ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:45 - 28/04/2019

یه‌كێتی داوای روونكردنه‌وه‌ له‌پارتی ده‌كات‌

پەیسەر

له‌سه‌ر پرسی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم یه‌كێتی داوای رونكردنه‌وه‌ له‌پارتی ده‌كات، پارتیش ده‌ڵێت، له‌ هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى باسی دەسەڵاتی جێگر نه‌كراوه‌و ناكرێت ئه‌وه‌ بكرێت به‌ كێشه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌ له‌سه‌ر پرسی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت جێگری یه‌كه‌م بۆ گۆران ده‌بێت و جێگری دووه‌م بۆ یه‌كێتی و ده‌بێت و جێگری یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی و ئه‌منی هه‌یه‌ و جێگری دووه‌م ده‌سه‌ڵاتی ئیداری هه‌بێت، یه‌كێتی داوای رونكردنه‌وه‌ی له‌پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، یه‌كێتی نایه‌وێت جێگره‌كه‌ی له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی له‌جێگره‌كه‌ی گۆڕان كه‌متر بێت. سه‌باره‌ت به‌ وه‌ڵامی پارتی ده‌ڵێت، پارتی رایگه‌یاندووه‌ به‌پێی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی ده‌سه‌ڵات و ئه‌ركه‌كانی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌كراوه‌.

پارتى هه‌روه‌ها گوتویه‌تى، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ له‌یاساكه‌دا هاتووه‌ كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم دوو جێگری ده‌بێت و خۆی به‌مه‌رسومێك ده‌سه‌ڵاتیان بۆ دیاری ده‌كات، بۆیه‌ له‌ئێستادا پێویست به‌وه‌ناكات ئه‌و پرسه‌ بكرێته‌ كێشه‌ و با بۆدوای هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆكی هه‌رێم بێت.

تا ئێستا هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم په‌سه‌ند نه‌كراوه‌و پێشتر ناكۆكى له‌نێوان لایه‌نه‌كان هه‌بوو له‌سه‌ر ژماره‌ى جێگر بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم، ئێستا لێكتێگه‌یشتن له‌نێوانیان دروست بووه‌و پێده‌چێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا هه‌مواره‌كه‌ تێبپه‌ڕێت.