ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:19 - 07/12/2018

هۆكاری دانانی وه‌زیره‌كان به‌ وه‌كاله‌ت له‌ لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقه‌وه‌‌

پەیسەر

عادل عه‌بدولمه‌هدی بڕیاریدا ئه‌و وه‌زارتانه‌ی تا ئێستا وه‌زیره‌كانیان بۆ یه‌كلا نه‌بوه‌ته‌وه‌، به‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوببرێن.

 
به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، له‌سه‌ر داوای كۆماری ئیسلامی ئێران بوه،‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌رپرسێكی باڵای ئه‌و وڵاته‌ نێوه‌ندگیری نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌لایه‌ك و مالیكی و هادی عامری و سه‌در له‌لایه‌كی تر ده‌كات، كه‌له‌سه‌ر ناوی كاندیده‌كان بۆ پۆسته‌ وزارییه‌كان رێكنه‌كه‌وتوون.

 

سه‌رۆكوه‌زیران به‌ پێشنیاره‌كه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران قایل بووه‌ و ئه‌و وڵاته‌ش ده‌یه‌وێت له‌ په‌له‌نه‌كردنی دانانی وه‌زیرانی له‌لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ هه‌وڵ بدات كێشه‌كان به‌ڕێگه‌ی دیبلۆماسی چاره‌سه‌ر بكات.

 

عادل عه‌بدولمه‌هدی تائێستا سوره‌ له‌سه‌ری ئه‌وه‌ی ناوی كاندیده‌كان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی هه‌شت وه‌زاره‌تی كابینه‌كه‌ی گۆڕانكاری تێدا نه‌كات و ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین ئاریشه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و به‌هۆیه‌وه‌ دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران په‌كی كه‌وتوه‌.

 

له‌ ئێستادا و به‌ پێی فه‌رمانێكی سه‌رۆكوه‌زیران، به‌نگین رێكانی وه‌زاره‌تی داد به‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌بات، وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانیش له‌لایه‌ن وه‌زیری وه‌زاره‌تی پیشه‌سازییه‌وه‌ به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێت، قسه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ سه‌رۆكوه‌زیران خۆی به‌ وه‌كاله‌ت وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و به‌رگری به‌ڕێوه‌ببات.