ریفراندم کارتێکی سوتاوە یان تاپۆی ڕەش؟

24/09/2020

بارام ئيبراهيم

ئەندامێک لەئەندامانی لیژنەی نوسنەوەی دەستوری هەمیشەی عیراق ساڵی ٢٠٠٥ لە کۆڕێکدا ئەوەی ئاشکراکرد، سەرەڕای ئەوەی توانیمان دەستکەوتی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان لەدەستوردا جێگیر بکەین، گومانی ئەوەمان هەبووکە مادە دەستوریەکان وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت ، بۆیە بەدوای گرێنتی زیاتردا دەگەڕاین ، چەندینجار هەوڵماندا لەئەگەری جێبەجێ نەکردنی مادەکانی دەستوردا پاش مدەیەکی زەمەنی هەرێمی کوردستان بەمادەیەکی دەستوری مافی ئەوەی هەبێت ڕاپرسی ئەنجام بدات بەمەبەستی جیابونەوە، ئەوە میکانیزمێکی زۆر گونجاوەو دەقێکی لەم چەشنە لەبەشی دەیەم لە دەستوری ساڵی ١٩٤٧ بۆرمادا چەسپاوە ئەومافەی بۆ هەرێمەکانی ئەو وڵاتە دەستەبەرکردوە، یان ئەومافە بۆ پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان لەدەستوردا بچەسپێنین کەبتوانێت بە بڕیارێکی پەرلەمانی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنیت کە ئەوەش میکانیزمێکی گونجاوپەسەندە و یاساییە، وەک ئەو بڕیارەی کەپەڕلەمانی هیندستان لە ١٩٤٩دای، سەربەخۆی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، بەڵام نەمانتوانی لەبەرچەند هۆکارێک کەگرنگترینیان ئەوەبوو لەدەستورەکەدا بەردەوام جەخت لەیەکپارچەی خاکی عێراق دەکرایەوە وەک لە پێناسەی دەوڵەتی عێراق لەمادەی یەکەم و چەندین جێگایتردا هاتوە، هەروەها نەمانتوانی نوێنەری پێکهاتەکانی تری عێراق بەتایبەت عەرەبەکان بەهەردوومەزهەبەکەیانەوەو بەئیسلامی وعیلمانیەوە ئیقناع بکەین لەسەر خواستەکەمان، ئەمە گومانی لەسەرنهێنیەکانی پشتی ئەنجامدانی ڕاپرسی گشتی تۆخ کردەوەو ئەو پرسیارەی وروژاند کە بۆچی ڕاپرسیان ئەنجامدا لەکاتێکدا دەیانزانی بەوئەنجامەی ئێستا دەگات و زیانی گەورە بەدەستکەوتەکانی ئەم هەرێمەدەگەیەنێت ؟

ڕاستەڕاپرسی مافێکی سیاسی ویاسایەو ئامرازێکی دیموکراتیانەی ئاشتی خوازانەو سەردەمیانەیە ، بۆ گەشتن بەسەربەخۆیی، بەڵام بەشێوەیەکی مەدروس بەتایبەت لەڕووی زەمان وزەمینەوە وەلەڕوی بەجێگەیاندنی ڕێکارە یاسایەکان و دیاریکردنی ئەرک وماف لەپراکتیزەکردنی پرۆسەکەدا ،زیرەکی دکتۆرلە دەست نیشانکردنی نەخۆشی ودیاری کردنی چارەسەری گونجاودایە، بەرپرسیاریەتیەکەشی لەگرتنەبەری رێکاری هەڵەدایە کەئەنجامی دەدات وبەرپرسە لەنەتیجەکەی، بۆ چی دەسەڵاتدارانی هەرێم چاوپۆشیانکرد لەو زانیاریە پێشوەختەی کە هەیانبوو؟

