01/06/2021
وەرگێڕانی رۆمانی جەمشیدخانی مامم بۆ زمانی ئەڵمانی
بۆنەیەک بوو بۆ ئەوەی لەماڵی ئێمەدا باسبکرێت، هاوسەرەکەم پێشنیاری ئەوەی کرد، پاش خوێندنەوەی کارێکی لەسەربکەین، بەم بۆنەیەوە لە ئینتەرنێت گوێبیستی نۆڤلێتەکە بووم کە تەنها چەند کاتژمێرێکی کەمە. لەهەمانکاتدا بەدوای رەخنەی ئەدەبیدا گەڕام لەسەر رۆمانەکە، هیچم بەرچاو نەکەوت، دیارە من رەخنەگری ئەدەبی نیم، بۆیە قسە لەسەر تەکنیک و بوارەکانی رەخنەی ئەدەبی ناکەم. رۆمانەکە گێڕانەوەی کۆمەڵێک سەربوردەیە بۆ مرۆڤێک کە من بەشێکی زۆری سەردەمی ئەو مرۆڤە ژیاوم. هەرچەندە چاوکردنەوەی من بۆ دونیا لەگەڵ شەڕی عێراق و ئێرانە، کاتێک بۆ یەکەم ساڵ چوومە قوتابخانەی سەرەتایی لەو ساڵەدا، جەمشید بەتەمەنترە، چونکە جەمشیدخان دەبێتە سەرباز، بەختیار عەلی خۆی دەربارەی جەمشید دەڵێت ئەو لەچینی ئەرستۆکراتە، هەروەها ناوی خانی هەر بۆ ئەو مەبەستە زیادکردووە. بەڵام من جەمشید بەئەرستۆکرات نابینم.
ئەرستۆکرات خاوەن دونیابینی سەقامگیرە، چونکە چ گەروەبونی و چ پاشخانی ئابوریی و چ دونیابینی دەروبەرەکەی و چ بەرژەوەندییەکانی داوای ئەوەی لێدەکات کە بەردەوام بێت لەسەر رەفتارو دونیابینی باوانی. لەهەمانکاتدا لەکۆمەڵگای کوردیدا چینی ئەرستوکرات، نەک وەک کەلتورو نە وەک ئابوری بوونیان نیە.
جەمشید لەو کەسایەتییانەیە، لەگەڵ کرانەوەی دونیای ئێمەدا بەسەر ئایدۆلۆژییە رۆژئاواییەکان لەپەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابردوو، دەکەوێتە بەر لێشاوی ئایدۆلۆژیا گەورەو حیکایەتە گەورەکان، بەوتەکەی لیوتار. یەکایەتی گەورە کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەتی خۆی هەیە، گشتگیرە، دڵناییکەرە، وەڵامدەرەوەیە، جۆرک نیە لەبیر، بەڵکو باوەڕە، داوا لەهەڵگرانی دەکات کەدونیا دابەش بکەن بەسەر دۆست و نەیارداو زۆر خەسڵەتی تر. جەمشید کەسێکی کوردە، لەبەرامبەر بیرەکان و رووداوەکاندا.
ڕوداو و بیر پێکهێنەری سەرەکی ژیانی ئەون و جڵەوی ژیانی دەگرنە دەست. ئەو وەک کەسایەتییەک چۆن لە بیر و ڕوداوەکان تێدەگات، پەیوەندی لە گەڵیاندا دەبەستێت، ئەمە کرۆکی چیرۆکی نۆڤلێتەکەیە. پەیوەندی جەمشید لە گەڵ بیر و ڕوداوەکاندا پەیوەندییەکی تایبەتە. ئەو هەمیشە تەسلیم بوە. هەرگیز هیچ ڕامان و پرسیار و بەرگریی تیادانیە، ئەگەر هەشیبێت ئەوا ناگاتە ئەو ئاستەی کە ڕێگریی لە ڕەفتارەکانی بکەن. دەکرێت لە سەرەتا بڵێین کە جەمشید خۆی وەک خۆی، وەک کەسێکی ئۆتۆنۆمۆس بونی نیە. پیاوێک نیە بوەستێت و ئێستێک بکات و ئاوڕ بداتەوە و بپرسێت . ئەو دەکەوێتە بەر لافاو و لێشاوی روداوەکان. ڕەهەندی ڕوداویی ڕۆمانەکە هێندە جێگای سەرنجی خوێنەرنیە، ئەوەش بۆ ئاگایی کەسی ئێمە دەگەرێتەوە کە چۆن ڕوداوە گەورەکان لە گەڵ بیرەکاندا دەسازێنێت.
