08/11/2020
خەڵکی
کوردستان بەگشتی و نوخبەی سیاسی کورد بەتایبەت، دڵخۆشن و
شاگەشکەن بەسەرکەوتن و بوون بە سەرۆکی جۆ
بایدن، پێیانوایە
کە ئەو دۆست و پشتیوانی کوردە و لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئەودا ئەمریکا پشتیوانی کورد
دەکات رەنگە تا ئاستی سەربەخۆیی، چونکە بایدن خاوەنی پڕۆژەی دابەشکردنی عێراقە لە
2008 و پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردایەتی کوردا هەیە و شارەزای
ناوچەکە و سیاسەتی دەرەوەیە.
ئەم جگە لە وەهم
و خەیاڵ و خۆش باوەڕی هیچی تر نییە، چونکە:
یەکەم:
ئەمریکا
تێڕوانینێکی تایبەت و سەربەخۆی بۆ کورد نییە و وەک بەشێک لە عێراق سەیری هەرێمی
کوردستان دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا پشتگیری یەکپارچەیی و سەقامگیری خاکی عێراق
دەکات و دژی تێکچونی سەقامگیری ناوچەکەیە.
لێرەوە،
کورد بەردەوام بەشێک بوە لە ئامراز و میکانیزمەکانی سیاسەتی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست نەک ئامانجی ستراتیژی، بۆیە ئەمریکا وەک کارتی فشار و تاکتیک سەیری کوردی
کردوە و بەکاریهێناوە.
دووەم:
دیموکرات و
کۆمارییەکان کۆک و یەکدەنگن لەسەر ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بریتییە
لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و بەردەوامی دان بە هەژمونی ئەمریکا لەجیهاندا،
ئەوەی کەجیاوازە ئامراز و میکانیزمەکانی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەن، کەدیموکراتەکان
زیاتر لەگەڵ بەکارهێنانی هێزی(نەرم)ى سیاسی و ئابورین وکۆمارییەکانیش لە هێزی
(رەق)ى سەربازی و ئابورین.
سێيەم:
ئەگەر بایدن
وەک سیناتۆر خاوەنی پڕۆژەی دابەشکردنی عێراق بووە، مەرج نییە بایدن-ی سەرۆک هەمان
بۆچونی هەبێت یاخود بتوانێت بیهێنێتەدی، چونکە ئاسانە وەک پەرلەمانتارێک پڕۆژەیەکی
لەو شێوەیە پێشکەش بکەیت، بەڵام وەک سەرۆک قورسە بتوانیت جێبەجێ بکەیت و ئاستەنگی
زۆرەو سەرەتا پێویستی بە رەزامەندی حیزبەکەی خۆی و پاشان ستافەکەی و دواتر هەردوو
ئەنجومەنی سینات و نوێنەران هەیە، ئەمە هەموی بەدەر لەوەی پێویستی بە قایلکردنی
هاوپەیمان و دۆستەکانیان هەیە لە ناوچەکە و جیهان.
لەلایەکی
تریشەوە، ئەو کاتەی بایدن ئەو پڕۆژەی پێشکەشکرد دۆخی عێراق زۆر خراپ بوو بەدەست
شەڕی تائیفییەوە دەیناڵاندن و ئەمریکا بوونی سەربازی هەبو و رۆژانە دەیان
سەربازیان دەکوژرا و ئیستا دۆخەکە تەواو جیاوازە.
چوارەم:
سیاسەتی
دەرەوەی ئەمریکا لەلایەن وەزارەتی دەرەوە دادەڕێژرێت و بە بیرۆکراتێتێکی زۆردا
تێدەپەڕێت و چەندین دامەزراوە و سەنتەری لێکۆڵینەوەو ناوەند..هتد بەشدارن لە
داڕشتنیدا و گۆڕانکاری و ئاڕاستەکردنی رادیکاڵانە تيَيدا ئاسان نییە.
بۆیە،
بەگشتی چاوەڕوان ناکرێت سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کورد بگۆڕێت.
ئەوەی کە دەگۆڕێت
لەئاستی موجامەلە و موراعاتکردندا دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا فشار لە هەردوولا
(هەرێم و بەغدا)بکات، بەتایبەتیش بەغدا بۆ گەیشتن بەرێکەوتن و چارەسەرکردنی
کێشەکانی نێوانیان، ئەویش لەچوارچێوەی پاراستنی سەقامگیری عێراق و
رووبەڕووبوونەوەی هەژمونی ئێران.
لەکۆتایدا:
ئەوەی گرنگە
سەنگ و قورسایی خودی کورد خۆیەتی، کە هەتا لەناوخۆ بەهێز بێت لە دەرەوە بەهێزدەبێت
و رێزی لێدەگیرێت. لەهەموی گرنگتر ئەوەیە ئایا کورد یەکدەنگ و یەک هەڵویستە
بەرامبەر رووداو و کارکتەرەکانی عێراق و ناوچەکە یاخود جیاوازە و وەک ئیستا
بەدابەشبووی و لاوازی دەمێنێەوە؟
ئایا کورد
دەتوانێت سیاسەتی خۆی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بگونجێنێت، یاخود نا؟