 گریمان ریفراندم چارە سەرێکی گونجاوبوو ئایا هەنگاوەکانی و پێداویستیەکانی لەپراکتیکدا زانستی و مەدروس بوو؟
ئایا مەرجە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی وەک پێوەری ڕاپرسیەکی سەلیم تێدا بەرجەستە ببو ؟
*ئەو مەرجانەی کە پەیوەندی بە نەزیهی خودی پرۆسەکەوە هەیە لەقۆناغەکانی پراکتیزە کردنیدا وەک:-
- قۆناغی پڕوپاگه‌نده‌:

 پروپاگه‌نده‌ هەوڵدانە بۆدروست کردنی ڕای گشتی بۆبەرژەوەندی ئامانجەکەت لەڕێگەی راگه‌یاندن،به‌دوو ئاراسته‌، یه‌كه‌میان به ‌ئاراسته‌ی (بەڵی) دوومیان بەئاراستەی پێچەوانە كه‌ ده‌بێت هه‌لی یه‌كسان بۆهه‌ردوو ئاراسته‌كه‌ بڕه‌خسێت بۆ گه‌یاندنی په‌یامی خۆیان به‌بێ جیاوازی .

ئه‌ویش ئه‌ركی ده‌وڵه‌‌ت و حكومه‌تەو ده‌بێت ئەوهاوسه‌نگی یه ‌ڕابگرێت،وەک ئەوەی لەسکۆتلاند گوزەرا.
قۆناغی ده‌نگدان:
ده‌بێت ئه‌م قۆناغه‌ به‌نهێنی و ئازادانه‌ بێت له‌ كه‌شێكی پڕ له‌ئارامیدا، بۆئەوەی ده‌نگده‌ر هه‌ست بكات به‌وه‌ی هیچ جۆره‌ سانسۆرێكی به‌سه‌ره‌وه‌ نیه‌، ده‌توانێت به‌ئیراده‌ی خۆی ده‌نگ بدات، ئه‌مه‌ش هه‌ستێكی وه‌ها لای ده‌نگده‌ر دروستده‌كات كه‌ده‌نگه‌كه‌ی گرنگی هه‌یه‌وده‌بێت بڕیاری دروست بدات.

-قۆناغی ژماردنی ده‌نگه‌كان:
 ده‌بێت ئه‌م قۆناغه‌ به‌وپه‌ڕی ووردی وده‌ست پاكی یه‌وه‌ بێت، چونكه‌ یه‌كێكه‌ له‌و قۆناغانه‌ی كه‌ به‌ئاسانی ده‌توانێت ئه‌نجامی ڕاپرسی چه‌واشه‌بكات و بیگۆڕێت، ته‌نیا رێگه‌ی زامنكردنی ئه‌م قۆناغه‌ش ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری هه‌مووكیانه‌ به‌شداربووه‌كانی ڕاپرسیه‌كه‌یه ‌له‌گه‌ڵ چاودێرولایه‌نهب په‌یوه‌ندیدار له‌ئه‌نجامدانی ڕاپرسیه‌كه‌دا، وه‌ژماردنی ده‌نگه‌كانی له‌رێگای ئامێری پێشكه‌وتووی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌، كه‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی ئامێره‌كان بێلایه‌ن و بڕواپێكراو بێت.

-قۆناغی چاودێریكردنی پرۆسه‌كه‌:
ئه‌م قۆناغه‌ درێژترین قۆناغه‌و به‌سه‌ر هه‌رسێ قۆناغه‌كه‌ی تردا جێ به‌جێ ده‌كرێت، زامنی پاكی و بێگه‌ردی تێكڕای پرۆسه‌ی ڕاپرسی یه‌كه‌ ده‌كات، كاریگه‌ری ته‌واوی ده‌بێت له‌ بڕوا پێهێنان یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ڕاپرسییه‌كه له‌لایه‌ن كۆمیسۆنی ئه‌نجامدانی ڕاپرسی یه‌كه‌وه‌‌، به‌هۆی ده‌ست نیشانكردن و تۆماركردنی ئه‌و سه‌رپیچیانه‌ی كه‌له‌و سێ قۆناغه‌دا ئەنجام دراون، له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دیموكراتیدا ئه‌م چاودێریكردنه‌ ئه‌ركی وه‌زاره‌‌تی دادی ئه‌و وڵاته‌یه‌، كه‌ ڕاپرسی یه‌كە ئه‌نجام ده‌دات له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و چاودێره‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كاندا.