لەئاستی فیکیریدا سەرەتا جەمشید وەک کۆمۆنیستێک دەناسین. ئەمە تەنها پەیوەندی ئەونیە بەحەکایەتێکی گەورەی وەک کۆمۆنیزمەوە، یان راستتر بڵێین باوەڕی کۆمیونیزم، چونکە هەڵگران و هەوادارانی کۆمیونیزم خەڵکانێکی خاوەن بیر نین، بەڵکو زیاتر خەڵکانێکی خاوەن باوەڕن. کۆمیونیزم یەکەم حەکایەتی گەورەی رۆژئاوایە کە پاش بیرە تەقلیدییەکانی وەک سۆفیگەریی دێتە ناو دونیای ئێمەوە. ئەم بیرە یەکێکە لەبەرهەم و چەکەکانی جەنگی سارد. ئەوەی جێگای تێڕامانە لەڕۆمانەکەدا پەیوەندی جەمشید نیە بەئایدیاکانەوە، هێندەی ئەو دابڕانەی کە جەمشید لەئایدیایەکەوە بۆ ئایدیاکی تر پیایدا تێدەپەڕێت. بۆ ئەوەی ئەم درامایە بەرجەستە بکات بەختیار جەمشید لەنێوان ئاسمان و زەویدا هەڵبەزو دابەز پێدەکات.
دەکرێت ئاسمان و زەوی وەک سیمبولی ئایدیالیزم و ریالیزم یان واقیعییەت مامەڵە بکەین. بەڵام ساتەوەختی بەرکەوتن، ساتەوەختێکی وەرچەرخێنەرە. لەمێژویی دەزگاو بیرەکان ئەم ساتەوەختانە بەساتەوەختی چەمانەوە یان لادانەوە مامەڵە دەکرێت. بەڕای من ناتوانین بەئاسانی بەساتەوەختی دابڕانی لەقەڵەم بدەین. هەرچەندە جەمشید لەگەورە حەکایەتێکەوە دەگوێزێتەوە بۆ گەورە حەکایەتێکی تر، بەڵام لەزۆر ئاستدا هیچ گۆڕانکارییەک روونادات. جەمشید، هەمیشە تاک حەکایەتە، هەمیشە بەتۆخی رۆدەچێتە ناو حەکایەتەکەیەوە، بەبێ جیاوازییان، هەمیشە وەها مامەڵە لەگەڵ هەموو حەکایەتێکدا دەکات وەک ئەوەی یەکەم حەکایەتی بێت. کەسێکە کەخاوەن مێژوو و رابردوو و یادەوریی و ئەزموون و ئاگایی نییە.
بۆئەوەی ئەمە بەرجەستە بکات، بەختیار هەمیشە جەمشید تووشی سڕینەوەی یادەوریی دەکات. ئەمە لەقەرەقۆزێتی نێوان ئاسمان و زەویدا بەرجەستە دەبێت. ئەم بەردەوامییە لەفۆرم، لەچڕێتی پەیوەندیی، لەتاقانەیی، لەبێگومانی، وەها دەکات کە جەمشید چەندێک تووشی گۆڕانکاریی و وەرچەرخان دەبێت، هێندەش بوونەوەرێکی نەگۆڕبێت. ئەمە چیرۆکی زۆربەی زۆری ئەوانەیە کە لەدونیای ئێمەدا لەنێوان حەکایەتە گەورەکاندا بازبازێنیان کردووە. کۆنە شیوعییەکی تازە ئیخوانی، یان پێچەوانەکەی، جیهانگەرێکی بەفەریکە ناسیونالیزم بوو، هەموو یەک جۆر لەدونیابینی تاک کونەواجەیی باڵی بەسەردا کێشاون. لێرەدا گەرچی بەردەوامی هەیە لەفۆرمدا، کە زۆرجار بەنائاگایی و ریتواڵە، بەڵام کەڵەکەبوون و بەرهەمهێنانی مەعریفی دروست نابێت.
