پاراستنی هاوسەنگی هێز مەرجی سەقامگیری و دیموکراسییە لە کوردستان

09/07/2019

د.ئاكۆ حەمە كەریم

مەبەست لە هاوسەنگی هێز ئەوەیە کە لایەنەکانی ململانێ لە ڕووی توانا و هێزەوە لە یەکەوە نزیک بن یا خود یەکسان بن. کاتێک هاوسەنگی هێز دروست دەبێت، ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوەیی بەرقەرار دەبێت و هاوبەشی راستەقینە دروست دەبێت، لایەنێک بە تەنها بڕیارنادات، بەمانایەکی تر هیچ لایەک ناتوانێت هەوڵی تەسفییەکردنی لایەنێکیتر بادات. هاوسەنگی هێز پایەکی بەهێزی دیموکراسییە و بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، وڵاتە دیموکرسییەکانی جیهان لە ڕێگای هاوسەنگی هێزەوە گەیشتونەتە ئەم ئاستە لە پێکەوەژیان و سەقامگیری.

 
هاوسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستان تێکچووە و نەخشەی دابەشبوونی هێزەکان لاسەنگە لە بەرژەوەندی پارتیدا، بەو مانایەی کە پارتی ئێستا هێزی یەکەمە، نەک هەر تەنها لە رووی ژمارەی کورسییەوە، بەڵکو بەو پێیەی هەموو جومگە گرنگەکانی دەسەڵاتی کۆنترۆڵ کردووە و مەلەفی نەوت و ئابووری و ئەمنی و سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆ لای پارتییە.


‎هۆکارەکانی لاسەنگی هێز زۆرن،  بێهیوابوونی خەڵک لە پڕۆسەی سیاسی، دەستاودەستنەکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات، قەیرانی دارایی،  تەزویر و پاشان بایکۆتکردنی هەڵبژاردن بەرێژەیەکی فراوان، لە هەموو ئەمانە گرنگتر درووستبوونی حیزبی نوێیە لە سلێمانی وەک نەوەی نوێ و هاوپەیمانی کە لەلایەکەوە دەنگی هێزەکانی تریان کەمکردەوە و لەلایەکی تریشەوە خەڵکیان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ساردکردەوە بە تایبەتیش گوتاری پۆپۆلیستیانەی نەوەی نوێ کە هەموو شتێکی ڕەتدەکردەوە و هەموو هێزەکانی وەک یەک سەیردەکرد.


‎سیاسەتە هەڵەکانی یەکێتی و بێسەروبەری ناوخۆیی ئەو حیزبە، خاڵی گوڕانکاری هاوکێشەی هێزبوون لە کوردستان، چونکە لەلایەکەوە، یەکێتی نەک هەر رێکەوتنی دەباشان و رێکەوتنی سیاسی 17/5/2016 لەگەڵ گۆڕان جێبەجێ نەکرد، بەڵکۆ لە دوای هەڵبژاردن هەڵیکووتایە سەر گردی زەرگەتە و دەستی لە ناوخۆی گۆڕان وەردا بە ئامانجی دروستکردنی کێشە و لاوازکردنی. لەلایەکی تریشەوە، لە سەروبەندی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت یەكێتی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی کرد، کە دەرکەوت نە نیەتی ئەوەی هەیە و نە لە تواناشیدایە جێبەجێی بکات، هەموو ئەمانە گۆڕان و پارتی لە یەک نزیکردەوە و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی سیاسی و حکومەتدا رێککەوتن.


‎سەرەڕای ئەمانە، یەکێتی دەیویست لایەنەکانی تر بەکاربهێنیت لە دژی پارتی و بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر، بۆیە هەوڵی نزیکبوونەوەی لە گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی دەدا و باسی لە دروستکردنی بەرە دەکرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، چونکە دەستی کەشف بوو.


