ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:58 - 10/05/2019

سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامی ئەمریكا دەگەیەنێتە شیعەكان‌

پەیسەر

سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەك لەسەركردە شیعەكان كۆبۆوە و پەیامی ئەمریكای پێ راگەیاندن، لایه‌نه‌كانی وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی پۆمپیۆیان داوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ره‌ی ئێرانیان پێ باشه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی عێراق له‌باره‌ی سزاكانی سه‌ر ئه‌مریكا، بڕیار وایه‌ لەچەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەك كۆبونەوە لەنێوان كوتلە سوننی و كوردیەكانیش لەسەر ئەو پرسە بكرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، شەوی رابردوو عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ هەریەك لە عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی نیشتمانی و نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانیەتی نەسر و نوێنەری موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر و هادی عامری كۆبۆتەوە.

به‌پێی زانیارییه‌كان و لەكۆبونەوەكەدا پەیامی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكای گەیاندۆتە بەرپرسە شیعیەكان كە دەبێت عێراق لەنێوان هاوپەیمانیەتی واشنتۆن و تاران یەكێكیان هەڵبژێرێت.

عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌وه‌ی به‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان راگه‌یاندووه‌ كه‌ پۆمپیۆ پێی راگه‌یاندووه‌، ئەگەر عێراق ببێتە هاوپەیمانی ئەمریكا ئەوە سەركەوتوو دەبێت و ئەگەریش ببێتە هاوپەیمانی تاران ئەوە دۆخی ئابوری و سیاسی سەقامگیر نابێت و لەوكاتەشدا پاراستنی هێزەكانی ئەمریكا دەبێتە ئەركی عێراق.

 سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، هەموو سەركردە شیعیەكان جگە لەنوێنەری موقتەدا سەدر لەگەڵ ئەوەدابوون پشتیوانی ئێران بكرێت بەجۆرێك نەچنە ژێرباری سزاكانی ئەمریكا، بەڵام نوێنەری رەوتی سەدر رایگەیاندووە بەرژوەندیە باڵاكانی گەلی عێراق لەسەرووی هەموو شتێكە و ناكرێت دۆخی ئابوری و سیاسی و ئەمنی عێراق بخرێتە گرەوەوە بۆیە باشترە عێراق ئەگەر بكرێت بێلایەن بێت و ئەگەریش نەكرێت پشتیوانی تاران نەكات.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت لەچەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەك كۆبونەوە لەنێوان كوتلە سوننی و كوردیەكانیش لەسەر ئەو پرسە دەكرێت.

شەوی سێشه‌ممه‌ مایك پۆمپیۆ گەیشتە عێراق و لەگەڵ هەریەك لەعادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار كۆبۆوە. رۆژی چوارشەممەش نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا كە بەبۆنەی سەردانەكەی پۆمپیۆ بڵاویكردەوە رایگەیاند رۆژی شەممە و دووشەممەش پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هەبووە.