۆمپانیاكه قیسته‌كانى بۆ پێشكه‌شكردووه، پارێزگار سوپاسیان ده‌كات، به‌ڵام به خێرایى نامه‌یه‌ك بۆ سه‌دام حسێن ده‌نێرێت و ئاگادارى ده‌كاته‌وه كه شتێكى وابووه‌و كۆمپانیاكه بۆیان پێشكه‌شكردووه‌و ئه‌میش لێره پاره‌كه‌ى بۆ گێڕاونه‌ته‌وه، تا له‌سه‌رى نه‌بێت به دۆسییه‌یه‌ك.
سه‌دام وه‌ڵامى ده‌داته‌وه، كه ئه‌وه‌نده متمانه‌ت هه‌یه پێویست نه‌بوو هه‌ر باسى بكه‌یت، به‌ڵام ده‌پرسێت بۆ خۆمت ئاگادار نه‌كرده‌وه تا له‌رێگه‌ى سه‌فاره‌ته‌وه پاره‌كه‌ى بۆ دابین بكه‌ین. موفتى وه‌ڵام ده‌داته‌وه"سه‌رۆك نه‌مویست كاتى به نرخى تۆ به‌و شتانه‌وه بكوژم".
ئه‌مه بووه سه‌ره‌تاى كه‌وتنه داوى موفتییه‌وه، هه‌واڵگرى به‌عس چاودێرى وردى له‌سه‌ر داده‌نێت، هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانى تۆمار ده‌كات له په‌یوه‌ندییه‌كان نزیكى و په‌یوه‌ندى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ به‌ریتانییه‌كان روونده‌بێته‌وه، تا ئه‌وه‌ى به‌پێى هه‌ندێك گێڕانه‌وه كاتێك به ئاماده‌بوونى فه‌رمانده‌كانى هه‌واڵگرى كاسێتى ده‌نگه‌كه‌یان لێداوه‌ته‌وه، سه‌دام گریاوه، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى پێى وانه‌بووه كه‌سێكى ئه‌وه‌نده نزیك له خۆیه‌وه "خیانه‌ت"ى لێ بكات به تایبه‌ت ده‌وترێت گرنگرییه‌كى زۆرى به موفتى داوه‌و چه‌ندین جار خه‌ڵاتى پێشكه‌شكردووه.
موخابه‌رات ده‌ستى به لێكۆڵینه‌وه كرد له‌گه‌ڵى، به‌پێى یاداشته‌كانى به‌عس بێت پارێزگار دانى ناوه به‌وه‌ى ره‌شوه‌ى له به‌ریتانییه‌كان وه‌رگرتووه‌و چه‌ندین ملیۆن دینارى سویسرى لێوه‌رگرتوون، هاوكات به‌ریتانییه‌كان خێزانه‌كه‌ى موفتییان له عێراق برده ده‌ره‌وه‌و به ته‌نها خۆى له ماڵه‌وه مایه‌وه كاتێك ده‌ستگیركرا.
به‌ڵام زیا‌و حبیب خیون به‌رپرسى بانكى رافیده‌ین له هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو به‌م دواییانه له چاوپێكه‌وتنێكدا گوتى، له راستیدا له سێداره‌دانى موفتى ته‌نها له‌سه‌ر چوار هه‌زار پاوه‌ند بوو كه له كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كه‌ى وه‌رگرتبوو تا قیستى خوێندنى كچه‌كه‌ى پێبدات له به‌ریتانیا، ئه‌گه‌رنا هیچى دیكه‌ى له‌سه‌ر نه‌بوو به‌ڵام ئه‌و چوار هه‌زار پاوه‌نده به ره‌شوه دانرا. به گوته‌ى ئه‌م به‌رپرسه به‌هۆى ئه‌و بڕه پاره‌یه‌وه دۆسیه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا به‌سه‌ردا ساغ كراوه‌ته‌وه.
له‌لایه‌كى دیكه‌وه به‌پێى چه‌ند گێڕانه‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌ى راسته‌وخۆ له په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ به‌ریتانییه‌كان تێوه‌گلاوه، سكرتێره‌كه‌ى موفتى بووه نه‌ك موفتى خۆى، به‌ڵام ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و حساب كراوه.
ده‌ڵێن له به‌سره سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تى كردووه، له پڕ فه‌رمانده‌یى فه‌یله‌ق خۆى كردووه به هۆڵى كۆبوونه‌وه‌كه‌داو هاوارى كردووه به‌سه‌ریداو قسه‌ى پێوتووه، موفتیش وه‌ڵامى داوه‌ته‌وه‌و سیلاحیان لێك راكێشاوه، له‌وێدا موفتى په‌یوه‌ندى به نوسینگه‌ى سه‌رۆكه‌وه ده‌كات به‌ڵام وه‌ڵام نادرێته‌وه، دواى نیو كاتژمێر په‌یوه‌ندى ده‌كات و نوسینگه‌ى سه‌دام وه‌ڵامى ده‌ده‌نه‌وه"وه‌ره‌وه بۆ ماڵه‌كه‌ى خۆت و له‌وێ خۆت راده‌ست بكه".
له ساڵى 1987 فه‌رمانى له سێداره‌دانى بۆ ده‌رچوو به خێرایى سزاكه‌ى جێبه‌جێكرا، مردنى ئه‌م پیاوه تائێستاش له‌نێوان به‌عسییه‌كان و ئۆپۆزسیۆندا مشتومڕى زۆر له‌سه‌ره، به جۆرێك زۆرێك پێیان وایه موخابه‌رات به غه‌در تێوه‌ى گلاند و به عسییه‌كانیش به خیانه‌تكارى مه‌زن ناوى ده‌به‌ن، تا ئه‌وه‌ى ده‌ڵێن، وه‌ك جاسوسى به‌ریتانییه‌كان كارى كردووه‌و كامێراى چاودێرى له ماڵى به‌رپرسانى به‌عس بۆ داناون.