بۆچی نەوشیروان مستەفا ؟

13/09/2020

نەشاد عومەر

دونیای سیاسەت لە مێژووی خۆیدا هەتاکو ئێستا وابووە ، نوخبەی سیاسی یان ئەوانەی حوکم دەکەن و ئەوانەی دەیانەوێت حوکم بکەن دابەشبوونە بۆ دوو بەرەی دژ بەیەک ،بەرەیەک چاکەی گشتی پاڵی پێوە دەنێت بۆ سیاسەت کردن و پێگەکانی چەقیوە لە ناو مێژوویەکی شەفاف و شەرعیەتەکەی پشت ئەستورە بە جەماوەرەکەی ،هەرچی بەرەی دووەمە بەرژەوەندی کەسی و خۆویستن وای لێدەکات سیاسەت بکات ،شەرعیەتەکەشی لە پارەو هێز و ململانێی ناشەریفییەوە سەرچاوە دەگرێت ، ئەم بەرەیە لە پێناو مانەوەی خۆیدا هەموو شتێک دەکاتە قوربانی ، ئەم بەرەیە بەرەیەکی دروشماویشە ،ڕەنگە ئەوەندەی کە سیاسیە خراپەکان باسی چاکەی گشتی دەکەن ، ئەوەندە سیاسی باش باس لەو دروشمانە نەکات ،بە نمونە ئەوەندەی نوخبەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی باس لە دیمکوراسی و سیستەم و شەفافیەت دەکەن مەحاڵە لە هیچ شوێنێکی تری دونیادا ئەوەندە باس لەم چەمکانە بکرێت.
 بەڵام دۆخە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە نوخبەی دەسەڵاتداری کوردی یەکێکە لە خراپترین و ناشەفاف ترین حوکمڕانەکانی سەر زەوی . 
وەنەبێت ئەم دوو بەرەیە تەنها لە ئاستی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا هەبن ، بەڵکو لە دونیای نوێدا ئەم دوو بەرەیە ئەکرێت لە ناو هەمان پارتی سیاسی یان گروپ و بگرە لە ناو هەمان حکومەت و ئیدارەدا هەبن ، واتە لە کوێ سیاسەت و کاری ڕێکخراوەیی هەبێت ئا لەو شوێنەدا دوو بەرەکە چاکەخواز و خراپەکار بوونیان هەیە ، ئەم دوو بەرەیەش بەردەوام وەکو دوو جەمسەر لە هەموو ڕووەکانەوە لێک جیاوازن و هاوشێوە نین و نابن ، گەر لە شوێنێکیشدا بوونە یەک و هاوشێوە بوون ئا لەوێدا بەرەیەکیان لە ناو بەرەکەی تردا تواوەتەوە.
لەمەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەو سیاسیانەی لە مێژوودا پڕن لە ناشرینی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات هەمیشە نەیار یان دوژمنی ئەو سیاسانەی تر بوونە کە دونیابینییەکی تر پاڵیان پێوە دەنێت بۆ سیاسەت کردن ، یان دەکرێت بڵیی لە باشترین دۆخدا ئەم دوو ئاراستە سیاسیە هیچ کاتێک دۆست نەبوونە یان ڕەنگە زۆرجار تا ئەو شوێنە بڕوات کە ململانێکە دەگاتە بەریەک کەوتنی گەورەو خوین ڕشتن ، یان ڕقی شەخسی ، سیاسەت لە هەرێمی کوردستانیش بەردەوام سیاسی باش و خراپەکاری بەرهەم هێناوە.
ڕەنگە نەوشیروان مستەفا یەکێک بێت لەو سیاسیە چاکەخوازانەی کە مێژوووی سیاسی کوردی بە کۆمەڵگای کوردستانی بەخشیوە ، هیچ سیاسەک هێندەی نەوشیروان مستەفا لە ململانێدا نەبووە لە گەڵ کۆی سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ،بەڵگەی ئەم قسەیە ئەوەیە کە نەوشیروان مستەفا هەتاکو رۆژی کۆچی دواییەکەی هیچ کاتێک پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ بەشی هەرە زۆری نوخبەی سیاسی کوردی نەبوو ، ئەگەر ئێمە کۆک بین لەسەر ئەوەی کە دەسەڵات لە هەرێم و کارەکتەرکانی دەسەڵات لە خراپترین و گەندەڵترین سیاسیەکانی دونیان ، ئەوا دەبێت لەوەشدا کۆک بین کە نەوشیروان مستەفا بە قەد چەپەڵی حوکمڕانی کوردی سیاسییەکی چاکەخواز بووە .
