ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:32 - 31/03/2019

بۆ ئه‌كه‌په‌ دۆڕانی ئەستەنبوڵ بەواتای دۆڕاندنی توركیایە‌

پەیسەر

بەچەند سەعاتێك پێش پرۆسەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە زەنگی دۆڕاندنی بۆ هەوادارانی پارتەكەی لێدا، كە پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیایە.

بەقسەی چاودێرانی توركیاو ئەنجامی راپرسییەكانیش، ئەم هەڵبژاردنە رەنگە سەرەتای دۆڕانی پارتی دادوگەشەپێدانی توركیا بێت، بۆیە ئەردۆغانیش زەنگی دۆڕاندنی لێداوە، بەتایبەتی لەدوو گەورە شارەوانی ئەنقەرەی پایتەخت‌و ئەستەنبوڵی شاری ئابووری توركیا.

پارتی دادوگەشەپێدانی توركیا لەئێستادا لەكۆی 81 شارەوانی خاوەنی 49 شارەوانییە، وەك شارەوانییە گەورەكانی ئیزمیرو ئەدەنەو بۆرسەو ئەمستەمبوڵ‌و ئەنقەرەو چەند شارەوانییەكی تری گرنگ.

كەمال كلیجدار ئۆغلۆ، سەرۆكی گشتی پارتی گەلی كۆماری، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایایە، هەڵبژاردنی ئەم جارەی توركیا بە "گرنگ" دەزانێت‌و ئەوەش بەهۆی ئەوەی پارتی دادوگەشەپێدان لەو هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتی وەرگرتووە.

هەڵبژاردنی شارەوانی توركیا رۆژی 31ی ئەم مانگە بەرێوەدەچێت، كە57  ملیۆن كەس مافی دەنگدانی هەیە، كە هەڵبژاردنەكە بۆ دیاریكردنی سەرۆك شارەوانییەكان‌و ئەندامانی ئەنجوومەنە خۆجێی‌و موختارەكانە، كە بەشێك لەچاودێران، ئەوە وەك راپرسییەكی گرنگ دەبینین بۆ پارتی دەسەڵاتدار لەپاش ساڵێك لەهەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی كۆماری توركیا.

پارتی دادو گەشەپێدان بۆ ئەم هەڵبژاردنە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرستی توركیا ئەنجامداوە، لەبەرانبەر ئەو هاوپەیمانییە، هاوپەیمانی پارتی گەلی كۆماری‌و ئی پارتی هەیە، ئەمە سەرەڕای بوونی پارتی دیموكراتی گەلان ، كە لەزۆرینەی پارتە كوردییەكانی باكووری كوردستان پێكهاتووە.

پارتی دیموكراتی گەلان، كاندیدی بۆ شارەوانییەكانی ئەستەنبوڵ‌و ئەنقەرە و ئیزمیر نییە، كە ئەوەش ترسی لای پارتی دادوگەشەپێدان بەسەرۆكایەتی ئەردۆغان دروست كردووە، چونكە هەدەپە پشتگیری بۆ هاوپەیمانی نیشتمانی راگەیاندووە، كە لەپارتی گەلی كۆماری‌و ئی پارتی پێكهاتوون.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، كە ترسی ئەردۆغان لەدۆڕاندنی گەورە شارەوانییەكانی ئەنقەرەو ئەستەنبوڵ، پشتگیری پارتی دیموكراتی گەلانە لەهاوپەیمانی نیشتمانی، هەروەها خراپی دۆخی ئابووریش هۆكارێكی ترە بۆ ترسەكەی سەرۆك كۆمار.

لەئێستادا دۆخێكی ئابووری بەرۆكی توركیای گرتووە، كە هاوپەیمانی نیشتمانی، دروشمی سەرەكی چاكردنی دۆخی ئابوورییەو ئەوەش وا لێكدەدرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت دەنگێكی زۆر بۆ خۆی بەرێتەوە.

چەندین راپرسی جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە پارتەكەی ئەردۆغان شارەوانی ئەنقەرە دەدۆڕێنێت، بەوەش كۆتایی دێت بەچارەكە سەدەیەك لەهەژموونی ئەو حیزبە لەپایتەختی توركیا، هاوكات ئاماژەكان بۆ ئەوەش دەچن، جگە لەپایتەخت لەئەستەنبوڵ بۆرسەو ئەدەنەو ئەنتالیا پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنن.

بەم دوایانە دامەزراوەكانی مترۆپۆڵ‌و كۆنسینسۆسی تایبەت بەتوێژینەوە، جەختیان كردەوە، كە مەنسور یافاش كاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانی سەرۆكایەتی شارەزانی ئەنقەرە دەباتەوە، بەڵام باسیان لەوەش كردووە، كە چانسی بینالی یەڵدرم كاندیدی دادوگەشەپێدان بۆ شارەوانی توركیا زیاترە.

ئەردۆغان فۆكسێكی زۆری خستووەتە سەر بردنەوەی شارەوانی ئەستەنبوڵ، چونكە بەقسەی چاودێران، ئەگەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان شارەوانی ئەو ساڵە بەرنەوە، ئەوا لێدانێكی هێمنانە دەبێت، بۆ ئەردۆغان، كە ناوبراو رایگەیاندووە "ئەگەر ئەستەنبوڵ بدۆڕێنین هەموو توركیامان دۆڕاندووە".

ئەردۆغان بەهۆی ترسی لەدۆڕان، ئێستا زمانی هەڕەشە لەبانگەشەكانی بەكاردەهێنێت‌و باسی لەوە كردووە، كە سەركردەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، لەوانە كەمال كلیجدار ئۆغلۆ دەداتە دادگا.