10:05 - 20/10/2019
مەكگۆرك: توركیا رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە دروستكردنی داعش دا
نوێنەری تایبەتی پێشوی سەرۆكی ئەمریكا برێت مەكگۆرك رایگەیاند:" توركیا ڕۆڵێكی
گەورەی هەبووە لە دامەزراندن و رێگە خۆشكردن بۆ گروپی تیرۆرستی داعش و كاتێكیش
پێمان وتوە رێگری بكەن لەو كارە بەبیانوی جیاواز خۆی لێدور خستوەتەوە."
برێت مەكگۆرك لەكۆربەندی نیشتیمانی رووبەرووبونەوەی
توندرەوی و تیرۆر لە واشنتن رایگەیاند:" لەماوەی
رابردوودا دەوڵەتی توركیا رۆڵی گەورەی هەبووە لە دامەزراندن و هاوكاری كردنی
چەكدارانی داعش دا, لەرێگەی سنورەكانی توركیاوە زیاتر لە 40 هەزار چەكداری توندرەو
روویان لە سوریا كردووە.
مەكگۆرك دەڵێت:" كاتێك گروپی تیرۆریستی داعش دروست بوو ئێمە دەمانزانی خەڵكێكی زۆر لە وڵاتانی جیهانەوە روو لە سوریا دەكەن و بەشدار دەبن لە دروستكردنی گروپێكی نوێیی تیرۆریستیدا،بەپێی زانیاریە نهێنیەكانی ئێمە 40 هەزار چەكدار لە زیاتر لە 110 وڵاتی جیهانەوە لەرێگەی توركیاوە پەیوەندیان بەداعشەوە كرد.
مەكگۆرك لەدرێژەی قسەكانیدا دەڵێت: توركیا زانیاری تەواوی لەسەر ئەو كەسانە هەبوو كە دەچونە سوریا و كاریان بۆ ئەوەدەكرد كە گروپێكی چەكداری توندرەو دروست بكەن، ئێمە ئەوانمان ئاگادار دەكردەوە لە پاراستنی سنورەكان بەڵام توركیا بیانوی جیا جیای دەهێنایەوە بۆ ئەو مەبەستە.
مەكگۆرك دەڵێت لەكاتی رووبەرووبونەوەی چەكدارانی داعشدا چەند جارێك چووەتە توركیا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەنكەرەدا كۆبوەتەوە بۆئەوەی بتوانن سنورێك بۆ هێرشەكانی داعش دابنێن و هەروەها سنوری توركیا و سوریا دابخەن بەڵام توركیا هاوكاریی ئەوان نەبووە لەو كارەدا.
مەكگۆرك دەشڵێت: سەرەرای ئەوەی چەندین جار بەفەرمیی
داوامان لە توركیا كردووە بۆ ئەوەی سنورەكانی لەگەڵ سوریادا دابخات و رێگربێت لە
چونی چەكدارانی داعش بۆ ئەو وڵاتە بەڵام توركیا پێی راگەیاندوون ئەو كارە ناكەن و
ناتوانن سنورەكانیان دابخەن، ئەوش جۆرێكە لە هاوكاری داعش.
هەر لەو كۆنفرانسەدا نوێنەری پێشوی سەرۆكی
ئەمریكا بۆ شەری داعش دەڵێت: كورد لە سوریا رۆڵێكی گرنگی بینی لە رووبەرووبونەوەی
داعش و ناوچەیەكی زۆریان لە سنورەكانی سوریا و توركیا كۆنترۆڵكرد و پاكیان كردەوە
لە چەكدارانی داعش، بەڵام توركیا دژی ئەو كارەی كوردەكان بوو,هەروەها
سنوریشی بەرووی كوردا داخست ئەوە لەكاتێكدا بوو پێشتر ئامادەنەبوو سنور دژی داعش
دابخات.
ئەو دەڵێ توركیا لەم ئۆپراسیۆنەی بۆ سەر
رۆژئاوای كوردستان چەند جار هەوڵێداوە ئەو زیندانانە بۆردومان بكات كە چەكدرانی
داعشی لێێە بۆئەوەی لەزیندان هەڵبێن، لەراستیدا توركیا ئەو كارەشی كرد و چەندین
چەكداری داعشیش لەو زیندانانە هەڵهاتن.