09:48 - 26/04/2019
گەندەڵی گەورە لەموچەی خانەنشینی لەبەرپرسانی باڵای عێراق ئاشكرادەكرێت
دیوانی چاودێری دارایی وردبینی لەموچەی خانەنشینی سەرجەم فەرمانبەران كردووەو لەو چوارچێوەیەش گەندەڵی گەورە لەموچەی خانەنشینی پلە باڵاكانی عێراق ئاشكرابووە، كە بەهۆیەوە ملیاران دینار بەفیڕۆ دەچێت.
لەو بارەوە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی سەر بەحكومەتی عێراق لەزاری سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بڵاویكردووەتەوە، كە ماوەیەكە وردبینی لەموچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانو بەرپرسانی حكومی دەكەنو گەیشتوون بەو ئەنجامەی گەندەڵی گەورە لەو رێگەیەوە كراوە.
ئەو بەرپرسە عێراقییە راشیگەیاندووە، بۆ پاراستنی گیانی ئەو كەسانەی كار لەو دۆسییە گەندەڵییە دەكەن، لیژنەیەكی نهێنیان پێكهێناوە، بۆ ئەوەی نەكەوتنە ژێر فشاری لایەنە سیاسیو بەرپرسەكانو ئاماژەی بەوەش كردووە، لێكۆڵینەوەكان بەردەوامی هەیە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكە لیژنەكە بۆی دەركەوتووە بەهۆی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشوو، هەروەها وەزیرەكانو ئەندامانی ئەنجوومەنی حكوم تائێستا 53 ملیار دینار بەفێرۆ دراوەو گەندەڵی تێداكراوە.
رۆژنامەكە لەژمارەی ئاماژەی بەوەش كردووە، دیوانی چاودێری بڕیاریداوە، كە ئەو دۆسییە بەكراوەیی بهێڵێتەوەو دوای ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیش موچەی ئەو كەسانە رابگرێت، تائێستا بەگەندەڵی پارە وەردەگرن.
هەر بەپێی لێكۆڵینەوەی لیژنەكە، گەندەڵییەكان لەو دۆسییەیە، لەرێگەی بڕوانامەی ساختەو وەرگرتنی پارەی زیادە دەبینێتەوە، كە ئەو دۆسییەیە راستەوخۆ لەلایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران لەچوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كاری لەسەر دەكرێت.
لیژنەكە لێكۆڵینەوە لەو بەرپرسانە دەكات لە نێوان ساڵەكانی 2003 بۆ 2019 خانەنشین بوونو بڕیارە سەرجەم ئەو پارانەش لەو بەرپرسانە وەربگیرێنەوە، كە لیژنەكە گەندەڵییەكانیان لەسەر ساغدەكاتەوەو سەرۆك وەزیرانیش لیژنەی گەندەڵی راسپاردووە، هیچ كەسێكی لێدەرنەكرێت.