ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:47 - 12/03/2019

رۆحانی كێشه‌یه‌كى ئاڵۆزى شیعه‌كانى عێراقى چاره‌سه‌ر كرد‌

پەیسەر

سه‌رۆك كۆماری ئێران، توانی ناكۆكی لایه‌نه‌ شیعییه‌كان ده‌رباره‌ی كاندیدى وه‌زیری ناوخۆ چاره‌سه‌ربكات، و فالح فه‌یاز له‌ كاندید بوونى پۆ ئه‌و پۆسته‌ ده‌شكێته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، حه‌سه‌ن رۆحانی له‌ نێوه‌ندگیری نێوان لایه‌نه‌شیعییه‌كان سه‌ركه‌وتووه‌ بووه‌ و كوتله‌ی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا و هاوپه‌یمانه‌كانی رازی كردووه‌، كه‌ فالح فه‌یاز له‌كاندیدی وه‌زیری ناوخۆ بكێشنه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، لایه‌نه‌شیعییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون كه‌ تا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ كاندیدێكی تر بۆ پۆستی وه‌زیری ناوخۆ دیاری بكه‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ش سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت ئه‌وه‌ په‌رله‌مانی عێراق رۆژی پێنجشه‌ممه‌ بۆ ته‌واوكردنی كابینه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی كۆده‌بێته‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، فشار له‌سه‌ر كوتله‌ كوردییه‌كانیش زیادكراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كاندیدی وه‌زیری داد بگه‌نه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی هه‌روه‌ها شیعه‌كان داوایان له‌سوننه‌كانیش كردووه‌ له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ وه‌زیری به‌رگری بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.

رۆژی دووشه‌ممه‌ حه‌سه‌ن روحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران به‌سه‌ردانێكی سێ رۆژه‌ گه‌یشته‌ به‌غداد و له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دوو رێكه‌وتنى ئه‌منى و سه‌ربازى واژۆكردووه‌.