ناڕەزایی، خۆپشاندان: خوێندنەوە

15/12/2021

د. سه‌ردار عه‌زیز



ئێمە لە سەردەمی ناڕەزایی و خۆپێشانداندا دەژین، نەک تەنها لە کوردستان، بەڵکو لە سەرتاپای دونیادا. بە داخەوە سەرباری ئاسانی و هەرزانی ئامرازەکان و دەست گەیشتن بە زانیاری، دونیای کوردی هێشتا بێتوانایە لە پەیوەندیکردن بە دونیاوە، وەک خۆی. جێگای تێڕامانە کە تەکنەلۆجیا کۆمەڵگای کوردی زیاتر داخستوە لە بڕی کرانەوە. داخستن هەمیشە خەسڵەتی یەکەمی ئایدەلۆجیا و ئاینە، کۆمەڵگای کوردی بەشی هەرە زۆری هێشتا لە جوت ڕوباری ئایدەلۆجیا و ئاین تینوێتی دەشکێنێ، نەک زانست و مەعریفە.


کۆمەڵێک نوسەر لە ژێر ناوی [نارەزاییەکانی جیهان] کتێبێکیان نوسیوە کە هەوڵی پۆلینکردن و ناساندنی خۆپێشاندانەکانی دونیایان داوە لە هەموو کیشوەرەکان. بۆ تیورەزەکردنی ئەم دۆخە دەزگای Brill گۆڤارێکی ئەکادیمی تایبەتیان بۆ ناڕەزایی لە ژێر ناونیشانی Protest دا وەشاندوە.


ناڕەزایی بە گشتی چەند بنەمایەکی هەیە: کێ خۆی پێشان دەدات؟ دژ بە چی؟ چۆن؟ بە زمانێکی تر هەموو ناڕەزاییەک ناسنامە و هۆکار و شێوازی تایبەتی هەیە. لە هەمانکاتدا خۆپێشاندان دەکرێت بوترێت دوو مێژوی هەیە: مێژویەکی جیهانی لە گەڵ مێژویەکی لۆکاڵی. هەمیشە لە جێگایەکی دونیادا خۆپێشاندان هەیە، بەڵام کاتێک لە زۆربەی وڵاتانی دونیا لە ساتەوەختێکی دیاریکراودا خۆپێشاندان هەیە ئەوا دەکرێت ناوی بنێین سەردەمی ناڕەزایی، یان خۆپێشاندان. بۆ نمونە شەستەکانی سەدەی بیست سەردەمی ناڕەزایی بوو، دژایەتی شەڕ، نایەکسانی، نادادپەروەریی و زۆر هۆکاری تر. ئەمڕۆ هەمان ئەو هۆکارانە جارێکی تر لە سەرهەڵدانەوەدان.

دونیا ئەمڕۆ لە زۆر ڕوەوە بەرەو وەرچەرخان دەچێت، لە ئاستی ئابوری و کۆمەڵایەتیدا نایەکسانی بە جۆرێکە کە هەندێک بیرمەند بە فیودالیزمی نوێ ناوی دەبەن. توماس پێکتی باش کاری لە سەر ئەم بوارە کردوە.


نارەزایی یان خۆپێشاندان لە کوردستان وەک زۆر ڕوداوی تر، کردەیەکی بێ مەعریفییە. دیارە ناڕەزایی دروشم و خیتاب و وتاری خۆی بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئەمانە ناچنە خانەی مەعریفەوە. بە گشتی، گەر لە مێژوو بنواڕین؛ نە مەعریفە پاڵنەری خۆپێشاندانە و نە دەبێتە بەرهەمهێنانی مەعریفی؛ بۆیە زۆرجار وەک روداوێکی ڕاگوزەر تێدەپەڕن.


ئەمە ڕەنگە یەکەم تراژیدیای نارەزایی دەربڕین بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم تراژیدیایە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە هۆکاری ناڕەزایی لە گەڵ بەڕێوەبەری ناڕەزایی و سودمەندانی ناڕەزایی، خەڵکانێکی زۆر لەیەکتر جیاوازن. بۆ نمونە تەماشای دەرئەنجامی ئەوەی بۆ گاڵتەجاڕی پێی دەڵێن شۆرشی گەلانی ئێران، یان دەرئەنجامەکانی ئەوەی پێی دەڵێن بەهاری عەرەبی. نە لە ئێران و نە لە دونیای عەرەبی کەس بۆ ئەوە ڕانەپەری هەتا ئیسلامی سیاسی ببێت بە پێشەنگ یان خاوەنی بەناو شۆڕش. ئەم دیاردەیە دەمانبات بۆ دوانەی ڕێکخراو و ناڕێکخراو. ئەو هێزانەی ڕێکخراون دەتوانن زیاتر سودمەندبن لە ناڕەزاییەکان، بەڵام ئەو هێزانەی کە ناڕێکخراون و زۆرجار خواستێکی سنورداریان هەیە، ئەوا نە خواستە سنوردارەکەیان مەیسەر دەبێت و نە هەوڵەکانیان دەچێتە خزمەتیانەوە.