ئه‌و مه‌رجانه‌ی كه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی ‌پرۆسه‌ی ڕاپرسی زه‌مینه‌ خۆش ده‌كات بۆ سه‌ركه‌وتنی ڕاپرسییه‌كە:
1- كاتی پێویست دیاری بكرێت به‌رله‌ئه‌نجامدانی ڕاپرسی بۆڕوونكردنه‌وه‌ی بابه‌تی ڕاپرسییه‌كه‌وشێوازی ڕاپرسیەکەو ئامانجەکانی بۆ تێكڕای ده‌نگده‌ران. 
2-كارتی ڕاپرسی وبابه‌تی ڕاپرسی ڕوون و ئاسان بێت له‌ڕووی بابه‌ت و زمان ونووسینه‌وه‌.
 3-پێویسته‌ ئازادی ته‌واو فه‌راهه‌م بكرێت بۆ به‌شداربوانی ڕاپرسی یه‌كه‌و‌ بۆ دره‌بڕینی بیروڕای خۆیان له‌سه‌ر ڕاپرسی یه‌كه‌ به‌دوور بێت له‌ هه‌موو جۆره‌ فشارو هه‌ره‌شه‌یه‌ك.
4-پێویسته‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ئه‌نجامدانی ڕاپرسیه‌كه‌ سه‌ربه‌خۆو بێلایه‌ن بن له‌به‌رامبه‌ر گه‌ل له‌كاتی ئه‌نجام دانی پرۆسه‌ی ڕاپرسیه‌كه‌
5-رێگه‌گرتن له‌هه‌موو ده‌ست تێوه‌ردانه‌ دره‌كیه‌كان وە هانی جه‌ماوه‌ری گه‌ل بدرێت له‌بابه‌تی پرۆسه‌ی ڕاپرسییدا، كه‌به‌شداری بكه‌ن
6- ده‌سته‌به‌ركردنی هاوكاری ویارمه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بۆ یارمه‌تی دانی داننان به‌ ئه‌نجامی ڕاپرسیه‌كه‌دا به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ست بوو به‌ مافی چاره‌ی‌ خۆنوسین. 
 7- -سه‌رپه‌رشتی كردن وچاودیری كردنی پرۆسه‌ی ڕاپرسی له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی،كه‌ تایبه‌تمه‌ندن له‌وبواره‌دا، بەشێکی زۆری ئەومەرجانە پێچەوانەکەی وجودی هەبوو.

 ئەنجامدانی ریفراندم و لێکەوتەکانی سەلمێنەری ئەوڕاستیەبوون ئەوەی کە پێویستبوو ببێت وبکرێت نەبوو نەکرا، ئەوەشی کەپێویست بوونەکرێت ونەبێت کراو بوو، بۆیە بەر لەئەنجامدانی کارتێکی سوتاوبوە، ئەوانەش کە مکوڕبون لەسەر ئەنجام دانی بێ ئاگانەبوون لەوەی چی ڕوودەدات، بەڵکو ئەنجامەکانی ڕیفاندۆم ئامانجیان بوە.

لێرەوە دەکرێت بپرسین بەگویرەی سەرجەم  دراوو زانیارییە پێشوەختەکان ئەنجامی  ڕاپرسی دیارو ڕوون بووکە سەرکەوتونابێت، سەرەڕای ئەوەهەموو کۆت وبەندانەی کە بۆدابەشنەبونی عێراق لەدەستوردا دانراوە ، ڕاشکاوی هەلوێستە دژەکانی پێکهاتەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەو ئاگاداری نامەی سەرجەم دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان ودۆستەکانی کورد لەناوەوەو لەدەرەوە،کەڕاپرسی ئەنجام نەدرێت، هەربەڕاست نیەت وحیکمەتی پشت ئەنجامدانی ڕاپرسی چیبوو؟