ڕاپۆرتی عیراق

01:37 - 01/11/2020

لێكەوتەكانی لوتكەی ئوردن و سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی میسر بۆ بەغداد‌

پەیسەر

ماوەیەك پێش لە ئێستا لە عەمانی پایتەختی ئوردن لوتكەی ئابووری لەنێوان –عێراق و ئوردن و میسر- گرێدرا، بەپێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ئەو لوتكەی ئابووری عومان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەسێكتەرەكانی –وزە، بازرگانی، ژینگەو وەبەرهێنان-ەوە هەبووە، لەدوای ئەو لوتكەیە میدیا و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرسێ لا شرۆڤەی دۆخی ئێستا و داهاتووی وڵاتەكانی خۆیان كرد و ئاستی سوودمەندیی هەریەكەیان دیاریكرد، بەپێی ڕاپۆتە رۆژنامەوانییەكانی عێراق،  سوود مەندی بەغداد لە لووتكەی عەماندا لەدوای هەردوو وڵاتەكەی دیكەوەیە.

بە پێی توێژینەوەكان زۆرترین سوودمەندی عێراق لەو بۆرییە نەوتییەدایە كە وابڕیارە بەشێكی نەوتی عێراق –لەبەسرەوە تا كەركووك- بە مینای عەقەبەی ئوردونەوە گرێ بدات، جگە لەمە دوو وڵاتەكەی دیكە سوودمەندی یەكەم دەبن، لەبەر ئەوەی ئەوەی كە لە ئێستادا عێراق پێویستیەتی هەموو پێداویستیەكانی دیكەی نا نەوتییە. بەەڵام ئەوەی ئەوان پێویستیانە هەموو بوارەكانی دیكەی نانەوتییەو  عێراقیش بە یەكێك لە بازاڕە گرنگەكان بۆ هەردوولا دێتە ئەژمار، ئەوە جگە لە نزیكی ڕێگەكەو ترانزێتی نێوان هەرسێ وڵات بە خاكی ئوردندا ئەنجام دەدرێت. ئەوە لە كاتێكدا كە عێراق لە دوو ڕێگەی ترەوە تائێستا نەوتەكەی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كردووە. یەكێكیان لە كەنداوی عەرەبییەوە بەڕێگای دەریایی و لە باكووریشەوە لەڕێگەی بۆرییەوە دەچێتە بەندەری جەیهانی توركی و لەوێشەوە بە ڕێگەی دەریایی دەچێتە دەریای سپی ناوەڕاست و لەوێشەوە بەرەو بازاڕەكانی جیهان، بەڵام ئەم ڕێگەیە گەرچی تێچوونی كەمترە بەڵام لەبەر دەستێوەردانی سیاسی و هەبوونی هەڕەشە لەسەر بۆرییەكان لەبەر ئەوەی ناوچەی شەڕو بەریەك كەوتنی هێزە نەیارەكانی توركیا پارتی كرێكارانی كوردستانیە.

بە پێی نیشاندەرەكانی بانكی نێو دەوڵەتی قەبارەی بەرهەمی هەر سێ وڵاتەكە پێكەوە (580.7)ملیار دۆلاری ساڵانەیە. لەو بڕەش پشكی میسر 303 ملیارەو ئوردون 43.7 و عێراقیش 234 ملیار دۆلارە.

عێراق و ئوردون لە ساڵی 2019 دا ڕێككەوتنێكیان ئەنجام داوە كە نەوتی كەركووك لە ڕێگەی تانكەرەوە ببرێتە ئوردون و 3 دۆلاریش لە نرخی جیهانی كەمتر بێت و لەبەرامبەریش دا باجی لەسەر 371 جۆر كاڵا هەڵگرتووە. بەڵام كێشەی كۆرۆناو داخستنی سنوورەكان بەشێك لەو پرۆسانەی پەكخست.
بەڵام بە تێپەڕبوونی كات و كەمبوونەوەی ڕێككارەكانی كۆرۆنا و دەستپێكردنەوەی بازرگانی نێوان وڵاتان، لوتكەی عەمان دەبێتە پاكێجێكی دیكە بۆپەیوەندییەكانی نێوان هەر سێ ولاتی ئوردون و عێراق و میسر. بۆ بەدواداچوونی ئەو پاكێجە، سەرۆك وەزیرانی میسر مستەفا مەدبوولی دوێنی شەممە 31 تشرینی دووەم 2020 گەشتە عێراق و لە گەڵ هاوتا عێراقییەكەی مستەفا كازمی واژۆیان لەسەر چەندین ڕێككەوتن و هاوكاریی كردنی دوو لایەنە كردووە، لەهەمان كاتیشدا هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و میسر واژۆیان لەسەر هەندیك ڕێكەوتن و هاوكاریی دیكەی دوو لایەنە كردووە، لیژنەیەكیشیان بۆ ئەو بوارە تەرخان كردووەو ناویان لێناوە –لیژنەی باڵایی هاوبەشی عیراق و میسر-.

