02:56 - 02/06/2019
بەرهەم ساڵح نامەیەكی ئێرانی گەیاندووەتە سەركردەكانی كەنداو
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، لەمیانی بەشداریكردنی لە لوتكەی وڵاتانی ئیسلامیدا كه له سعودیه بهڕێوهچوو، نامەیەكی كۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندووەتە بەرپرسانی وڵاتانی كەنداو.
كۆبوونهوهكه ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو بهڕێوهچوو، بەرهەم ساڵحیش ڕاستهوخۆ نامه ئاشتهواییهكهی ئێرانی گهیاندووهته دهستی بەرپرسانی وڵاتانی سعودیە و ئیمارات و بەحرەین.
لەو بارەیهوە سەعد عەبدولواحید جەواد قەندیلی، باڵیۆزی عێراق لە ئێران دهڵێت، نامەكە لە مانگی ڕابردوودا لەلایەن محەمەد جەواد زەریف، وهزیری دهرهوهی ئێران، گەیەنراوەتە دەست بەرهەم ساڵح و ئەویش پێشوازی لێكردووە و ئامادەیی نیشانداوە نێوەندگیری له نێوان ئێران و وڵاتانی كەنداودا بكات.
باڵیۆزهكهی عێراق ڕاشیگەیاندووە، بەهۆی نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو، ئێران بەرهەم ساڵحی بۆ نێوەندگیری ههڵبژاردووه، دهشڵێت بەغدا دەتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیرێكی "باش" ببینێت.
ئهوه له كاتێكدایه پێشتر عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، "لە نامەكەدا بیرۆكەی ڕێككەوتنێكمان تایبەت بە بهرقهراركردنی ئاشتی لەناوچەكەدا پێشكەش كردووە، دەبێت وڵاتانیش پابەندبن پێوهی بۆ ئەوەی كاری دوژمنكارانە بەرانبەر یەكتر ئەنجامنەدەین."
هەروەها عێراقچی باسی لهوهشكردبوو، بیرۆكەكە بیرۆكهی ئێرانە و ئێستا چاوەڕوانی وڵاتانی كەنداو دهكهن ناوەڕۆكەكەی تاوتوێی بكەن و بە فەرمی وەڵامی تاران بدەنەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە زۆربەی وڵاتانی كەنداو و تەنانەت ئەمریكاش لە سیاسەتی ئێران لە ناوچەكەدا نیگەرانن، بەو هۆیەشەوە گرژی زۆر لە نێوانیاندا هەیەو ئێستاش تاران خراوهته ژێر فشاری گهمارۆیهكی قورسهوه تا ئهو وڵاته ناچاربێت سیاسەتەكانی لە ناوچەكەدا بگۆڕێت.