ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:16 - 29/11/2018

سوپاى عێراق خۆى پڕچەک دەکات‌

پەیسەر

لەماوەى دە ساڵى ڕابردوودا عێراق هەنگاوى گەورەى ناوه‌ بۆ پڕچەککردنى سوپاکەی ئەمەش لە پڕۆسەیەکى وردى دەستنیشانکردنى چەک و پێداویستییەکان لە سەرچاوەى جیاواز و بە لەبەرچاوگرتنى هاوکێشە سیاسییەکان ئەنجامدراوە، به‌رئه‌نجامی هه‌وڵه‌كانیش سوپایەک دروستبووە کە چەندین چەکى جیاواز و بەهێزى هەیە.

لە سەردەمى سەدام حوسێندا، کاتێک سوپاى عێراقى لە لوتکەدا بوو ژمارەى سەربازەکانى یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار بوو، سەرچاوەى سەرەکى چەک و پێداویستییە سەربازییەکانى سوپاى عێراق لە یەکێتى سۆڤیەت و فەرەنساوە دابینده‌كران. بەڵام لەدواى دوورخستنەوەى سەدام لە 2003دا، گۆڕانکارى بەسەرداهات و لەو ماوەدا (2003-2018) عێراق چەک و پێداویستى قورسى خۆى لە ئەمریکا و رووسیا کڕیووە. 

لەدواى کۆتایى هاتنى قۆناغى داگیرکردنى ئەمریکا لە عێراق، لەماوەى دواساڵەکانى ئیدارەى ئۆباما، سوپاى نوێى عێراق هەمان ئەو جۆرى چەک و پێداویستى سەربازى و سیستمى سەربازى سوپاى ئەمریکاى دەکڕى کە لەڕێگەیەوە عێراقى پێداگیرکرابوو. بۆنمونە تانکى (M1) و هەمەڕ و هێلیکۆپتەرى (AH-64)و فڕۆکەى (F16).

 

ماڵپەرى ستراتیژى پەیج بڵاویکردووەتەوە، کە عێراقییەکان سوپاى ئەمریکا وەکو نمونەیەک تەماشا دەکەن بۆ سوپا نوێیەکەیان، تاوەکو بتوانن چەک و پێداویستى سەربازى ئەمریکى دەکڕن. هەروەها سوپاى عێراقى دەزانێت کە ئەو جۆرە لە کەلوپەلى سەربازی مایەى سوودمەندبوونیانە و دەتوانن بەردەوام بەکاریبهێنن.

پێش ساڵى 2011 سوپاى عێراق 140 دانە لە تانکى (M1)ى کڕیووە. لەئێستادا ئەو جۆرە لە تانک پێشکەوتووترین جۆرى تانکى سوپاى عێراقە. هەروەها ئەمریکا هەزاران هەمەڕى بۆ عێراق دابین کردووە و سه‌دان لە هەمەڕى دژ بە بۆمب کە بە (M-R-A-P) ناسراون، و زیاتر لە سەد زرێپۆش.

حكومه‌تی بەغدا دوو ملیار دۆلارى خەرج کردووە بۆ کڕینى 36 فڕۆکەى  (F16) ، کە لە ناوەڕاستى ساڵى 2015ەوە پڕۆسەى وەرگرتنى ئەو فڕۆکانە دەستى پێکرد، کە ساتەوەختى ڕووبەڕوو بوونەوەى داعش بوو.

بەڵام عێراق تەنها چەک و پێداویستى ئەمریکى ناکڕێت. عێراق لەجیاتى ئەوەى هێلیکۆپتەرى ئەپاچى شەڕکەرى ئەمریکى بکڕێت، هێلیکۆپتەرى می28و 35می- ناسراو بە هاڤۆکى کڕیووە.

 

بەبۆچوونى بەغدا ئەو بڕیارە دروستترە. چونکە هێلیکۆپتەرى رووسى تێچووى کەمترە و چاککردنەوەو بەردەوامى پێدانى بۆ عێراقییەکان ئاسانترە وەکو لە هێلیکۆپتەرى ئەمریکى. هەروەها بەغدا مەترسییەکى کەمترى هەیە لە ئەگەرى بەکارهێنانى لەدژى هاوڵاتیانى مەدەنى یان دژایەتى کردنى کورد، ڕوسیا بووەستێت لەپێدانى هاوکارى تەکنیکى و بەخشینى پارچەى یه‌ده‌گ بە بەغدا، بەڵام له‌م روه‌وه‌ بەغدا ناتوانێت بەتەواوى پشت بە واشنتن ببەستێت.

کاتێک ئەمریکا تانکى ئێم١ى بەخشى بە عێراق، مەرجى ئەوەى دانا کە دابینکردنى پشتیوانى تەکنیکى و بەخشینى پارچەى یه‌ده‌گ بۆ ئەو تانکانە بە مەرجێک دەبێت کە بەتەواوى لەژێر کۆنترۆڵى سوپاى عێراقدا بن. چونکە بەڵگەى ئەوە دەستکەوت لە 2017دا هێزەکانى حەشدى شەعبى نۆ تانکى جۆرى (M1)یان بەکارهێناوە.

