ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:26 - 13/05/2019

عێراق له‌نێوان ئێران و ئه‌مریكادا خۆى یه‌كلایى كرده‌وه‌‌

پەیسەر

عێراق چووه‌ ژێر باری داواكارییه‌كی ئه‌مریكاوه‌ و نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی ئێران كرد، ئێرانیش ژماره‌یه‌ك زۆر مووشه‌كى هێناوه‌ته‌ سنورى عێراق.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا ته‌واوی هێز و چه‌كه‌ قورسه‌كانی له‌هه‌شت بنكه‌ی سه‌ربازی جێگیركردووه‌.

ئه‌مریكا نامه‌یه‌كیشی ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی عێراق كردووه‌، كه‌ نابێت هیچ زانیارییه‌ك ده‌رباره‌ی هێزه‌كانیان بده‌نه‌ ئێران، پاراستنی بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانیشیان ئه‌ركی سوپای عێراق و هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆره‌ و له‌كاتی هه‌ر هێرشێكدا بۆ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌عێراق، حكومه‌تی به‌غدا به‌رپرسیاره‌.

سه‌باره‌ت به‌هۆكاری په‌یامه‌كه‌ی ئه‌مریكا سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، ئێران ژماره‌یه‌كی زۆری موشه‌كی هێناوه‌ته‌عێراق و راده‌ستی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی پێویستدا دژی سوپای ئه‌مریكا به‌كاری بهێنن.

به‌پێی زانیاریه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌ دوای په‌یامه‌كه‌ی ئه‌مریكا حكومه‌تی عێراق له‌رێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌وه‌ به‌فه‌رمی نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران كردووه‌، كه‌ رازى نابن له‌ناو خاكی عێراقدا هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا، داواشیانكردووه‌ ئێران دۆخی هه‌ستیاری عێراق له‌به‌رچاو بگرێت و له‌ناوچه‌كانی تر كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا یه‌كلایی بكاته‌وه‌ و عێراق نه‌كاته‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی.


نێوانى ئه‌مریكا و ئێران له‌م چه‌ند رۆژى دوایى زیاتر گرژبووه‌، به‌رپرسانى هه‌ردوولا لێدوانى توند دژ به‌یه‌ك ده‌ده‌ن، ئه‌مریكا كه‌شتى جه‌نگى و هێزى هێناوه‌ته‌ كه‌نداوى فارس و ئێرانیش هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات له‌و هێزانه‌.