وەك سەرچاوەكان ئاماژەی پێدەكەن ئەم ڕێككەوتنانە پێشتر كاری بۆ كراوەو هەر بە دوو لایەنی نامێنێتەوەو لایەنی سێیەمیش لەو بوارەدا هەیە كە وڵاتی ئەردەنە، بەو پێیەی مانگی پێشوو عەمان و بەغداد ڕێككەوتنی تریان واژۆكردووەو لە ئێستاشدا قاهیرە و بەغداد واژۆی 15 ڕێككەوتن و كاری هاوبەشیان كردووە، هەر بۆیە پێشبینی دەكرێت مانگی داهاتووش هەرسێ وڵات پێكەوە واژۆ لە سەر پرۆژە هاوبەشەكان و كاری سێكتەرە جیاوازەكان.

بە پێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ژمارەیەك یاداشتی لێكتێگەشتن و بەرنامەی هاوكاریی و پرۆتۆكۆلی واژۆكراون لە بوارەكانی گواستنەوە، سەرچاوە ئاوییەكان، تەندروستی، ژینگە، داد، وەبەرهێنان، نیشتەجێكردن، پیشەسازیی،  بازرگانی و بواری دارایی.
لە لایەكی دیكەشەوە وەزیری دادی عێراقی سالار عبدالستار و وەزیری هاریكاری نێو دەوڵەتی میسری –رانیا المشاط- یاداشتی لێكتێگەشتنیان لە بواری گۆڕێنەوەی ئەزموونی دادوەریی و یاسادا تۆمار كردووە.

هەروەها وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق مەهدی رەشید حەمدانی یاداشتی تێگەیشتنی لەگەڵ رانیا واژۆكردووە لەبارەی ئاوو ژینگەوە كە سوود لە سەرچاوە مرۆییەكانی یەكتری وەربگرن.
لەلایەكی دیكەشەوە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بازاری دراوی عێراقی تەها عەبدولسەلام لەگەڵ ڕانیا یادشتی لێكتێگەشتنیان لە نێوان بازڕی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات واژۆكرد..

لە بواری ژینگەشدا وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق حەسەن محەمەد تەمیمی لەگەڵ رانیا المشاط پرۆگرامی هاوبەشی نێوان هەردوو ولاتیان لە بواری پاراستنی ژینگەدا واژۆكرد.
لە سێكتەری تەندروستیشدا لە بواری خولكردن و بەهێزكردنی كادریی تەندروستی و گۆڕینەوەی پسپۆڕی و شارەزایی و هەروەها بازرگانی دەرماندا ڕێككەوتنیان  واژۆكردووەو  لە بواری گواستنەوەشدا وەزیری گواستنەوەی عیراقی ناصر بەندەر لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی میسر كامل الوزیر ڕێككەوتنێكیان واژۆكرد كە تایبەت بوو بە گواستنەوەی دەریایی لە نێوان هەردوو وڵاتدا، لە كەنداوی عەرەبییەوە بەرەو دەریای عەرەبی و پاشان دەریای سوور .

لە هەمان كاتداوەزیری ئاوەدانكردنەوەو شارەوانی و نیشتەجێكردن ، نازەنین وسوو، لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی میسری عاصم الجزار لەبواری ڕێگەوبان و پردو نیشتتەجێبوون ڕێككەوتنیان واژۆكردووە.

بواری بازرگانیش بەشێكی دیكەی ئەجێندای كۆبوونەوەكان بووە لە نێوان شاندی هەردوو لادا، وەزیری بارزگانی عێراقی عەلاءحەسن و وەزیریی بازرگانی و پیشەسازیی میسری نیفین جامع دا واژۆی لێكتێگەشتیان كردووە، بەمەرجێك هیچ یەكێك لەو بابەتانەی كە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە پێچەوانە نەبێت لەگەڵ بەندوبڕیارەكانی بازرگانی نێو دەوڵەتی.

لەبواری پیشەسازیشدا هەریەك لە وەزیرانی هەردوولا یاداشتی پیشەسازیی نێوان هەردوولا واژۆكراو هەردوولا كۆك بوون لەسەر هاوكاریكردنی یەكتریی و دابینكردنی پێداویستیەكانی بواری پیشەسازیی و لەو بوارەدا پرۆتۆكۆلێكیان واژۆكردووە.

لەبواری وەبەرهێنانیشدا سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی عێراقی سوها نەجارلەگەڵ محەمەد عەبدولوەهاب بەڕێوەبەری جێەبجێكار لە دەستەی گشتی وەبەرهێنان و ناوچە ئازادەكانی وڵاتی میسر یاداشتێكیان واژۆكردووە لەبواری وەبەهێنان دا.
دواجاریش پرۆتۆكۆلێكی هاوبەش لەنێوان هەردوو یەكێتی پیشەوەرانی هەردوو وڵات واژۆكرا.

بەشێك لە ئابووری ناسان رەخنە لەوە دەگرن، ئەوەی كە قازانجی عێراقە دۆزینەوەی ڕێگەیەكی دیكەیە بۆ هەناردەی نەوتەكەی و بەبازاڕكردنی عێراقە بۆ كاڵاكانی دیكەی ئەو دوو وڵاتە، بەڵام هێشتا ئەوە ماوەتەوە كەی پرۆتۆكۆل و ڕێككەوتن و لێكتێگەشتنەكان دەچنە بواری جێبەجێكردنەوەو لەسەر حسابی هاوردەی كاڵای چی وڵاتێك ڕیگە بۆ بەرهەمەكانی ئەو دوو وڵاتە عەربییە دەكرێتەوە؟