 

تەنانەت هێزەکانى پێشمەرگە تانکێکى (M1)یان تێکشکاند کە لە 20ى تشرینى یەکەمى 2017دا لەدژیان بەکارهێنرابوو. لەئەنجامى ئەوەدا کۆمپانیاى بەرهەمهێنەرى ئەو تانکە (جێنرەل داینامیکس) هەموو پشتیوانییەکى خۆى بۆ عێراق ڕاگرت، تاوەکو سەلماندنى ئەوەى بەتەواوى تانکەکان دەکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتى سوپاى عێراق.

لەوکاتەدا، عێراق پشتبەستنى خۆى بە M1 کەمتر کردەوە لەڕێگەى کڕینى 73 تانکى جۆرى (T90)ى ڕووسى بەبڕى یەک ملیار دۆلار.

ئەوەبوو عێراق تانکى T90ى دابەشکرد بەسەر ئەو یەکانەى کە لەپێشوودا تانکى M1یان بەکاردەهێنا، بەتایبەت لیواى 35 لە فیرقەى زرێپۆشى نۆ. هەروەها لیواى 34 تانکىM1 لیواى 35ى پێبەخشرا، کە لەئێستادا جگە لەو تانکانە تانکى جۆرى تى72ى سوپاى پێشووى عێراق بەکاردەهێنن.

لەکاتێکدا T90 مەرج نییە باشتر بێت لە M1 بەڵام پێدەچێت خواست و پێویستیییەکانى عێراق باشتر بەدى بهێنێت بەراورد بە تانکىM1 .

جۆزێف ترێڤسیک، پەیامنێرى (وۆر زۆن)، دەڵێتT90ى 48 تۆن هەمان مۆدێلى ئەبرامسى 70 تۆن نین. بەڵام بڕیارێکى لەوشێوەیە کە بۆ لیواى 35 دراوە لە سوپاى عێراقى، پرسیارى ئەوە دروست دەکات کە ئایا عێراق وێنە گەورەکە دەبینێت یان نا، بەتایبەت کە M1 زۆر گرانبەهاترن و بەکارهێنانیان ئاڵۆزترە هەم لەڕووى پراکتیکى و هەم سیاسییەوە.

لەلایەکى دیکەوە عێراق 24 فڕۆکەى ڕاهێنانى جۆرى T50ى بە بەهاى دوو ملیار دۆلار کڕیووە وەکو بەشێک لە ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆریاى باشوور، هەروەها فڕۆکەى جەنگى جۆرى L159 لە چیک. هەردوو فڕۆکەکە هەمان بڕ لە بۆمب و موشەک هاوشێوەى فڕۆکەى F16 هەڵدەگرن.

لەکاتێکدا بەدڵنیاییەوە ئاست و توانایان هاوشێوەى فڕۆکەى جەنگى F16 نییە، T50 و L159 نرخەکانیان گونجاوە و بۆ جەنگیش کاریگەرن.

به‌شێكی زۆری ئه‌و چه‌كانه‌ی كه‌ڕۆڵێکى گرنگیان هەبووە لە ڕووبەڕوو بوونەوەى داعش لەلایەن عێراقەوە ئه‌و چه‌كانه‌ بوون كه‌ ئه‌مریكی نه‌بوو، M28 و M35 بۆیەکەمجار لەو جەنگەدا بەکارهێنران، بەتایبەت لەجەنگى هێرش بۆ بەدەستهێنانەوەى شارەکانى ڕومادى و فەلوجە. لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا، M35 وەکو پشتیوانى ئاسمانى بەکارهێنرا بۆ شەڕى پۆلیسى فیدڕاڵى لە ڕووبەڕووبوونەوەى داعش.

 

هێزى ئاسمانى عێراق وێنە زانیارییەكى بڵاوکردەوە کە وردەکارى ئەو هێرشانەى تێدابوو کە لەلایەن فڕۆکەکانییەوە ئەنجامیداوە. وێنەزانیارییەكی ژمارەى هەموو ئەو هێرشانەى تێدایە کە لە 10ى حوزەیرانى 2014ـەوە (ڕۆژى هێرش بۆسەر موسڵ لەلایەن داعشەوە) تاوەکو 31ى 12ى 2017 ئەنجامدراون.

 لەو وێنەزانیاریەدا هاتووە کە فڕۆکەى جۆرى سوخۆ25، کە لە 2014دا لەلایەن ڕووسیا و ئێرانەوە بە عێراق فرۆشراوە، زۆرینەى هێرشەکانى دژ بە داعشى پێئەنجامدراوە، کۆى گشتى هێرشەکان 3500 هێرش بوون.  هەروەها فڕۆکەى جۆرى ئانتۆنۆڤ32 کە عێراق بەمەبەستى بۆمباران بەکاریهێنا، نزیکەى یەک هەزار هێرشى پێئەنجامدراوە، بەڵام لەوماوەیەدا F16ى عێراق تەنها 514 هێرشى ئەنجامداوە.

بەهەمانشێوە فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى (CH4B) کە عێراق لە 2014دا لە چینى کڕیووە، ڕۆڵێکى گرنگى هەبووە لە کەمپینى ئاسمانى بەغدا دژ بە داعش. ئەو فڕۆکەیە کە هاوشێوەى (MQ-1پریداتۆر)ى ئەمریکى دروستکراوە، 260 هێرشى ئاسمانى ئەنجامداوە.

ئەوانە هەموو ئاماژەن بۆئەوەى کە بڕیارى بەغدا بە کڕینى چەک و پێداویستى سەربازى لە وڵاتى جیاوازەوە وایکردووە کە سوپاکەى زۆر خۆڕاگر و پتەوتربێت.