ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:30 - 05/12/2018

سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە ناوی هیچ وەزیرێكیش نەگۆڕاوە‌

پەیسەر

سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر تەواوكردنی كابینەكەی عادل عبدولمەهدی كۆدەبێتەوە، سەرۆك وەزیرانیش تا ئێستا ناوی هیچ كاندیدێكی نەگۆڕیوە.

بریارە سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەشت وەزیرەكەی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی كۆبێتەوە، بەپێی زانیاریەكانی پەیسەر پرێس سەرۆك وەزیران تا ئێستا ناوی هیچ كاندیدێكی نەگۆڕیووە و رایگەیاندووە كاندیدی تر پێشكەش ناكات.

رۆژی سێشەممەی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدەكانی عادل عەبدولمەهدی بۆ وەزارەتەكان كۆبۆوە بەڵام بەهۆی ناكۆكی لەسەر پۆستی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری و داد ئاڵۆزی دروست بوو بەهۆیەوە كۆبونەوەكە بۆ رۆژی پێنج شەممە دواخرا.

هەر سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی سبەینێ‌، سەرچاوەیەك بە پەیسەرپرێس راگەیاند، عادل عەبدولمەهدی سورە لەسەر ئەوەی كاندیدەكان لە پەرلەمان متمانەیان پێبدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ نوری مالیكی و ژمارەیەك كوتلەی پەرلەمانی گەیشتونەتە رێكەوتن.

سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە كوتلە سیاسییەكانی راگەیاندووە، گەر نەتوانرێـت سبەینێ‌ كاندیدەكان پەسەند بكرێت ئەوا خوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژە یاسای بودجە دوادەكەوێت.

هەرچەندە لایەنە ناڕازییەكانی لە رێگەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانیەوە، هەوڵی ئەوەیان دا كە كێشەكان بە خواستی خۆیان چارەسەر بكەن، بەڵام دوای كۆبوونەوەش لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، هیچ كاندیدێك ناوەكەی نەگۆڕاوە.