ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:32 - 02/12/2018

پێكهێنانی ناتۆی عەرەبی دژی ئێران شكست دەهێنێت‌

پەیسەر


سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق ڕایدەگەێنێت، پێكهێنانی ناتۆی عەرەبی دژ بە كۆماری ئیسلامی ئێران شكست دەهێنێت.

 
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی كۆماری ئیسلامی ئێران، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق ئاشكرایدەكات." حكومەتی عێراق نابێتە ئەندامی هیچ هاوپەیمانیەتیەكی ئەمریكا و سعودییە لە دژی ئێران. ڕێگاش نادەین كە خاكی عیراق دژی ئێرانی دراوسێمان بەكاربهێنریت."
هەر لەو چاوپێكەوتنەدا مالیكی ئاماژە بەوەدەكات:" عێراق هەرگیز نابێتە بەشێك لەو هاوپەیمانیەتیەی كە سعودییە ڕابەرایەتی بكات، لەبەر ئەوەی سعودییە لە جەنگی داعشدا، پاڵپشتی داعشی كردووە، هیچی بۆ عیراق نەبووە، جگە لە شەڕ و وێرانكاری."

باس لەوەشدەكات، پێویستە حكومەتی نوێی عێراق لە بازنەی ئەمریكا بێتە دەرەوە، لەبەر ئەوەی هاوپەیمانیەتی سیاسەتی عیراقی بێدەنگ نابێت بەوەی عیراق لەژێر هەڵسوكەوتی ئەمریكا بمێنیتەوە.

لە كۆتاییشدا، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق سەبارەت بە گەمارۆكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران دەڵێت" ئەو كارەی ئەمریكا دژ بە ئێران نا ئەخلاقییە، عێراق نابێتە بەشێك لەو گەمارۆییەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە."

پێشتر ساڵەح موسلیم سەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتی دیموكراتیی (پەیەدە) لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پەیسەر پرێسدا سەبارەت بە ناتۆی عەرەبی ڕایگەیاندبوو." هێشتا ناتۆی عەرەبی دروستنەكراوە، لە رۆژەڤ دایە و لەوانەیە ساڵی 2019 دروست بكرێت. بەڵام هێشتا دیارنییە ئەم ناتۆیە چ جۆرە پەیوەندیەك لەگەڵ كورد دەبەستێت و لەگەڵ كامە پارچەی كوردستان پەیوەندی دەبێت. ئەمە یەكلایی نەكراوەتەوە. نازانین كورد بەشداری پێدەكرێت لە ناو ئەم ناتۆیە یان نا. ناو ئەم سوپایە ناتۆی عەرەبیە، نازانین كورد وەكو عەرەب هەژمار دەكەن و بەشداری پێدەكەن یان نا ئەمەشیان دیارنییە. هەروەها پێموانییە پەكەكە بۆ خاتری ئەمریكا یان عەرەب شەڕ لەدژی ئێران هەڵگیرسێنێت. پەكەكە هێزێكە ئیرادەی لەدەست خۆیدایە. بە گوێرەی بەرژەوەندی كورد ئەوەی پێویست بێت دەیكات. بەڵام بۆ خاتری هیچ لایەنێكی دیكە هیچ دەستپێشخەریەك ناكات. واتە بۆ خاتری هێزەكانی دیكە شەڕ ناكات، خاوەن سیاسەتێكە، ستراتیژیەكی تایبەت بەخۆی هەیە. ئەو شتەی باسی دەكرێت لە بەرژەوەندی كورد دایە یان نا، پەكەكە بڕیاری لێدەدات نە لایەنێكی دیكە."