ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:09 - 12/06/2019

عه‌بادی بۆ لابردنی عه‌بدولمه‌هدی په‌نا بۆ ئه‌مریكا ده‌بات‌

پەیسەر

سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق، ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات و بۆ ئه‌مه‌ش په‌نا بۆ ئه‌مریكا ده‌بات. به‌ڵێنیشى داوه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ ده‌سه‌ڵات پشت له‌ تاران بكات و پشتى واشنتن بگرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق هه‌وڵه‌كانی چڕكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا له‌پۆسته‌كه‌ی دووربخاته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌عێراق كۆبووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، حه‌یده‌ر عه‌بادی دڵنیایی داوه‌ته‌ ئه‌مریكیه‌كان كه‌ ئه‌گه‌ر ببێته‌وه‌ به‌سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌وه‌ له‌كێشه‌كانی تاران و واشنتن بێلایه‌ن نابێت و پشتیوانی ئه‌مریكا ده‌كات.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی رایگه‌یاندووه‌، وڵاته‌كه‌ی بێلایه‌نی له‌كێشه‌كانی تاران و واشنتن هه‌ڵبژاردووه‌ و داواشیكردووه‌ هه‌ردوولا رێز له‌ بێلایه‌نی عێراق بگرن و ره‌چاوی بارودۆخه‌كه‌ی بكه‌ن.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، به‌ڵێنه‌كانی عه‌بادی زۆر به‌لای باڵیۆزی ئه‌مریكاوه‌ گرنگ نه‌بووه‌، به‌وپێیه‌ی ئه‌وان رۆڵی میلیشیا شیعه‌كان و كاریگه‌ریان له‌عێراق ده‌زانن.

عه‌بادى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقیش، فراكسیۆنه‌كه‌ى دژى عه‌بدولمه‌هدى كار ده‌كه‌ن و به‌ پشتیوانى به‌شێك له‌ فراكسۆنه‌كانى دیكه‌، هه‌وڵى بانگهێشتكردن و لێپرسینه‌وه‌ى ده‌ده‌ن.