پەیوەندی لە گەڵیاندا دەبەستێت، ئەمە کرۆکی چیرۆکی نۆڤلێتەکەیە. پەیوەندی جەمشید لە گەڵ بیر و ڕوداوەکاندا پەیوەندییەکی تایبەتە. ئەو هەمیشە تەسلیم بوە. هەرگیز هیچ ڕامان و پرسیار و بەرگریی تیادانیە، ئەگەر هەشیبێت ئەوا ناگاتە ئەو ئاستەی کە ڕێگریی لە ڕەفتارەکانی بکەن. دەکرێت لە سەرەتا بڵێین کە جەمشید خۆی وەک خۆی، وەک کەسێکی ئۆتۆنۆمۆس بونی نیە. پیاوێک نیە بوەستێت و ئێستێک بکات و ئاوڕ بداتەوە و بپرسێت . ئەو دەکەوێتە بەر لافاو و لێشاوی روداوەکان
ئەمەش مایەی ئەوەیە کەسەرباری زۆری هەوادارانی ئایدۆلۆژیا گەورەکان لەدونیای ئێمەدا، سەرباری گۆڕانیان و هاتن و چوونیان، ئێمە خاوەن کەلتورێکی فیکریی و مەعریفی نین. وەک جەمشید بیرەکان وەها لەکورد دەکات کە سوک بێت و لەدونیا دابڕێت و نەتوانێت پێ بنێتە سەر زەویی. یان بەزمانێکی تر نوقمی ئایدیالیزم بێت، بەختیار هەوڵدەدات پێمان بڵێت کە چیە ئەوەی وەها دەکات، ئەم دۆخە لەئارادابێت، لێرەدایە کە گرنگی رووداو دێتە ئاراوە. جەمشید، کەزیاتر بەرجەستەکەری دۆخی رۆشنبیرە، هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەکاردەبرێت، رۆڵی پێدەسپێردرێت، هەوڵدەردێت بکرێتە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، بۆ گاڵتە و گەپ، بۆ ناساندنی گەلی کورد. ئەم رۆڵانە هۆکاری ئەوەن کە جەمشید نەتوانێت لەو کۆمەڵگایەدا پێیەکانی بخاتەسەر زەوی. ئەمە کاتێک زیاتر بۆمان روون دەبێتەوە کە جەمشید دەچێتە سەرزەمینێکی ترو لەوێ دەتوانێت پێ بخاتە سەر زەوی، دەکرێت جەمشید کەسێک بێت، تووێژێکی کۆمەڵایەتی بێت، تەنانەت سەرجەم کۆمەڵگاش بێت کە لەنێوان بیرو کرداردا دەیەوێت بەردەوام بێت. جەمشید ئەو کەسایەتییە رۆشنبیرەیە کە باوەش بۆ بیرە گەورەکان دەکاتەوە، هەوڵدەدات بەڕۆحی توندڕەوییەوە بەرجەستەیان بکات، بەبێ ئەوەی لەتوانایدا هەبێت بتوانێت، خاڵێ، خەتێ، پیتێ، وشەیە، دێڕێ، لاپەڕەیەکیان بۆ زیاد بکات.
ئەمە قەیرانێکی قووڵی چۆنێتی پەیوەندی ئێمەیە لەگەڵ دونیای فیکرو رووداوەکاندا. ئێمە گەرچی دەبینە هەڵگرو پیادەکەرو موریدی بیرە گەورەکان، بەڵام تەنها هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە دووبارەی بکەینەوە. ئەوەی هەیە بیڵێینەوە، قووڵی و گرنگی خۆمان لەئەوەدا دەبینینەوە کەچەندێک دەتوانین ئەویتری فیکر بهێنینە ناو خۆمانەوەو لەخۆماندا بەرجەستەی بکەین، ببینە هەڵگری، بەبێ ئەوەی خۆمان وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ (ئەجینتێکی ئۆتۆنۆمۆس) بتوانین ئەو فیکرانە بەدونیای خۆمانەوە ببەستین و جارێکی تر بەرهەمیان بهێنینەوەو وەریانبگێڕین بەمانا فراوانەکەی پرۆسەی وەرگێڕان، ئەم بێتواناییە لەسودوەرگرتن لەدونیای بیری ئەوانیتر وەهای کردووە کەئێمە لەپرۆسەیەکی جەمشیدیدا هەمیشە لەپرۆسەی تۆخبوونەوەو سفربوونەوەدابین، بۆ من دیاردەی جەمشید دەرخەری ئەو قەیرانەیە کە ئێمە چۆن مامەڵە لە گەڵ فیکردا دەکەین، بەتایبەتی بێئاگایی ئێمە لەپرسی بنەماکانی مەعریفە.
بیریارانی ئێمە بێتوانان لەتێگەیشتن لەمیتۆدی فیکر. میتۆد هەتا ئەمڕۆ لەزانکۆکانی ئێمەدا بوونی نیە. میتۆد بەئاگابوونە لە ئەوەی کەچۆن بیرێک، دیدێک بەرهەمهاتووە، چۆن داتاکانی بەدەستهاتوە، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، لەچ روانگەیەکەوە. بەئاگابون لەمیتۆد وەها دەکات کەتوانا هەبێت چۆن بیرێک بهێنرێتە ناو واقیعێکی ترەوە، چۆن ئەو بیرە لەپانتایی تردا بەرهەم بێتەوەو دەوڵەمەند بکرێت یان بەر رەخنە بدرێت. کاتێک داروین لەنووسینەوەی کتێبی رەچەڵەکی جۆرەکان دەبێتەوە، پاش چاپ بوونی، دانەیەکی بەدیاری بۆ ئاسا گرەی دەنێرێت. ئەو سەردەمە دەوروبەری جەنگی ناوخۆی ئەمریکییە، پرسی گەورە لەوڵاتدا پرسی کۆیلایەتییە، کتێبەکەی داروین دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوانەی کەدژایەتی کۆیلایەتی دەکەن، بەوەی کەمرۆڤ هەموو وەک یەکن، نەک جودا. ئەمە نموونەیەکە لە پرۆسەی وەرگێڕان یان سودبینین لەبیری تر بۆ پرسی خۆت. نموونەی ئەمە لەدونیای ئێمەدا نییە.