ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:52 - 21/04/2019

بەرەیەكی هاوبەشی سێ‌ لایەنی شیعە‌

پەیسەر

سێ لایەنی شیعەی لە سیاسەتەكانی كابینەی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی رازی نین و هەوڵی دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش دەدەن، بەڵام كورد ناچێتە ناو ئەو بەرەیەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، هەریەك لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالكی و هاوپەیمانیەتی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەرعەبادی و رەوتی حكمە بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم لەهەوڵی دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەشدان.

تائێستا دیارنیە ئەم بەرەیە دەبێتە ئۆپۆزسیۆن یان نا، بەڵام لەسیاسەتی ئێستای كابینەی حكومەت رازی نین و تائێستاش نەیانتوانیوە موقتەدا سەدر رازی بكەن بێتە ناو ئەو بەرەیەوە.

سەرچاوەكی ئاگادار لەو بارەوە بۆ پەیسەر پرێس دەڵێ‌: پێدەچێت ئێران لەپشت ئەو هەوڵەوە بێت ئەوەش دوای نزیكبوونەوەی عادل عەبدولمەهدی لە سعودیە و وڵاتانی كەنداو و چاوپۆشی لەگەرانەوەی سوپای ئەمریكا بۆ عێراق.

بەپێی زانیاریەكان ئەم بەرەیە دەست پێشخەریان خستۆتە بەردەم لایەنە كوردستانیەكان، بەڵام هیچ لایەنێكی كوردی تائێستا وەڵامی ئەرێنی نەداوەتەوە و پێناچێت بەشداری لەهیچ بەرەیەكی لەو شێوەیە بكەن.