05:11 - 29/06/2020
بوكێكی سلەیمانی و زاوایەكی حیزبوڵا . . هاوسەرگیریەك لە سێبەری سیاسەت و مەزهەبدا
دەنگۆی هاوسەرگیری كچەكەی قاسمی سلەیمانی و كوڕی دووەم گەورە بەرپرسی حیزبوڵای لوبنان نێوەند و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەكات، هەندێك وەك جۆرێك لە زەواجی مەزهەبی بە ئامانجی پتەوكردنی هیلالی شیعی لەنێوان تاران و بەیروتدا باسی دەكەن و هەندێكیش بە رەخنەوە دەڵێن كە هاوسەرگیری زەینەب سلەیمانی دوای كەمتر لە ساڵێك لە كوژرانی باوكی لەگەڵ دابونەریتەكان یەكناگرێتەوە.
ئەگەرچی تەنها چەند مانگێكە كە قاسم سلەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكیدا لە بەغداد كوژرا، بە كوژرانیشی گورزێكی كەمەرشكێن بەر سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران كەوت و تا هەنوكەش ئێران خۆی بە پرسەبار دەزانێت بۆی، بەڵام لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تەنانەت بە پەیجەكەی خودی زەینەب قاسم سلەیمانی لە ئینیستاگرام، باس لە هاوسەرگیری نێوان كچەكەی قاسم سلەیمانی لەگەڵ "سەید رەزا هاشم سەفائەدین"، كوڕی سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكاری حیزبوڵا كە بە دووەم گەورەپیاوی ئەو رەوتە دادەنرێت و ئاژانسی میهری ئێرانیش كە ئاژانسێكی هەواڵی نیمچەرەسمی ئێرانییە هەواڵەكەی پشتڕاستكردووەتەوە.
زەینەب یەكەم ژن كە وتار بدات . . .
دوای كوشتنی قاسم سلەیمانی لەلایەن فرۆكە بێ فرۆكەوانە ئەمریكییەكانەوە لە عێراق لە رۆژی 3ی مانگی یەكی ئەمساڵدا لە عێراق، كۆماری ئیسلامی ئێران چەند مەراسیمێكی گەورەی لە عێراق و ئێران بۆ بەڕێكردنی تەرمەكەی و بەخاكسپاردنی رێكخست، لە تارانی پایتەخت چەندین مەرسیمی جەماوەری رێكخران و هەتا تەرمەكەشی گەیشتە پارێزگای كرمان كە زێدی لەدایكبوونی خۆی بوو بە هەر ناوچەیەكدا تەرمەكە تێپەڕیبێت بە مەراسیمی جەماوەری و وتنەوەی دروشم لە بەرژەوەندی كۆماری ئیسلامی دژی ئەمریكا دەوترایەوە، لە پارێزگای كرمان لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی تەرمەكەدا، زەینەبی كچی قاسم سلەیمانی بە چەكەوە چووە سەر بڵندگۆی مەراسیمەكە و وتارێكی ئاگرینی دژی ئەمریكادا و داوای لە حەسەن نەسروڵای سەرۆكی حیزبوڵای لوبنان كرد كە تۆڵەی باوكی بكاتەوە و بە مامی خۆی ناوی دەهێنا.
ئەو وتارەی زەینەب سلەیمانی لەسەر بڵندگۆیەكی جەماوەری بە ئامادەبوونی گەورە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران، یەكەم جاربوو كە رێگە بە ژنێك بدرێت لە مەراسیمێكی گەورەی جەماوەریدا وتار بدات.
هاوسەرگیری سیاسی و مەزهەبی
دوابەدوای بلاًَوبوونەوەی هەواڵی هاوسەرگیری كچی قاسمی سلەیمانی لە تارانەوە بۆ كوڕی هاشم سەفائەدین لە بەیروت كە هەردوكیان كوڕ و كچی دوو كەسایەتی كاریگەری شیعەی ناوچەكەن، چالاكانی مەدەنی بەتایبەت ئەوانەی كە رەخنەیان لە كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە چەند جۆرێك خوێندنەوەیان بۆ هەواڵەكە كرد، هەندێك بە هاوسەرگیری سیاسی و هەندێك بە هاوسەرگیری مەزهەبی لەپێناو بەهێزكردنی هیلالی شیعەدا لێكیان دایەوە، بەڵام لێكدانەوەكان هیچ لەو راستییە ناگۆڕن كە لە رۆژهەڵات، هەمیشە هاوسەرگیری نێوان خێزانە دەسەڵاتدارەكان یان كوڕ و كچ و نەوەی سیاسی و سەرۆك و بەرپرسە باڵاكان بەردەوام رەهەندێكی سیاسی هەبووە و هەندێكجار خودی رەهەندە سیاسییەكە بووەتە فاكتەری هاوسەرگیرییەكە و هەندێكجاریش هاوسەرگیرییەكە بووەتە پاڵنەری بەهێزكردنی پەیوەندییە سیاسییەكان.