ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:20 - 09/05/2019

به‌شداره‌ له‌ شه‌ڕی دژی هێزه‌كان، كوشتن و ده‌ستدرێژی سێكسی‌

پەیسەر

ئه‌مڕۆ دادگای تاوانه‌كانی نه‌ینه‌وا  بڕیاریدا كه‌ سزای له‌سێداره‌دان بۆ هاوڵاتێكی موسڵاوی ده‌ربكات كه‌ دڵسۆزی داعش بووه‌ و به‌ شداری شه‌ڕی دژی هێزه‌ عێراقیه‌كان كردووه‌ و چه‌ندین كه‌سی كوشتووه‌.

به‌ پێی هه‌واڵێكی پێگه‌ی "شه‌فه‌ق نیوز" سه‌نته‌ری ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری بڵاویانكردۆته‌وه‌" ئه‌و تیرۆرسته‌ به‌رده‌وام جلی ئه‌فغانی له‌به‌ر كردووه‌ و هه‌میشه‌ چه‌كی پێبووه‌. وه‌كو ئه‌ندامێكی ده‌زگای هه‌واڵگری داعش ئیشی كردووه‌. سه‌رجه‌م ڕێنمایه‌كانی تیرۆرستی داعشی به‌سه‌ر ماڵه‌كاندا دابه‌ش كردووه‌."

له‌ درێژه‌ی بڵاوكراوه‌دا هاتووه‌" ئه‌و تیرۆرسته‌ به‌شداری شه‌ڕه‌كانی سنووری قه‌زای زومماری كردووه‌ و له‌وێ پێنج كه‌سی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كوشتووه‌. دواتریش به‌شداره‌ له‌وه‌ی ده‌ستدرێژی كردۆته‌ سه‌ر كچێكی ئێزدیی."

له‌ درێژه‌ی ئه‌و بڵاوكراوه‌یه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌" سزای له‌ سێدارانی تاوه‌كو مردن به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه‌. ئه‌وه‌ش به‌ پشت به‌ستن به‌ دانپێدانانی ڕوون و ئاشكرای خۆی له‌به‌رده‌م دادگا و ئاماده‌بوونی گه‌واهیده‌ر. بۆیه‌ دادوه‌ر به‌ پێی مادده‌ی چواری تیرۆری ژماره‌ 13ی ساڵی 2005 سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌ركرد."

له‌ 3ی حوزه‌یرانی ساڵی 2014 چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام(داعش) شاری موسڵیان كۆنترۆڵكرد و دواتر ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی وه‌كو خه‌لیفه‌ی موسڵمانن له‌سه‌ر مینبه‌ری مزگه‌وتێكی ئه‌و شاره‌ گوتاری خۆی پێشكه‌شكرد. خه‌ڵكی زۆریش له‌ ناوچه‌كه‌ به‌یعه‌تیان به‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌كه‌دا و تاوه‌كو دوا دڵۆپی خوێنیان له‌ پێناویدا جه‌نگان.