ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:34 - 14/03/2019

پرۆژه‌یاسایه‌كى گرنگ بۆ خەڵکیی خوێندنه‌وه‌ى بۆ كرا‌

پەیسەر

  ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، پرۆژه‌ یاسایه‌كى گرنگى خسته‌ به‌رنامه‌ى كاره‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى بۆ كرد، به‌پێى پرۆژه‌كه‌ هه‌موو خێزانێكى عێراقى پارچه‌یه‌ك زه‌وى پێده‌ده‌رێت و له‌سه‌ریان تاپۆ ده‌كرێت.

پرۆژه‌یاساكه‌ ئێستا قۆناغى یه‌كه‌مى بڕیوه‌و قۆناغى دووه‌مى ماوه‌ كه‌ گفتوگۆكرن و تێپه‌ڕاندنیه‌تى، به‌پێى ره‌شنوسى پرۆژه‌كه‌ كه‌ ناوى ته‌رخانكردنى پارچه‌ زه‌وییه‌ بۆ خێزانه‌ عێراقییه‌كان، هه‌موو خێزانێكى عێراقى پارچه‌ زه‌وییه‌كى نیشته‌جێبوونى بۆ دابینده‌كرێت و ده‌كرێت به‌ناویه‌وه‌، به‌ مه‌رجێك پێشتر له‌ وه‌رگرتنى زه‌وى سودمه‌ند نه‌بووبێت.

پرۆژه‌كه‌ به‌ وردى باسى ئه‌و خێزانانه‌ى كردووه‌ كه‌ سودمه‌ندده‌بن له‌ وه‌رگرتنى زه‌وى و ده‌ڵێت بێوه‌ژن و منداڵه‌كانى لێى سودمه‌ند ده‌بن و ئه‌و پیاوانه‌شى ژنیان نه‌ماوه‌و منداڵیان هه‌یه‌ سودمه‌ند ده‌بن له‌ پرۆژه‌ یاساكه‌ و وه‌رگرتنى زه‌وى.

سه‌رۆك خێزان مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ داواكارى وه‌رگرتنى زه‌وى پێشكه‌ش بكات و به‌ خه‌تى خۆى به‌ڵێننامه‌ پڕبكاته‌وه‌ كه‌ له‌ وه‌رگرتنى زه‌وى سودمه‌ند نه‌بووه‌، هه‌ر خێزانێكیش له‌ ناوه‌ندى پارێزگاكان ٢٠٠ مه‌تر زه‌وى پێده‌درێت و له‌ قه‌زاكان ٢٥٠ مه‌تر زه‌وى پێده‌درێت و له‌ ناحیه‌كانیش بۆ هه‌ر خیزانێك ٣٠٠ مه‌تر ته‌رخانكراوه‌.

وه‌زاره‌ته‌كانى حكومه‌ت پابه‌ندكراون له‌ ماوه‌ى دووساڵدا كاره‌كان ته‌واو بكه‌ن و هه‌ر خێزانێك له‌و ماوه‌دا زه‌وى خۆى بۆ دابینبكرێت، به‌پێى پرۆژه‌ یاساكه‌ رێگه‌ نادرێت مامه‌ڵه‌ به‌و زه‌وییانه‌وه‌ بكرێت و خاوه‌ندارێتییان بگوازرێته‌وه‌ تا ٢٠ ساڵ، هه‌روه‌ها سندوقى نیشته‌جێكردنیش پابه‌ند كراوه‌ قه‌رز بدات به‌ خاوه‌نى زه‌وییه‌كان تا بیكه‌ن به‌ خانوو.

له‌ پرۆژه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، له‌ حاڵه‌تى ئه‌نجامدانى ساخته‌كارى یاخود به‌كارهێنانى به‌ڵگه‌نامه‌ى ساخته‌، ئه‌وا مادده‌كانى یاساى سزاى عێراقى به‌سه‌ر تۆمه‌تباردا جێبه‌جێده‌كرێت، وه‌ له‌ رۆژى بڵاوكردنه‌وه‌ى یاساكه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.