14/10/2020
قسەوباسی من سەبارەت بە غەمگینی، بەم چەمكەو بە چەمكاندن و تیۆریزەكردنی لە دونیای خۆماندا، هەرگیز بەو مانایە نایەت كە مرۆڤ نابێت غەمگین بێت، وە مرۆڤ دەتوانێت غەمگین نەبێت، هەرگیز.
مرۆڤ بوونێكە لە ئینفیعالاتەكانیدا، ئەم ئینفیعالانەش یان غەمگینییەو یان شادی. لە بەرانبەر مەرگدا، لە بەرانبەر نەخۆشیدا، لە بەرانبەر لە دەستدانی ئازیزاندا مومكین نییە غەمگین نەبین.
ئەوەی ترسناكەو مایەی مەترسییە:
غەمگینیی هێزی كردەو جولەمان لە قاڵب دەدات و دایدەبەزێنێت، لەمەش ترسناكتر ئەوەیە غەمگینین سەردەكێشێت بۆ چی و كێ سودی لێوەردەگرێت و بە قازانجی خۆی بەرهەمی دێنێتەوە ؟ بەڵێ مەرگ هەیەو لە بەرانبەریدا(نیگەران) دەبین، ئەم حەقیقەتە وجودییە لەو جێگەیە ترسناكە كە هێزێكی ئایینی و غەیرە ئایینیی دێت دەیخاتە ژێرباری بەرهەمهێنانەكانی؛
واعیزێك چ كارێكی بە غەمگینیی ئێمەیە و شەو ڕۆژ دەمان تۆقێنێت، ستەمكارو فاشیستێك دێت و غەمگینمان دەكات، ئەم ستەمكارو فاشیستە چی لە غەمگینیی ژێردەستەكانی دەوێت جگە لەوەی بە ناوی ژیان و مەرگەوە قسە دەكات. ئەوەی تڕسناكەو دەبێت بە پرۆبلیماتیك بكرێت : كێ كاری بە غەمگینی سوژەكان هەیەو سەرقاڵی بەرهەمهێنانەوەی خودسازییەكی غەمگینەو، لەم ڕێگەیەوە چۆن خۆی و سەردەستەیی و زاڵبوونی خۆی دەهێڵێتەوە. هەر لێرەوە دەكرێت باس لە غەمگینیی دەسەلاتی باوك، غەمگینیی دەسەڵاتی مامۆستا، غەمگینیی دەسەڵاتی هاوسەر بكەین.
جەستەی كوردی جەستەی ڕۆژهەڵاتی بە گشتی جەستەی غەمگینن، جەستەی یادەوەری و یادكردنەوەی غەمگینین، بەڵام كێ سود لەم غەمگینییە دەبینێت و چۆنچۆنی بەرهەمی دێنێتەوە ؟
كێ سود لە غەمگینیی كورد و ڕۆژهەڵات (دونیای ئیسلامی) دەبینێت و بەرهەمی دێنێتەوە جگە لە هێزگەلێكی فاشیست و مەرگدۆست و ژیانكوژ ؟
هیچ دەسەڵاتێكی شاد بوونی نییە، دەسەڵاتەكان هەر فۆرمێكیان هەبێت سوژەو ژێردەستەی غەمگینیان دەوێت