ئەو تاکە سیاسی سەردەمەکەی خۆی بوو کە کەمترین کات لە مەجلیسی نوخبەی سیاسی هەرێم دەبنیرا ،لە کاتێکدا ڕۆڵەکەی ئەو لە دروستکردن و خەبات بۆ حوکمڕانییە ناوخۆییەکە بە تەنها لە خەباتی بەشی هەرە زۆری ئەوانی تر کاریگەرتر بووەو تا ئەو شوێنەی کە خۆی دامەزرێنەرو ئەندازیاری ڕاپەڕینی وڵاتەکەیە ، بەڵام ئەمە بە بێ ئەوەی بە لە قۆناغی دواتردا وەکو شانازییەک ئەمە بفرۆشێتەوە.
ڕەنگە سەردەمی چالاکی سیاسی ئەو ڕەشترین و پڕ مەترسیترین سەردەم بێت بۆ نوخبەی حوکمڕانی هەڕیم ، ئەو مەترسیە گەورەیەی کە ئەو خستییە سەر دەسەڵاتی کوردی بە پارتی و یەکێتییەوە ڕاستەقینەترین مەترسی بوو بە درێژایی حوکمڕانی کوردی .
رەنگە یەکەم سیاسی کوردیش بێت کە کۆمەڵێک گرفتی گەورە گەورەی بۆ نوخبەی سیاسی دەسەڵاتداری هەرێم دروست کردووەو کاریگەریشی بۆ ساڵانێکی زۆر دورو درێژ دەمێنێتەوە ، نەوشیروان مستەفا بە کردار بوو ڕابەری بەرەی سیاسی چاکەخواز لە هەرێم و هەر ئەمەش وایکرد ببێتە دەم و چاوێکی هەرە ناشرین بۆ نوخبەی سیاسی حوکمڕانی کوردی ، چونکە ئەو لە کاتێکدا دەیتوانی و دەرگا لە بەردەمیدا واڵا بوو کە ڕابەرایەتی نوخبەی سیاسی دەسەڵاتداری هەریم بکات و نەک ببێتە شەریکیان بگرە دەیتوانی تا ئەو شوێنە بڕوات کە خۆی بەشیان بدات لە دزی و تاڵانی و قۆرخکارییەکان ، بەڵام ئەو ئەمەی نەکرد و لە کاتێکی گونجاودا لەو بەرەیە جیابووەو بە سود وەرگرتن لە کۆمەڵێک سیاسی تر و پشت قایم بە جامەوەر توانی بەرەی نەیاری گەورە دابنێت ، ئەمەش وای کرد کە نوخبەی دەسەڵاتدار و بەرەکەی هەموو ئامرازە جیا جیاکان بەکاربهێنن لە دژی نەوشیروان مستەفا ، هەر لە پلانی وشکردنی سەرچاوەی دارایی پشتگیر و هەوادارەکانییەو تا دەگات سزای جەزائی هەوادارکانی و تۆمەت دروست کردن و هەوڵدان بۆ دادگایی کردنی خودی نەوشیروان مستەفا فەرمانی گرتنی تا دەگاتە چەندین شێوازی جیا جیا.
بەڵام سەرجەمی ئەو هەوڵانە نەک نەبوونە هۆی لاوازکردن یان ناشرینکردنی مێژووەکەی بگرە تا دەهات خۆشەویستی لە ناو جەماوەردا زیادی دەکرد و بە دیوی ئەودیویشدا تا دەهات دەبووە دەم و چاوێکی چارس و نەویستراو لە ناو چینی دەسەڵاتداری خەراپەکاردا ، ڕەنگە تەنها بەڵگە بۆ ئەمە ڕۆژی ماڵئاوایی کردن بێت لە تەرمی نەوشیروان مستەفا کە هەزاران هەزار هاوڵاتی لە چینی خوارەوەی کۆمەڵگا دێن بۆ ماڵئاوایی کردن لێی بێ ئەوەی لەوێدا و لە پێشەوە جێگایەک بۆ نوخبەی سیاسی خراپەکار مابێتەوە .
بەم مانایە بەراورد لە نێوان نەوشیروان مستەفا وبەشی هەرە زۆری نوخبەی ناشرینی سیاسی کوردی دۆخی ئاسایی ئەوەیە کە نوخبەی سیاسی کوردی بە ناوهێنانی بشڵەژێت ، ئاخر نەوشیروان مستەفا گەورەترین نەیار و دوژمنی ئەوم نوخبە حوکمڕانە دزەو سەروەت و مێژوو و بیرو باوەڕ و دەسەڵاتە خراپەکەیان بووە.
 نەوشیروان مستەفا بوو کە هەزاران چاوی داخراوە لەم نوخبە حوکمڕانە کردەوەو ڕووە ناشرینەکەی بە کۆمەڵگا پیشان داوە ، نەوشیروان مستەفا بووە کە سەرجەمی مێژووە دروستکراوە جوانەکەیانی هەڵتەکاندووەو خاڵ بە خاڵی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.