ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

09:39 - 31/10/2019

چه‌ند لایه‌نێك ده‌یانه‌وێت سه‌رۆك وه‌زیران به‌زه‌بری هێز ناچار به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ بكه‌ن‌

پەیسەر

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی كوتله‌ سیاسییه‌كان و سه‌رۆك كۆماری عێراق، له‌سه‌ر پرسی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن، له‌ ئێستاشدا چه‌ند هێزێك ده‌یانه‌وێت به‌ زه‌بری چه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران ناچار به‌ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ بكه‌ن.


كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار و لایه‌نه‌كان له‌باره‌ی داواكاری خۆپیشانده‌ران و پرسی چاكسازی و پرسی ده‌ستور و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی بۆچوونی جیاوازی لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی.


به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ به‌غداوه‌ ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتووه‌، ئه‌مشه‌و چه‌ند لایه‌نێك، هه‌وڵی ئه‌وه‌یانداوه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌زه‌بری هێز ناچار به‌ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ بكه‌ن.


زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ چه‌ند هێزێكی چه‌كدار چونه‌ته‌ ناوچه‌ی سه‌وز و ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ژێر فشاره‌كانیان ده‌ست له‌كار بكێشته‌وه‌.


سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد، دوای چونی ئه‌و هێزانه‌ بۆ ناوچه‌ی سه‌وز، له‌ ئێستادا هێزێكی ئه‌مریكی له‌ سنوری شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاوه‌یان پێكراوه‌ و ده‌یانه‌وێت، سه‌رۆك وه‌زیران له‌هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو بپارێزن.