قەوارەكە لە كوێدا هەڵوەشاوەتەوە ؟

02/07/2020

ئەبوبەكر حەسەن

بە تەنیا خودی پرسی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم كە بووە بە قسەووباسی ڕۆژانە، بەسە بۆ ئەوەی بزانین پەیوەندی مرۆڤی ئێمەو ئەو حكومڕانییەی كە دەبوایە بەرمەبنای متمانە بێت، تاڵە دەزوویەكیش پێكەوەیان گرێ نادات.


ئەم پرسە كە بە تازەیی لە سەر ئاستی سیاسیی دەردەكەوێت، عەیامێكە لەسەر پەیوەندی ڕۆحی ئینسانی ئێمەو نیشتیمان و خاك و حكومڕانی زۆر فشۆڵە.
پرسەكە پێش ئەوەی سیاسیی و ئۆپۆزسیۆنێك بیكاتە دروشمی توڕەبوونی خۆی، لای (خەڵك) و مرۆڤی ئێمە ساڵانێكە یەكلا كراوەتەوە.


فەرموون با ڕاپرسییەك ئەنجام بدرێت لە گەڵ خەڵك، ئەو كات دەزانین ڕێژەی دژە قەوارە چەندە؟ ئەگەر تەنیا چەند كەسێكی كەمیش ئەم ئارەزوو كەڵكەڵەیان هەبێت، كەمینەو زۆریش كەم بن، واتە كێشەیەكی بونیادی و خەیاڵیی هەیە.


واتە لە سەر ئاستێكی قوڵتر، لە بیركردنی خوێنی ڕژاو بۆ نیشتیمان و چیرۆكە پڕ لە تراژیدیاكان، ئەنفال و هەڵەبجەو شۆڕش و .. دەیانی دیكە لە خەیاڵدانی مرۆڤی ئێمەدا هیچ پەیوەستبوونێكی بە خاك و نیشتیمانەوە نەهێشتۆتەوە.


كەواتە بێباكیی ئەم فۆرمە لە حكومڕانیی لە بەرانبەر درزێكی گەورەی وەها لە نێوان نیشتیمان و چیرۆكەكانی و مرۆڤی ئێمە ترسناكە.


چ جای بێینە لای چەند نەوەیەكی ژێر دەسەڵاتی حكومڕانی خۆماڵیی كە لە دایكبووی ژێر سایەی ئەم فۆرمەی حكومڕانین.


من وەك خۆم، قسەوباسێكی وەها دەبێتە ڕۆژەڤ ترس و لەرزێكی ترسناك دەمگرێت و دەزانم هەڵوەشاندنەوەی قەوارەیەكی سیاسیی و ئیداریی دەكاتە چی و دەزانم خەیاڵم بۆ چ دۆزەخێكی سایەی عەرەب و فارس و تورك دەچێت، بەڵام ئەم ترسەی من ناكاتە ئەوەی حكوم بدەم و خەڵك لە بەرانبەر ئەم كەڵكەڵەیەدا موحاسەبە بكەم و بە پیودانگی مۆراڵیی بپێوم، چونكە لە ئاستێكی قوڵدا دەرگیربوون بەم پێورە مۆراڵییانەوە ساڵانێكە هیچ ناڵێت.


حكومڕانی كوردی خاوەنی سیاسەت و ڕژێمێكی حەقیقی نەبووە، بە ناچاریی ئەمەی لێدەكەوێتەوە. ئەمە بانگێكی تراسە كە قوڵتر لە ئاستە سیاسییەكە، لە ئاستێكی ئۆنتۆلۆژی درزی تێكەوتووەو، زیاتر لە درز بووە بە لە بیرچوە، لە بیركراوێك كە برینەكە لە جێگەیەكی ترە.
ئەگەر قەوارەیەكیش هەبێت، دەبێت بزانین لە ئێستادا موڵكی چ چینێكی سیاسیی و بازرگانە ؟