ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:11 - 31/03/2019

هەڵبژاردنی "ژیان‌و مردن" بۆ ئەردۆغان‌

پەیسەر

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا بەرێوەدەچێت، كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاو سەرۆكی پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە، بەهەڵبژاردنی "پیان‌و مردن" ناوی برد.

ئەمڕۆ یەكشەممە لەسەعات حەوتی بەیانی بەكاتی ناوخۆی توركیا سندووقەكانی دەنگدان بەرووی دەنگدەراندا، لەناوچەكانی باشووری رۆژهەڵات‌و باكووری كوردستان كرایەوە، هەروەها سەعات هەشتی بەیانی ناوەندەكانی دەنگدان لەسەعات هەشتی بەیانی كرایەوە.

دەنگدانەكە تا سەعات پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت‌و تێدا سەرۆك شارەوانی‌و ئەندامانی ئەنجوومەن‌و موختارەكان لەشارو شارۆچكەكانی توركیا هەڵدەبژێرێن.

بەو پێیەی دوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی توركیا لەپەرلەمانییەوە، بۆ سەرۆكایەتی یەكەم هەڵبژاردنە لەتوركیا بەرێوەدەچێت، هەڵبژاردنەكە بۆ پارتی دادوگەشەپێدان‌و خودی ئەردۆغان گرنگە، بۆیە خۆشی بە هەڵبژاردنی "ژیان‌و مردن" ناوی برد.

ئەردۆغان، كە بەسیستەمە نوێیەكە وەك سەرۆك كۆمار دەسەڵاتێكی زۆری وەرگرت، ئێستا رەخنەیەكی زۆری لەسەرە، ئەویش بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری توركیاو پیشێلكارییەكانی لەبوارەكانی مافی مرۆڤ.

زۆربەی سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، كە ئەگەر پارتەكەی ئەردۆغان لەئەنقەرە، یان لە ئەستەنبوڵ بدۆڕێت، ئەوە سەرتای كۆتایی ئەو دەسەڵاتەیەتی، 25 ساڵە پەیڕەوی دەكات.