ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:31 - 14/04/2020

توركیا زیندانیانی سیاسی به‌هۆی كۆرۆناوه‌ ئازاد ناكات‌

پەیسەر

بڕیارێكی توركیا بۆ ئازادكردنی زیندانیان به‌هۆی كۆرۆناوه‌، رووبه‌ڕووی ناڕه‌زایه‌تی ده‌بێته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ زیندانیانی سیاسی ناگرێته‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی توركیا ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌، یاسایه‌كی بۆ ئازادكردنی ده‌یان هه‌زار زیندانی  به‌تایبه‌تیش ئافره‌تانی دووگیان و پیاوانی به‌ته‌مه‌ن و كه‌سانی نه‌خۆش ده‌ركرد، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه‌ زیندانیانی سیاسی ناگرێته‌وه‌ رێكخراوه‌كانی بواری مافه‌كانی مرۆڤی نیگه‌رانن.

هه‌ریه‌ك له‌ رێكخراوه‌كانی هیومان رایتس ۆۆچ و رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی، ره‌خنه‌یان له‌بڕیاره‌كه‌ی توركیا گرت، لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند:"چه‌ندین كه‌س به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ تاوانێكیان كردبێت به‌ڵام ئازاد كردنه‌كه‌ نایانگرێته‌وه‌، چونكه‌ حكومه‌ت یاسای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر به‌شێوه‌یه‌كی ناڕوون و فراوان به‌كارده‌هێنێت".

میلینا بویوم چالاكوان له‌ رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی له‌ توركیا رایگه‌یاند:"یاساكه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌سانی ئۆپۆزسیۆن ناگرێته‌وه‌". به‌رپرسانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان رایانگه‌یاند، ئه‌م  یاسایه‌ ٤٥ هه‌زار زیندانی ده‌گرێته‌وه‌.