ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:45 - 21/08/2019

سوپاى عێراق له‌ ناوه‌ندى شاره‌كان ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌‌

پەیسەر

له‌سه‌ر فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌چه‌كداره‌كانی عێراق، سوپا له‌شاره‌كان ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌. پاراستنى ناوشاره‌كانى عێراق به‌ پۆلیسى فیدراڵى سپێردراوه‌. سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌ڵێت، به‌هۆى ترسه‌وه‌یه‌ له‌ هێرشكردن.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، دوای هێرشی چه‌ند رۆژی رابردووى فڕۆكه‌ی نادیار بۆسه‌ر چه‌ند ناوه‌ندێكی حه‌شدی شه‌عبی، عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌چه‌كداره‌كان، فه‌رمانی به‌هێزه‌چه‌كداره‌كان كردووه‌ له‌شاره‌كان بكشێنه‌وه‌ و بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان، بۆئه‌وه‌ی له‌كاتی هه‌ر هێرشێكدا هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی زیانمه‌ندنه‌بن.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌و كۆگایانه‌ی له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا میدیا عێراقییه‌كان بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ گڕیان گرتووه‌، له‌راستیدا گڕگرتن نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌هۆی هێرشی ئاسمانییه‌وه‌ ته‌قینه‌وه‌ و هێرشه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌، به‌بیانووی بوونی چه‌ك و سه‌ربازی ئێرانی ئه‌نجامدراوه‌.

میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكرده‌وه‌، كه‌ بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل رایگه‌یاندووه‌، كه‌ ئێران له‌هیچ شوێنێك له‌ده‌ستی ئه‌وان رزگاری نابێت، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هێرشی وڵاته‌كه‌ی بۆسه‌ر چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ناو خاكی عێراق.