ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:37 - 12/06/2019

هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ گۆڕینی ده‌ستووری عێراق‌

پەیسەر

هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ گۆڕینی ده‌ستووری عێراق، به‌جۆرێك سه‌رۆك وه‌زیران راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت. په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت، ئامانج له‌و هه‌وڵه‌ رزگاركردنى وڵاته‌ له‌ پشك پشكێنه‌.

محه‌مه‌د ساحب ده‌راجی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، واژۆیان كۆكردووەته‌وه‌ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور"بۆ ئه‌وه‌ی عێراق رزگاری بێت له‌ پشك پشكێنه‌ و پرسی كوتله‌ی گه‌وره‌" دوای هه‌شت مانگ تائێستا به‌ته‌واوى حكومه‌ت پێكنه‌هاتووه‌، به‌شێك له‌ پۆسته‌كان به‌تاڵه‌.

به‌گوته‌ى دراجى، ده‌یانه‌وێت ماده‌ی 76ی ده‌ستووری عێراق كه‌ تایبه‌ته‌ به‌راسپاردنی كاندیدی كوتله‌ی گه‌وره‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌، هه‌مواربكرێته‌وه‌ به‌جۆرێك بكرێت به‌ ( سه‌رۆك وه‌زیران له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت، له‌ماوه‌ی 30 رۆژدا كابینه‌ی حكومه‌ت پێشكه‌ش ده‌كات، مه‌رسومی كۆماری له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ له‌ماوه‌ی 15 رۆژدا ده‌رده‌كرێت، بۆ ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیره‌كانی دوای پێشكه‌شكردنی ناوی وه‌زیره‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ بۆ  ده‌نگدان له‌سه‌ریان).

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سیستمی حوكمڕانی هه‌ر به‌ په‌رله‌مانی ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌مواره‌كه‌ زۆر نابێت. بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق ماده‌ی 142 رێكاره‌كانی دیاریكردووه‌.

بڕگه‌ی دووه‌می ئه‌و مادده‌یه‌ ده‌ڵێت، هه‌مواری ده‌ستوور ده‌بێت به‌ده‌نگی زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران په‌سه‌ند بكرێت، و دواتر له‌ماوه‌یه‌كدا كه‌ نابێت له‌دوو مانگ زیاتر بێت له‌دوای په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌، ده‌بێت بخرێته‌ راپرسیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ل په‌سه‌ندی بكات و له‌راپرسیه‌كه‌شدا نابێت دووله‌سه‌رسێی سێ پارێزگا ئه‌و هه‌مواره‌ ره‌ت بكه‌نه‌وه‌.