09/09/2020
یاسا یەكێكە لەگرنگترین پێداویستیە ژیانیەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بۆ ڕێكخستنی ژیان وەك ئامرازێك بۆ زاڵكردن وسەرخستنی هێزی چاكە بەسەر هێزی خراپەدا ، بەمەرجێك ڕێز لەیاساكە بگیرێت و ڕێنمای و داخوزیەكانی پەیڕەو بكرێت ،شان بەشانی پەروەردەی دروستی پڕ لەبەهای باڵا كە ئامرازێكی تری كاریگەرە بۆ ڕێكخستن وئاراستە كردنی كۆمەڵگا، بەڕەجاو كردنی ئەوەی كە پەروەردەش پێویستی بە یاسایەك هەیە بۆ ئاراستەكردن، تا دەرئەنجامی ئەرێنی لێ بكەوێتەوە، یاسا پلەی زەرورەتی وەرگرتوە.
فەیلەسوفی فەرەنسی مونتسكیو لەپەرتوكی (روح الشرائع)دا، گەشتوە بەودەرئەنجامەی كە پێویستە یاساكان جیاوازبن ،بەپێی جیاوازی وڵات و هەرێم وڕەگەزو ئایدۆلۆژیا وبیرو باوەرەكان ،یاسای هیچ وڵاتێك ناگونجێت بۆ وڵاتیكی تر لەسەر ئەو بنەمایەی كە یاسا لەواقیعی حاڵی كۆمەڵگاوە بەرهەم دێت،كۆمەڵگاكانیش جیاوازن لەنەژاد وبیرو باوەڕو داب ونەریتیاندا ،سەرباری جیاوازی لە باری ڕامیاری وئابوری وكۆمەڵایەتیدا ،ئەگەرچی لەڕێگای لیكۆڵینەوەی بەراوردكاریەوە ئەوە سەلماوە كە تا ئەندازەیەك لێكچون لە نێوان یاساكاندا هەیە بەتایبەت لەڕوی شكلیەوە ،ئەمەش بوەتە هۆی سود وەرگرتن و پەنا بۆ یەكتربردن لەدانانی یاساكان و ڕاڤەكردنیان و بەرەو پێش بردنیان، سەرەڕای كۆمەڵێك هۆكار كاریگەری داناوە لەسەر هەلوێستی وڵاتان كەتاڕادەیەكی زۆر سازش لەسەر یاسانیشتیمانیەكانی خۆیان بكەن بۆ یاسا نێو دەوڵەتیەكان، پرۆفیسۆر دكتۆر مستەفازەڵمی لەكتێبی فەلسەفەی یاسادا ئاماژەی بۆ كردوە كەگرنگترینیان بریتین لە:
١-پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای گەیاندن پەیوەندیەكان لە نیوان گەلان و وڵاتانی جیهاندا ،گۆی زەوی وەك گوندێكی بچوك لێكردوە ،ئەمەش وایكردوە هەموو وڵاتانی دنیا دەكەونە ژێر كاریگەری ڕوداوەكان لەهەر كوییەكی گۆی زەوی ڕوبدات،بەتایبەت ئەوپەیوەندیانەی كەلەئەنجامی ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتیە بەكۆمەڵەكان ڕێكخراوە وپابەندی بۆ وڵاتانی بەشداربوی دروستكردوە.
٢-زیاد بونی دۆخەكانی چەسپاندنی یاسای بیانی لەم سەردەمەدا لەبەر زیاد بونی پەیوەندی بازرگانی ئابوری ودامەزراندنی بانكە نێو دەوڵەتیەكان ،پێویستی كردوە لەسەر وڵاتان ئاشنابن بەویاسایانەی كە ئەم پەیوەندیانە ڕێكدەخەن و بەڕیوەی دەبەن.
٣- زیادبونی پەیوەندیەكانی باری كەسێتی نێو دەوڵەتی بەهۆی زەواج، نیشتەجێبون پێویستی كردوە لەسەر گشت وڵاتان زانیاری تەواویان هەبێت لەیاسای وڵاتانی بیانی و هەوڵی چەسپاندنی ئەو مافەبدات بۆ تاكەكانی گەلەكەی لەڕێگای ڕێككەوتن نامەو یاسا نێو دەولەتیەكانەوە یاخود بۆ دانانی یاسایەك كە گونجاو بێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ وڵاتانی بەرامبەردا.
٤- بڵاو بونەوەی گرێبەستە نێودەوڵەتیەكان پیویستی كردوە وڵاتان لە یاسا و دادگاكانی یەكتر شارەزاییان هەبێت وهەوڵیخۆگونجاندنبدەن لەگەڵ ڕەوتی پێشكەوتنەیاسای یە نێو دەوڵەتیەكاندا.
٥- فراوان بونی دادگانیشتمانیەكان لەكێشەی بیانیەكاندا كەلەوڵاتەكانیاندادەژین ،ئاراستەكردنیدادوەریبەرەو وەرگرتنی سیستەمێكی فراوانتر لە ململانێی یاساییەكاندا ،پێویستی كردوە وڵاتان یاساكانی یەكتر بناسن و بۆ جێبەجێ كردنی باشترینیان لە كاتی بونی كێشەو ململانێی یاسای لەگەڵ بیانیەكانی دانیشتویوڵاتەكانیاندا.
