ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:16 - 04/04/2019

بڕی ئه‌و پارانه‌ به‌رپرسانی عێراق له‌ گه‌شته‌كانیان خه‌رجی ده‌كه‌ن ئاشكرا كرا‌

پەیسەر

له‌ ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشكراكراوه‌، كه‌ بڕێكی زۆری پاره‌ له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی عێراقه‌وه‌ به‌ هه‌ده‌ر ده‌درێت ئه‌و پاره‌یش له‌ چاو زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ زیاتره‌، ئه‌مه‌ش هه‌ڵئاوسانی له‌سه‌ر ئابوری وڵات درووست كردووه‌.

ڕۆژنامه‌ی" العربی الجدید" له‌ ڕاپۆرتێكیدا به‌ پێی سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان بڵاویانكردۆته‌وه‌" سه‌رچاوه‌كانی حكومه‌تی عێراق له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان ساڵانه‌ گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ن، له‌ لیستێكدا كه‌ ناوی "نێرده‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات" ناویان ده‌به‌ن. ساڵانه‌ زیاتر له‌ 30 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی خه‌رج ده‌كه‌ن. ئه‌و پاره‌یش هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و په‌رله‌مان ده‌گرێته‌وه‌، هه‌ندێك جاریش دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان ئه‌و گه‌شتانه‌ ده‌كه‌ن."

ڕۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌شته‌كان ده‌كه‌ن، خێزان یان هاوڕێكانی خۆیان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن، به‌ بێی ئه‌وه‌ی هیچ ئیشێكی حكومیان هه‌بێت.

ئاژانسه‌كانی عێراق دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ بڵاویانكردۆته‌وه‌، كه‌ فراكسیۆنێكی په‌رله‌مان له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ فشارله‌سه‌ر حكومه‌ت درووست بكه‌ن تاوه‌كو ئه‌و پارانه‌ ڕاگرن و ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ده‌روازه‌كانی گه‌نده‌ڵی. هه‌روه‌كو عادل عه‌بدولمه‌هدی ئاماژه‌ی پێداوه‌ ساڵانه‌ پاره‌ی میله‌ت به‌ هه‌ده‌ر ده‌درێت.

ڕۆژنامه‌كه‌ به‌رپرسێكی باڵای سه‌رباره‌ت به‌و كه‌یسه‌ دواندووه‌ كه‌ له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌، ڕاگه‌یاندووه‌" هه‌موو مانگێك به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 20 شاندی جیاواز له‌ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كان گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ش ته‌نیا 10 شاندیان به‌ مه‌به‌ستی تایبه‌ت بۆ ئیشی حكومه‌ت ده‌چن ئه‌وانی دیكه‌ ته‌نیا بۆ به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌ی میله‌ت ده‌چن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ جێگه‌ی پرسیاره‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ خێزانه‌كانی خۆیان ده‌به‌ن، كه‌ له‌ هیچ كوێی دونیا نه‌بووه‌ تۆ ماڵ و مناڵت له‌سه‌ر پاره‌ی میله‌ت به‌ریته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات"

له‌ كۆتایدا هاتووه‌" پێویسته‌ ئه‌و گه‌شتانه‌ ڕابیگرێت، چونكه‌ به‌و پاره‌یه‌ ده‌توانرێت خوێندنگا و خانه‌ی بێ سه‌رپه‌رشتان و بێوه‌ژن و ئه‌و كه‌سانه‌ی داعش پیاوه‌كانی كوشتوون پێی به‌ خێو بكرێت."