ئێمە هەردوو چەمکی ناڕەزایی و خۆپێشاندان وەک هاومانا بەکاردەبەین. بەڵام هەوڵئەدەین کەمێک هەڵوێستەی لە سەر بکەین. ناڕەزایی و خۆپێشاندان، جیاوازە لە شۆڕش و ڕاپەڕین و کودەتا. لە کوردستان لە بەر زاڵبونی ڕۆمانسیەتی شۆڕش بەردەوام هەوڵ دەدرێت خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکان وەک شۆڕش لە قەڵەم بدرێت.

لە دونیای کوردیدا سنورنیە لە نێوان هەڵچون و دەربڕیندا، بۆیە زۆربەی جار دەربڕین دەربڕی دۆخێکی دەرونییە نەک دونیابینییەکی ڕون. دیارە بێگومان، کۆبونەوە، دەربڕینی هەست و سۆز، پشتیوانی یەکترکردن و پێکەوەبون، هەموو دۆخێک دەخولقێنێت کە تاک تیادا خۆی وون دەکات و دەبێت بە بەشێک لە لێشاوەکە. لەم دۆخەدا زۆرجار هێزە کۆنە دامەزراوەکانی ناو کۆمەڵگا کەسانی خۆیان دەنێرنە ناو خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانەوە بۆ گۆڕینی ئاراستەی و بەدەستهێنانی ئامانجی تایبەتی خۆیان.


بەڵام ڕەهەندی دەرونی ناڕەزایی کورتە، هەرچەندە زۆرجار کاریگەرە و بۆ یەکجاری ئاراستەی ناڕەزاییەکان دەگۆڕێت. ناڕەزایی هەندێک جیاوازە لە خۆپێشاندان. ناڕەزایی یانی دەربڕینی ناڕازیبون لە کەسێک، دەزگایەک، ناوەندێک، لە بەر کارێک یان کردارێکی نەشیاو یان خراپ. بەم پێیە ناڕەزایی بە گشتی سیفەتی ڕاستکردنەوەی هەیە. ناڕەزایی دەردەبڕیت بەرامبەر خراپبون یان لادانی ئاراستەی هەمیشەی پرۆسەیەک. بۆ نمونە، ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر گرانی نرخی شمەکێک، مانای دەربڕینی خواست بۆ گێڕانەوەی بۆ نرخەکەی جارانی. یان بەرامبەر دەرکردنی بڕیارێک. بەمجۆرە ناڕەزایی کردارێکی سنوردارە بۆ ڕاستکردنەوە پرۆسەیەک کە لە دیدی ناڕازییانەوە خراپبوە.


ئەم خەسڵەتانەی ناڕەزایی وەها دەکات کە بە گشتی نەبن بە جەماوەریی، مەگەر شمەکەکە گشتی بێت وەک نان، بەنزین، یان لە هەندێک وڵات بیرە.


خۆپێشاندان وەرگێڕانی دیمۆیە. ماناکەی جێگای سەرنجە. خۆپێشاندان یانی پێش ساتەوەختی خۆپێشاندانەکە، کەسەکان بینراونین، بە تایبەتی لە لایەن دەسەڵاتەوە. خۆپێشاندان بریتیە لە بەکاربردنی کات و شوین بە شێوازێکی ستراتیژی و سیمبولی بۆ دەرکەوتن و بینراو لە پێناو گەیاندنی پەیامێک یان خواستێکدا.

لە ڕەهەندێکی ترەوە، ئەگەر ژیانی ڕۆژانە وەها ببینین کە رۆتینە، لە میانەی ڕۆتیندا نادیارییەک بەرهەم دێت، ئەوا خۆپێشاندان، یان تێکدانی ڕۆتین، لە پێناو دروستکردنی ئاگایی و بینراویی.

هەردوو ناڕەزایی و خۆپێشاندان پێویستیان بە دەوڵەت و حکومەتە. بەم پێیە نارەزایی یان خۆپێشاندان ساتەوەختی پچڕانی پەیوەندی ئاسایی و ڕۆتینی نێوان حکومەت و خەڵکە، لە دەرئەنجامی کردارێکی تایبەتی حکومەتدا. لێرەوە پرسی کاریگەری دێتە ئاراوە، هەتا ناڕەزایی وخۆپێشاندان بتوانن زیاتر ڕۆتینی حکومداری تێکبدەن، کاریگەرییان زیاترە.