ئەمانەوجەندین هۆكاری بابەتی تر وای كردوە كە وڵاتان بە پلەی جیاوازپابەندی ئەو ڕێكەوتننامانە بن كە بەكۆمەڵ لە نیوان وڵاتاندا ئەنجام دەدرێن وەك هەنگاوێكی كاریگەر بۆبە نێودەوڵەتی بونی یاسایی، بە ڕەچاوكردنی پارێزگاری كردن لە دەستوری وڵاتەكانیان وەك یاسای باڵای نیشتمانی كە پاریزەری سیادەو سەروەری دەوڵەتە ، لەنێوان ئەودووزەرورەتە جیاوازەدا، ئەركی ئەندامان وڕاوێژكارانی دەسەڵاتی یاسادانان لەسەرجەم وڵاتاندا زۆر قورستربوە،لەو ئەركەی كەلەڕابردوداهەبوە،لەڕاگرتنی تەوازن لەنێوان پاراستنی دەستورو یاسانیشتمانیەكان و سیادەو سەروەری وڵاتەكەیان لەلایەك، لەلایەكی ترەوە زەرورەتی پابەند بون بە یاسانێو دەوڵەتیەكانەوە، ئەمەش دەكۆرێت لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێك تر بەگوێرەی سیستەمی حوكمڕانی وجۆری دەستورەكەی،وێڕای ئەركی چاودێری كردنی دەسەڵاتی جێبەجێ كردن لە جێبەجێكردنی یاساكان ،ئەم ئەركە بۆ پەڕلەمانی كوردستان زۆر قورسترە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە نە چوارچێوەیەكی دەستوری هەیەو نە سیستەمی حوكمڕانی جێگیر،بۆیە پێویستە ئەوانەی دەبن بەئەندامی پەرلەمان یان وەك ڕاوێژكاری پەرلەمان كاردەكەن،تێگەشتن وزانیاری وهۆشی تەواویان هەبێت دەربارەی یاسادانان وبەراورد كردنی یاساكان لانی كەمی ئەم مەرجانەیان تێدا ڕەچاوبكرێت:
یەكەم/پێویستە هۆشێكییاسای پێگەشتوی هەبێت وتوانای شیكردنەوەو دەستنیشانكردنی ئەو بەندەیاسایانەی هەبێت لەپڕكردنەوەی بۆشاییە یاساییەكانداچ لەبواری یاسا نیشتمانیەكاندا چلەبواری بەراوردكردن ونقڵكردنی یاسای بیانی وتێكەڵ كردنی لەگەڵ یاسا نیشتمانیەكاندا.
دووەم/دەبێت یاسادانەر شارەزای تەواوی هەبێت لەبوارەكانی لۆژیك، فەلسەفە، ئسوڵی فقهو زمان ئەمانە پێداویستی بنەڕەتین لە توانای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی كۆمەڵگاو دانانی یاسای گونجاوی نیشتمانی یان گونجاندنی یاسای بیانی وتێكەڵكردنی لەگەڵ یاسانیشتمانیەكاندا.
سێیەم/پیویستە یاسادانەر ویستی خۆی ملكەچ بكات بۆ عەقڵی لە هەڵسەنگاندنی یاساكان لەگەڵ بارو دۆخی كۆمەڵگاكەی، تابتوانێت گومان لەخودی یاساكە بكاتبۆ ئەوەی لێیورد بێتەوە بەتایبەت لەنقڵی یاسای بیانیدا،بەو مانایەی هەڵسەنگاندن بۆخودی مادە یاساییەكە بكات لەبەرژەوەندی هاووڵاتیاندا بێت نەك لەمشوری مراعاتكردنی ئەو لایەنە یان ئەوسەرچاوەی كە یاساكەی لێوەرگرتوە.
جێگەی خۆیەتی بپرسین تاچەند ئەندامان و ڕاوێژكارەكانی پەرلەمانی ئەم هەرێمەی ئێمە ئەو مەرجانە كەوەك پێوەرێكی زانستی لەلایەن زانایانی بواری تەشریعاتەوە ئیقراری پێكراوە بونی هەیە؟
بۆچی بەشێك لەیاساكان پاش ئەوەی ئەكەونە بواری جێ بەجی كردنەوە كورت دەهێنن و پێویستیان بە هەموار كردنەوە هەیە لەماوەیەكی كەمدا ؟
بەنمونە یاسای سندوقی خانە نشینی پارێزەران ژمارە( ١٨ )ساڵی١٩٩٩، چوار جار هەموار كراوتەوە، یاسایی لێبوردنی گشتی ژمارە (٤)ساڵی٢٠١٧ یاسایەكی پڕ لەكەم وكوڕی بو ناڕەزای زۆری لێكەوتەوە، ئایا هەڵپەی هێنانی یاسای بیانی بەدەستكاریكردنێكی كەمەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بە نمونە یاسای وەبەر هێنانی ئوردنی لەخولی دوەموەلەهەمواریەكەمی دا لەخولی سێیەم، پێشنیارە یاسای ڕەدكراوەی میدیای ئەلیكترۆنیەكانی كۆیتی لەم خولەدا. ئایا چارەسەر كردنی ئەوكەم وكورتیە بەتەنها دەگەڕێتەوە بۆ وشیاری دەنگدەرلەدەست نیشانكردنی نوێنەرانیان لە هەڵبژاردنە كاندا یان گرنگیپێدان وبەمەرجگرتنی پارت ولایەنە سیاسیەكان بۆ پاڵێوراوەكانیان كەبە ناوەندە زانستی و ئەكادیمیەكانتا تێپەرن بەر لە كاندید كردنیان بۆ پەرلەمان؟.