زۆربەی حیزبەکان بە دەست کێشە و ناکۆکی ناوخۆەوە دەناڵێنن، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، بزوتنەوەی ئیسلامی، نەوەی نوێ و یەکگرتوو، هەرکامیان بە ڕێژەی جیاواز و بە هۆکاری جیا جیا کێشەی ناوخۆییان هەیە و ئەمەش ئەگەری دابەشبوونی زیاتر و دروستبوونی حیزبی تازە زۆرتر دەکات، بە تایبەتیش لە سلیمانی، کە لە دەرئەنجامدا  فەوزا دروست دەکات و دۆخی شارەکە و هەرێم ناسەقامگیر دەکات.


 پارتیش بە دوور نییە لەم دۆخە، بەڵام تا مسعود بارزانی لە ژیاندا بێت ناکۆکییەکانی ناو پارتی قوڵ نابێتەوە. بوونی مەسرور بارزانی بە سەرۆکی حکومەت سەرەتای گواستنەوەی دەسەڵاتە لەناو پارتی لە باوکەوە بۆ کوڕ، ئەم ئاڵوگۆڕە بە هێمنی و بە چاودێری مسعود بارزانی بەڕێوە دەچێت، بۆیە لەسەرەتادا کێشە دروست نابێت، بەڵام دوور نیە لە داهاتوودا کێشەی گەورە لەسەر دەسەڵات لەناو پارتیشدا دروست بێت.  


دابەشبوونی زیاتری هێزەکان بە واتای زیاتر تێکچوونی هاوسەنگی هێزە، کە بە پلەی یەکەم خزمەت بە پارتی دەکات و پاشان بە ڕێژەیەکی کەمتر بە یەکێتی (ئەگەر یەکێتی بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، کە هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن ئەم هێزە سەر لەنوێ دابەش ببێتەوە). کێشەکە ئەوەیە هەموو دابەشبوون و ئینشیقاقەکان تەنها سنووری سلێمانی بگرێتەوە کە جارێکی تر پارتی گەورە دەکات و ئەوانی تر بچوکتر دەبنەوە.


تێپەڕاندنی دۆخی ئێستای هەرێم، پێویستی بە هاوسەنگی و سەقامگیری و پێکەوە کارکردنی لایەنە سیاسییەکان هەیە. بەتایبەتیش لەنێوان گۆڕان و پارتی و یەکێتی، کە پێکهێنەری سەرەکی حکومەتن. 


یەکێتی تا کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەر نەکات ناتوانێت رۆڵی ئیجابی ببینێت، چونکە نازانرێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، یاخود متمانەی پێ بکرێت، رۆژێک لەگەڵت رێکدەکەوێت و رۆژێکیتر لە دژت دەوەستێتەوە، هەر بەرپرسێکی یەکێتی لە ئاوازێک دەخوێنێت و بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە دەکات. ئەو هێزانەی هاوپەیمانییان لەگەڵ یەکێتی کردووە، هەست دەکەن بەکارهێنراون و بەدەستی بەتاڵی لێی دەرچوون.    


بزوتنەوەی گۆڕانیش بە هەمان شێوە کاتێک دەتوانێت پارسەنگی هێز بپارێزیت، کە سەرەتا بتوانێت خۆی رێکبخاتەوە و کێشەکانی چارەسەر بکات، پاشان پەیوەندییەکی هاوسەنگ و هاوتەریب لەگەڵ پارتی و یەکیتی دروست بکات، پاراستنی هاوسەنگی هێز لە کوردستان هەم بۆ دیموکراسی لە کوردستان پێویستە و هەم لە بەرژەوەندی گۆڕاندایە و لە درێژمەودادا لە بەرژەوەندی یەکێتیشدایە، هەربۆیە گۆڕان و یەکێتی ئەگەر روانینی ستراتیژییان بۆ داهاتوودا هەبێت دەبێت هەر دوو لایان کاربکەن بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێز لە کوردستاندا کە ئامانجی نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی لە رێککەوتنی دەباشانیش هەر ئەوە بوو پارسەنگی هێز لە کوردستاندا راست بکەنەوە.