لە کتێبی کاربۆن دیموکراسیدا تیمۆسی میتشڵ جوان باس لەم پەیوەندییە دەکات. پێش بونی نەوت بە سەرچاوەی سەرەکی وزە، خەڵوز سەرچاوەی سەرەکی وزەبوو. خەڵوز پێویستی بە دەستی کاری زۆر و کاری سەخت بوو، بۆیە کرێکاری کانەکان هەموو نیقابەیان هەبوو، ئەم نیقابانە ڕێکخەرییان بوون و هەر مانگرتنێک یان ناڕەزایی دەربڕینێک ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبوو لە سەر سەرتاپا جومگەکانی حکومەت. نەوت ئەم پرۆسەیەک کۆتایی هێنا. نەوت پێویستی بە دەستی کاری زۆرنیە و زۆرجار لە جێگای دوورەوە بە بڕی زۆر و بە ئاسانی دەهێنرێت، بۆیە بە زۆربونی نەوت، ئاسان بوو بۆ وڵاتانی پشت بەستو بە کانە خەڵوز دەستبەرداری کانەکان ببن و گوێ بە مانگرتنی کرێکاران نەدەن.

لە کوردستان ناڕەزایی دەربڕین و خۆپێشاندان و مانگرتن هەموو لە چەند ساڵی دواییدا بوون بە دیاردە. بەڵام بە دەگمەن ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و حوکمدارییەکەی لێکدراوەتەوە. ئەم جۆرە جیاوازانەی ناڕەزایی، هەرچەندە بە گشتی لە ئابوریدا قەتیس ماون، دەرخەر ڕاستیەکی گەورەترن. دەکرێت خۆپێشاندان و ناڕەزایی و مانگرتنەکان وەها ببینین کە هەموو دەربڕی قەیرانن لە بەش و بواری جیاوازی حوکمڕانیدا. بەڵام نابن بە شۆڕش چونکە نە ڕەهەندە گشتییەکی سیستەمی سیاسی بە هێند وەردەگرن و نە هەڵگری هیچ ئەڵتەرناتیڤێکن وەک فیکر و سیستەم و شێوازی حوکمڕانی. لە کوردستان کۆمەڵێک دید وەک ڕاستی لێهاتوە، هەرچەندە هێندە بەڕێکخراویی دەرنەبڕاوە. بۆ نمونە، ئەگەر شیکاریی زمانەوانی بۆ دەربڕینەکانی خەڵک بکەی ئەوەیە کە سامانی زۆر لە وڵاتدا هەیە، ئەگەر گەندەڵی و بەهەدەردان نەمێنێت یان کەمبکرێتەوە، ئەوا بەشی هەموان دەکات. ئەم دیدە هەندێکی ڕاستە، بەڵام بە گشتی ڕاست نیە. بە دڵنیاییەوە گەندەڵی زۆرە، بەڵام ئەگەر بن بڕیش بکرێت، ئەوا ناتوانێت چارەسەری دۆخی دارایی کوردستان بکات.


لە هەمانکاتدا دیموکراسی هەرێم کاریگەری ناڕەزایی سنوردار دەکات، بە تایبەتی لە سەردەمی لیبرالدا. زۆرێک لە چالاکوانان ساتەوەختی ناڕەزایی وەک ساتەوەختی بە دەستهێنانی سەرمایەی ڕەمزی و سیاسی دەبینن هەتا پاشان لە هەناو پرۆسەی دیموکراسی هەرێمدا سەرمایەگوزاری لە سەر بکەن بۆ تەرجەمەکردنی بۆ دەستکەوتی دارایی و ئابوری. ئەمە بە تایبەتی لە کەلتورێکی دواکەوتوی وەک کەلتوری کوریدا کە هێشتا بڕوای بە قارەمانە بۆ گۆڕینی دۆخەکەی، سۆشیال میدیاش بوارێکی باشی گونجاندوە بۆ دروستبونی خێرای قارەمان.

ئەگەر ناڕەزایی بە دوای ڕازیکردندا بگەڕێت و خۆپێشاندان بە دوای بینین و بیستندا بگەڕێت، ئەوا ئێمە دۆخێکی قەیراناویمان هەیە بەبێ چارەسەری پرسە سەرەکیەکان. سیستەمی ئابوری هەرێم بە بن بەست گەیشتوە. ئەمە پێویستی بە عەقلی ئابورییە لە گەڵ ئازادیدا بۆ چارەسەرکردنی.